ئەكرەم شەریف لە دادگا سكاڵا تۆمار دەكات

"بڕیاری لادانی من لە پۆستی سەرۆكی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی تاكە كەسی بوو"
kurdistan24.net

K24 – سلێمانی

ئەكرەم شەریف جێگری پێشووی سەرۆكی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی رایگەیاند، لە دادگا سكاڵام تۆمار كردووە بۆ سەندنەوەی مافە زەوتكراوەكانم، چونكە بە نا یاسایی لە پۆستەكەم لادرام.

لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا ئەكرەم شەریف رایگەیاند: "لە رێگەی پارێزەرەكەم لە دادگا سكاڵام تۆمار كردووە بۆ ئەوەی مافەكانی خۆم بە دەست بێنمەوە، چونكە من دەستم لە كار نەكێشاوەتەوە پۆستەكەی من خرایە دەنگدانەوە و بە نایاسایی لە پۆستەكەم لادراوم، تا وەرگرتنەوەی مافە زەوتكراوەكانم كۆڵ نادەم لە مافەكانی خۆم خۆشنابم".

گوتیشی: كاندیدی فەرمی مەكتەبی سیاسی یەكێتی بۆ پۆستی سەرۆكی ئەنجوومەنی پارێزگا من بووم، گۆڕینی من بۆ جێگری سكرتێری گشتی و مەكتەبی سیاسی یەكێتی موفاجەئە بوو، ناكرێت رێككەوتنە سیاسییەكان بەسەر یاسادا بسەپێنرێن".