عەبدولقادر دەخیل: نه‌ینه‌وا له ململانێكان دوور بخرێته‌وه و هه‌مووان په‌نا بۆ یاسا و ده‌ستوور ببه‌ن
پارێزگاری نەینەوا ئاماژه به‌وه ده‌كات، ململانێ سیاسییەکان کاریگەرییان لەسەر دابینکردنی خزمەتگوزارییەکان و ئاوەدانکردنەوەی پارێزگاکە دەبێت؛ ده‌شڵێت، بۆ ئه‌وه‌ی پارێزگاكه له ململانێكان دوور بخرێته‌وه، هه‌مووان په‌نا بۆ یاسا و ده‌ستوور ببه‌ن.
ڕۆژی سێشه‌ممه 9ـی ته‌ممووزی 2024، عەبدولقادر دەخیل، پارێزگاری نه‌ینه‌وا له لێدوانێكدا داوای لە هێزە سیاسییەکان کرد پارێزگاكه لە ململانێ سیاسییه‌كان بپارێزن، چونکە ڕەنگدانەوەی نەرێنی لەسەر کاروباری ژیان و واقیعی خزمەتگوزارییەکەیانی پارێزگاكه دەبێت و ئاسته‌نگ بۆ ڕێڕه‌وی كار و پرۆژه‌كان دروست ده‌كه‌ن.
عەبدولقادر دەخیل ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد، نەینەوا هەوڵ دەدات بچێتە قۆناغی ئاوەدانکردنەوە و بونیاتنانەوە، هەروەها پێویستە هەمووان پارێزگاکە لە ململانێ و ناکۆکییە سیاسییەکان دوور بخەنەوە و پەنا بۆ یاسا و دەستوور ببەن لە چارەسەرکردنی ناکۆکییەکان.
ڕۆژی (2ـی تەمموزی 2024) ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا بەبێ ئامادەبوونی ئەندامانی فراکسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان، سەیدۆ خەیری بە قایمقامی قەزای شنگال، خەلیل هابش بە قایمقامی تەلەعفەر، رەعد ناسر بە قایمقامی تلکێف، عەلی ساڵح مازی بە قایمقامی حەزەر، عەلی محەممەد جدەیەع بە بەڕێوەبەری ناحیەی شۆرە و ئوسامە شاهر بە بەڕێوەبەری ناحیەی گەیارە بە زۆرینەی دەنگ دیاری کرد.
هه‌مان ڕۆژ ئەحمەد شێخ کەنعان کیکی، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: ئەندامانی فراکسیۆنەکەیان ئەندامێتی خۆیان لە ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا هەڵپەساردووە.
ئەحمەد شێخ کەنعان کیکی ئاماژەی بەوەش کرد: بەهۆی ئەوەی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا پابەندی پەیڕەوکردنی ڕێکارە یاساییەکان نەبووە و پێشێلی یاساکانی کردووە لە دانیشتنی ئەمڕۆیدا، بەتایبەتی ناوچەکانی ماددەی 140 کە تایبەتمەندی یاسایی و دەستوورییان هەیە، ئەو بڕیارەیان داوە.
پێشتریش ئەحمەد نازم دووبەردانی، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا لە فراکسیۆنی پارتی بە کوردستان24ـی ڕاگەیاندبوو: بایکۆتی دانیشتنەکەیان کردبوو بەهۆی ئەوەی بەرنامەی کاری دانیشتنەکە نایاسایی بووە و پێچەوانەی ناوەڕۆکی نووسراوێکی ئەمیندارێتی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بوو کە داوای کردووە هیچ گۆڕانکارییەک لە یەکە کارگێڕییەکانی پارێزگاکان نەکرێت.
ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا باسی لەوەش کردبوو: ناکۆکی هەیە لە ڕووی یاساییەوە، ئەنجامدانی گۆڕانکاری لە بەرپرسی یەکە کارگێڕییەکان لە دەسەڵاتی ئەنجوومەنی پارێزگاکانە یان پارێزگار، یاخود دەبێت لە ناوچەکان هەڵبژاردن بۆ بەرپرسی یەکەمی ئەو یەکە کارگێڕییانە بکرێت.
