سەرۆک بارزانی پێشوازیی لە شاندێکی هاوبەشی باڵیۆزانی هەشت وڵاتی عەرەبی کرد
سەرۆک بارزانی پێشوازیی لە شاندێکی هاوبەشی باڵیۆزانی هەشت وڵاتی عەرەبی لە شاری بەغدا کرد و دەڵێت، "کەشێکی ئەرێنی لە بارودۆخی سیاسیی عێراق و هەڵوێستەکانیان هاتووەتە ئاراوە".
پێنجشەممە، 4ی تەممووزی 2024، لە شاری بەغدا سەرۆک مەسعود بارزانی، پێشوازیی لە شاندێکی هاوبەشی باڵیۆزانی هەشت وڵاتی عەرەبی کرد کە پێکهاتبوون لە تارق عەبدوڵڵا ئەلفەرەج، باڵیۆزی کوەیت لە عێراق؛ سوڵتان موبارەک ئەلکوبەیسی، باڵیۆزی قەتەر لە عێراق؛ ئەحمەد سەمیر حلمی، باڵیۆزی میسر لە عێراق؛ خالد ئەحمەد ئەلمەنسور، باڵیۆزی بەحرێن لە عێراق؛ شێخ مەحموود ئەلخروسی، باڵیۆزی سەڵتەنەتی عومان لە عێراق؛ زێد ئەبو حسان، هەڵسووڕێنەری باڵیۆزخانەی ئەردەن لە عێراق؛ سەعید ئەلقەحتانی، هەڵسووڕێنەری باڵیۆزخانەی سعودیە لە عێراق و محەمەد ساڵح ئەلتنیجی هەڵسووڕێنەری باڵیۆزخانەی ئیمارات لە عێراق.
بارەگای بارزانی لە ڕاگەیەندراوێکدا ئەوەی خستووەتەڕوو، لەو کۆبوونەوەیەدا سەرۆک بارزانی کورتەیەکی لەبارەی بارودۆخی سیاسیی عێراق و هۆکار و پاڵنەرەکانی سەردانەکەی بۆ بەغدا و دیدار و گفتوگۆ لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان بۆ شاندی میوان خستەڕوو و هێمای بەوەدا کە "کەشێکی ئەرێنی لە بارودۆخی سیاسیی عێراق و هەڵوێستەکانیان هاتووەتە ئاراوە و دەکرێت لەسەر بنەمای ئەو کەشە تازەیە بگەینە دەرئەنجامی باش بۆ چارەکردنی کێشەکان و نەهێشتنی کۆسپ و تەنگژەکان کە ئەوە خۆی لە خۆیدا کاریگەریی لەسەر سەقامگیریی عێراق و ناوچەکە دەبێت".
سەرۆک بارزانی لە درێژەی قسەکانیدا ڕۆشنایی خستەسەر بابەتی بوونی هێزی هاوپەیمانان لە عێراق و ڕایگەیاند "پێویستە ئەم بابەتە لە چوارچێوەی ڕێککەوتن و تەوافوقێکی نیشتمانی و بە ڕەچاوکردنی بەرژەوەندییەکانی عێراق و ناوچەکە بنەمایەکی بۆ دابنرێت".
لە بەشێکی تری کۆبوونەوەکەدا، باڵیۆزانی وڵاتانی عەرەبی هیوای ئەوەیان خواست سەردانی سەرۆک بارزانی بۆ بەغدا ببێتە مایەی خێر و سەقامگیریی بۆ عێراق و هەروەها جەختیشیان لەوە کردەوە کە وڵاتەکانیان پشتیوانیی تەواوی عێراق دەبن بۆ پتەوبوونی ئاسایش و سەقامگیری و خۆشگوزەرانیی هاووڵاتیانی عێراق و چارەبوونی گرفتە سیاسییەکانی عێراق.
سەردانەکەی سەرۆک بارزانی بۆ بەغدا
کاتژمێر 11:20 خولەکی پێشنیوەڕۆی چوارشەممە، 3ـی تەمموزی 2024، سەرۆک مەسعود بارزانی، بە یاوەری شاندێکی باڵای هەرێمی کوردستان گەیشتە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی بەغدا و لەلایەن محەممەد تەمیم و فوئاد حوسێن، جێگرانی سەرۆکوەزیران و ژمارەیەک لە بەرپرسە حکوومی و سیاسیەکانی عێراق پێشوازیی لێ کرا.
لە ڕۆژی یەکەمی سەردانەکەیدا، سەرۆک بارزانی لەگەڵ محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی فیدراڵ و ژمارەیەک لە سەرکردە سیاسییەکانی عێراق کۆ بووەوە. هەمان ڕۆژ سەرۆک بارزانی بەشداریی کرد لە دوو کۆبوونەوەی هاوپەیمانی بەڕێوەبردنی دەوڵەت و چوارچێوەی هەماهەنگی.
ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکانی سەرۆک بارزانی و سەرکردە سیاسییەکانی عێراق
بارودۆخی سیاسیی ناوخۆیی و هەرێمی؛ پرسی بوونی هێزی هاوپەیمانان لە عێراق، بابەتی نەوت، بودجە، شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان و چۆنیەتی هەڵبژاردنی سەرۆکی ئەنجوومەنی پەرلەمان، هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان و چەند پرسێکی دیکە؛ تەوەرە سەرەکییەکانی کۆبوونەوەکانی سەرۆک بارزانی بوون لەگەڵ سەرکردە سیاسییەکانی عێراق.
سەرۆک بارزانی لە کۆبوونەوەکانیدا خۆشحاڵیی خۆی نیشان دا لەبارەی سەردانەکەی بۆ بەغدا و کۆبوونەوەی لەگەڵ لایەنە سیاسیەکانی عێراق و ڕایگەیاند، "ئێستە کرانەوەیەک لە کەشی سیاسیی عێراق هاتووەتە ئارا کە دەکرێت دەرفەتێکی باش بێت بۆ گۆڕینەوەی بیروڕا لەمەڕ ئاستەنگەکان و چارەکردنی کێشەکان".
سەرۆک بارزانی "هێماشی بە مێژووی هاوبەشی لایەنەکان دا لە خەبات لەدژی دیکتاتۆریەت و بنیاتنانی عێراقی نوێ و نووسینەوەی دەستوور و جەختی لەوە کردەوە، دەستوور بنەمایەکی بەهێزە بۆ هەموو لایەک کە بەسەر کێشە و کۆسپەکاندا سەربکەوین".