قازانجە داراییەکانی ئەم وەرزەی چامپیۆنز لیگ

لە پاڵاوتن تا یاری کۆتایی بزانە چەند وەردەگرن

لەبەردەم دەستپێکردنی وەرزێکی نوێی خولی یانە پاڵەوانەکانداین و بڕی ١ ملیار و ٣٠٠ ملیۆن یۆرۆ بۆ یانە بەشداربووەکان دانراوە.

ئەم پارەیە چۆن دابەشدەکرێت؟

ماڵپەڕی فەرمی فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئەورووپا راپۆرتێکی وردی لەسەر قازانجە داراییەکانی خولەکانی ئەورووپا کردوە و باس لە دابەشکردنیشی دەکات.

لەسەرەتای راپۆرتەکەدا سایتی یوێفا ئاماژە بەوە دەکات کە ھەموو داھاتەکان کۆدەکرێتەوە و دواتر دابەشدەکرێتەوە، داھاتی ریکلامە بازرگانییەکان بۆ خولی یانە پاڵەوانەکان و یۆرۆپا لیگ و  جامی سووپەری ئەورووپا بۆ ئەم وەرزە نزیکەی ٢ ملیار و ٣٥٠ ملیۆن یۆرۆیە، لەو بڕە پارەیە ١ ملیارو ٧٠٠ ملیۆن یۆرۆی دەچێتە بۆ یانەکانی چامپیۆنس لیگ و ئەوروپا لیگ و براوەی جامی سوپەری ئەوروپا. ئەوەی گرنگی زیاتری پێدراوە داھاتە داراییەکانی چامپیۆنز لیگە کە بەم شێوەیەی خوارەوە دابەشکراوە.

قازانجە داراییەکانی چامپیۆنز لیگ:

پاڵاوتنی یەکەم بۆ چامپیۆنز لیگ ٢٢٠ ھەزار یۆرۆ

پاڵاوتنی دووەمی چامپیۆنز لیگ ٣٢٠ ھەزار یۆرۆ

پاڵاوتنی سێیەمی چامپیۆنز لیگ ٤٢٠ ھەزار یۆرۆ

قۆناغی کۆمەڵەکان ٧٦١ ملیۆن یۆرۆی بۆ دانراوە

سەرکەوتن بۆ قۆناغی کۆمەڵەکان بۆ ھەر یانەیەک ١٢.٧ ملیۆن یۆرۆی پێ دەدرێت.

ھەر بردنەوەیەک لە قۆناغی کۆمەڵەکان ١.٥ ملیۆن یۆرۆی لەگەڵدایە.

ھەر یەکسانبونێک یانەکان ٥٠٠ ھەزار یۆرۆ وەردەگرن.

ھەر یانەیەک دەگاتە قۆناغی ١٦ بڕی ٦ ملیۆن یۆرۆ وەردەگرێت.

ھەریانەیەک دەگاتە قۆناغی چارەکی کۆتایی بڕی ٦,٥ ملیۆن یۆرۆ وەردەگرێت.

گەیشتن بەنیوەی کۆتایی بۆ یانەکان بڕی ٧.٥ ملیۆن یۆرۆی لەگەڵدایە.

یانەی براوەی نازناوەکە لەگەڵ خەڵاتەکەدا بڕی ١٥ ملیۆن یۆرۆ وەردەگرێت و خاوەنی پلەی دووەم ١١ ملیۆن وەردەگرێت.

یانەکان دەکرێت داھاتیان لە بردنەوەی یاریەکان و نازناوەکە بگاتە ٥٧.٢ ملیۆن یۆرۆ، جگە لە بلیتی یاریەکان کە لە یانەیەک بۆ یانەیەک دەگۆڕێت.

بڕی ٥٠٧ ملیۆن یۆرۆش لە پەخشی تەلەفیزیۆنی بەسەر ٣٢ یانە بەشداربووەکەدا دابەش دەکرێت بەپێی ئاستیان.

ئەمانە بڕە پارەی دیاریکراون لە لایەن فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئەورووپاوە کە دەدرێت بە یانەکانی بەشداربووی خولی یانە پاڵەوانەکان، بێگومان جگە لەمە چەندین سەرچاوەی دارایی تری ریکلام و بۆندی بازرگانی ھەیە کە یانەکانی سوودی لێ دەبینن.

سەبارەت بە جامی سووپەری ئەورووپاش ئەو راپۆرتەی ماڵپەڕی یوێفا باسی لەوەکردوە کە یانەی ریاڵ مەدرید خاوەنی نازناوەکە بڕی ٤ ملیۆن یۆرۆ و سێڤییا بڕی ٣ ملیۆن یۆرۆیان وەرگرتوە.