روانینی میدیای رۆژئاوا له‌سه‌ر هێرشی توركیا بۆ سه‌ر رۆژئاوای كوردستان

میدیای ئه‌مریكا پێی وایه‌ توركیا به‌ بیانووی شه‌ڕی دژی داعش چووه‌ ناو سنووری سوریا و له‌گه‌ڵ كورد تووشی شه‌ڕ بووه‌

K24 – هه‌ولێر

میدیای رۆژئاوا گومانی له‌سه‌ر چوونه‌ ناوه‌وه‌ی سوپای توركیا بۆ ناو سنووری سوریا هه‌یه‌ كه‌ ئۆپه‌راسیۆنی به‌ناوی قه‌ڵغانی فورات بۆ ماوه‌ی چه‌ند رۆژێكه‌ به‌رده‌وامه‌ و ئامانجیشی شاری منبجه‌، كه‌ له‌ ژێر كۆنترۆڵی هێزه‌كانی سوریا دیموكرات دایه‌.

رۆژنامه‌ی جمهورییه‌تی توركی، راونینی میدیای رۆژئاوا سه‌باره‌ت به‌ چوونی سوپای وڵاته‌كه‌ی بۆ جه‌رابلوس كۆی كردۆته‌وه‌ كه‌ میدیای ئه‌مریكا پێی وایه‌ توركیا به‌ بیانووی شه‌ڕی دژی داعش چووه‌ ناو سنووری سوریا  كه‌ له‌گه‌ڵ كورد تووشی شه‌ڕ بووه‌ و  ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا به‌ره‌وڕووی ره‌وشێكی سه‌خت كردووه‌.

میدیای ئه‌ڵمانیا پێی وایه‌ توركیا قوربانییه‌كی زۆر ده‌دات و پێشبینی شه‌ڕێكی درێژخایه‌ن ده‌كات.

رۆژنامه‌ی تایمزی به‌ریتانی نووسیوه‌ فه‌رمانده‌یه‌كی گرووپی نوره‌دین زه‌نگی رایگه‌یاند كاتێ كه‌ چووینه‌ ناو جه‌رابلوس، هیچ چه‌كدارێكی داعش له‌وێ نه‌مابوو. گوتیشی دانیشتوویه‌كی شاره‌كه‌ پێمانی گوت، چه‌كدارانی داعش پێنج رۆژ به‌ر له‌ ئێستا رۆیشتنه‌.

هه‌ر ئه‌وكات سه‌رۆكی روانگه‌ی سوری بۆ مافی مرۆڤ رایگه‌یاند ته‌نیا گرووپێكی بچووك له‌ داعش مابوون كه‌ ره‌تیان كردبووه‌ بكشێننه‌وه‌ و پابه‌ندی فه‌رمانی سه‌ركرده‌كانیان نه‌بوون بۆ كشانه‌وه‌ له‌ جه‌رابلوس.

رۆژنامه‌ی وۆل ستریت جۆرناڵ نووسیوه‌  ناكۆكی  نێوان توركیا و سوپای سوریای ئازادی  له‌ لایه‌كه‌وه‌ و هێزه‌ كوردییه‌كان  له‌ لایه‌كی تره‌وه‌ ده‌بێته‌ هۆی روودانی شه‌ڕ، كه‌ مه‌ترسییه‌ بۆ سه‌ر هێزه‌كانی ئه‌مریكا له‌ ناوچه‌ و ئه‌ركه‌كه‌ی بۆ له‌ناو بردنی داعش سه‌ختر ده‌كات.

رۆژنامه‌ی واشنتۆن پۆست سه‌باره‌ت به‌م پرسه‌ نووسیوه‌ مانه‌وه‌ی توركیا له‌ناو سوریا كێشه‌یه‌ك دروست ده‌كات كه‌ هاوپه‌یمانه‌كانی ئه‌مریكا له‌ ناوچه‌ به‌ره‌نگاری یه‌كتر ده‌كاته‌وه‌. له‌ كاتی روودانی شه‌ڕ له‌ نێوان سوپای توركیا و سوپای سوریای ئازاد له‌گه‌ڵ هێزه‌كانی سوریای دیموكرات، ئه‌مریكا له‌ شه‌ڕی دژی داعش به‌ره‌وڕووی زیانێكی گه‌وره‌ ده‌بێت.

رۆژنامه‌ی دیێ ویڵت له‌ ئه‌ڵمانیا نووسیوه‌ به‌‌ چوونی سوپای توركیا بۆ ناوی شه‌ڕی سوریا یان رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست، بۆ ئه‌وروپا پێشبینی نه‌كراو و جێگه‌ی مه‌ترسییه‌. پێشی وایه‌ هه‌ماهه‌نگی ئه‌ردۆغان له‌گه‌ڵ ئه‌مریكا، ناتۆ و روسیا بۆ شكستپێهێنانی كورد و له‌ناوبردنی داعش و به‌هێزكردنی پێگه‌ی توركیایه‌ و ئه‌وه‌شی به‌ ستراتیژی ئه‌ردۆغان به‌ناو ده‌كات كه‌ ته‌نیا له‌ كاتی ته‌نگاودا هه‌وڵی راكردن ده‌دات.