ئەمریكا بۆ توركیا و یەپەگە: ئامانجی ئێمە روونە ئەویش شەڕی داعشە

ئەمریكا ھەوڵی چارەسەركردنی ناكۆكی نێوان ھاوپەیمانەكانی دەدات

 

دوای شەڕ و پێكدادانی ھێزەكانی توركیا و شەڕڤانانی یەپەگە لە جەرابلوس و دەوروبەری، ئەمریكا بە خێرایی ھاتە نێوان و لە ھەوڵی ئەوە دایە باوەڕ بە ھەردوو لا بكا كە لە بری شەڕكردنی یەكتر، جەخت لەسەر شەركردنی داعش بكەنەوە.

لەم بارەیەوە ئاشتۆن كارتەر، وەزیری بەرگریی ئەمریكا رایگەیاند " داوا لە ھەردوو لا دەكەین شەڕی یەكتری نەكەن و داعش بكەنە ئامانج". كارتەر ئاماژەی بەوە كرد ھیچ گۆڕانكاریێك بەسەر ستراتیژییەتی ئەمریكا نەھاتووە و توركیا و ھێزەكانی سووریای دیموكرات ھەردووكیان دوو ھاووپەیمانیی گرنگی ئەمریكان و گوتی " ئێمە دەزانین ناكۆكی مێژوویی لەنێوان توركیا یەپەگەدا ھەیە، بەڵام بەرژەوەندییەكانی ئەمریكا زۆر روونن، ئێمە وەك ئەوان دەمانەوێ شەری داعش بكەین".

لای خۆیەوە جێگری راوێژكاری ئاسایشسی نەتەوەیی، بن رۆدس ئاماژەی بەوە كەد، كە بەردەوامی توركیا لە بە ئامانجگرتنی ھێزەكانی سووریای دیموكرات، ھەوڵەكان بۆ پێكھێنانی " بەرەیەكی یەكگرتوو" لە دژی داعش، لەبار دەبات.

بلیز میستال، بەرێوەبەری بەشی ئاسایشی نەتەوەیی لە سەنتەری لێكۆڵینەوەی سیاسی دوو حزبەكە پێیوایە، كە وێدەچی لەگەڵ سیاسەتی ئەمریكا لە پشتتوانی كردن لە یەپەگە ھاوڕا نەبووبێت پێیوایە، ئەمریكا ئێستا بەری ستراتیژییەتی متمانەكردن بە چەكدارە كوردەكان لە تێكشكاندنی داعش دەچنێتەوە، سەرەڕای ئەوەی توركیا بە ئاشكرا دژی ئەو ستراتیژییەتە بوو.

نزیك لەم بۆچوونە و پەیوەست بە ئاییندەی ھاوكێشەكە و ئەگەری سەرپشك بوونی ئەمریكا لە ھەڵبژاردنی یەك لەو دوو ھاوپەیمانەی. برۆس ریدڵ، شارەزای كاروباری رۆژھەڵاتی ناوەڕاست لە پەیمانگەی برۆكینگز و شرۆڤەكاری پێشووی (سی ئای ئەی) دەڵێ " ئەگەر كارەكە بگاتە ھەڵبژاردنی یەك لە بژارەكان. واتە توركیا تووڕە بكەین، یان كوردەكانی سووریا، ئەوا بێگومان دیارە كێ دەیدۆڕێنێت".  

پەیوەست بەم بارودۆخە و لێكەوتەكانی، ژەنەڕاڵ جۆزێف دانفۆرد، سوپاسالاری ئەمریكی پەیوەندی بە ھاوتا توركییەكەی كردووە و ھەفتەی داھاتووش چاوی بە فیكری ئیشق، وەزیری بەرگریی توركیا دەكەوێت. ھەر لەو چوارچێوەیەدا و بە گوێرەی زانیارییەكانی كۆشكی سپی، لە 4ی مانگی ئەیلوولی داھاتوو ئۆباما و ئەردۆغان چاویان بەیەك دەكەوێت.