چوارشەممە، 3ـی تەمموزی 2024، نووسینگه‌ی ڕێكخستنی نه‌ینه‌وای پارتی دیموكراتی كوردستان به‌یاننامه‌یه‌كی بڵاو كرده‌وه، له به‌یاننامه‌كه‌یدا سەرجەم ئه‌و بڕیاره تاكڕه‌وانه‌ی له كۆبوونه‌وه‌كه‌ی ئه‌نجوومه‌نی پارێزگای نه‌ینه‌وا دراوبوون ڕه‌ت كرده‌وه و داوای كرد سه‌رجه‌م بڕیاره‌كانی ئه‌و كۆبوونه‌وه‌یه هه‌ڵبوه‌شێته‌وه.
لە بەیاننامەکەدا هاتبوو، ئه‌وه‌ی له ئه‌نجوومه‌نی پارێزگای نه‌ینه‌وا بۆ گۆڕینی زۆربه‌ی به‌رپرسانی یه‌كه ئیدارییه‌كان و لادانی قایمقام و به‌ڕێوه‌به‌ری شارەدێیەکان كرا كه لایه‌نێك ئه‌و كاره‌ی كردووه، هه‌روه‌ها ئه‌و لایه‌نه خۆیان سه‌پاندووه‌ته سه‌ر پارێزگاكه و خه‌ڵكه‌كه‌ی، به‌بێ گه‌ڕانه‌وه بۆ یاسا و ده‌ستوور و به‌بێ له‌به‌رچاوگرتنی شايسته ده‌ستوورييه‌كان و هه‌ڵبژاردن كار ده‌كه‌ن.
ئه‌وه‌ش خرابووه ڕوو، "ئێمه له نووسینگه‌ی ڕێكخستنی نه‌ینه‌وای پارتی دیموكراتی كوردستانه‌وه سه‌رله‌به‌ری ئه‌و ڕێكاره تاكڕەوانانە ڕه‌ت ده‌كه‌ینه‌وه و پێوه پابه‌ند نابین، داواش له ده‌سه‌ڵاتەکانی دادوه‌رى و ياسادانانی فیدراڵی ده‌كه‌ین، ئه‌و پێشێلكارییانه ڕابگرن كه زیان به خه‌ڵك له پارێزگای نه‌ینه‌وا ده‌گه‌یه‌نن و سه‌رجه‌م بڕیاره‌كانی ئه‌و دانیشتنه‌ی ئه‌نجوومه‌نی پارێزگای نه‌ینه‌وا هه‌ڵبوه‌شێته‌وه كه دانیشتنێكی نایاسایی بوو و ئه‌وه‌ی كه كراوه ده‌بێته هۆی ئه‌وه‌ی كه كێشه‌كان زیاتر قووڵ ببنه‌وه.
ڕۆژی 3ـی ته‌ممووزی 2024، فراكسیۆنی نه‌ینه‌وای یه‌كگرتوو (نینوی موحدة) له ڕاگه‌یه‌ندراوێكدا ڕایگه‌یاند، له ژێر ڕۆشنایی ئەو هەلومەرجەی ئێسته لە ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا ڕوو دەدات، مه‌به‌ستیانه بۆ ڕای گشتیی ڕوونی بكه‌نه‌وه، ناکۆکی بەردەوامی ناو ئەنجوومەنەکە بۆ چەند هۆیەکی بنەڕەتی دەگەڕێتەوە کە گرنگترینیان بریتییه له لاوازی بەڕێوەبردنی ئەنجوومەن و ناکارامەیی سەرۆکایەتییه‌كه‌ی لە وەرگرتنی بەرپرسیارێتیەکانیدا.
فراكسیۆنی نه‌ینه‌وای یه‌كگرتوو (نینوی موحدة) سه‌رنجی بۆ ئه‌وه‌ش ڕاكێشابوو، هه‌ڵه‌ی به‌رده‌وام له ڕووی كارگێڕییه‌وه له‌ناو ئه‌نجوومه‌نه‌كه ڕوو ده‌دات به‌بێ ئه‌وه‌ی چاره بكرێت. ڕوونیشی كردبووه‌وه، بەردەوامیی ئەم هەڵانە ڕەنگدانەوەی نەرێنی لەسەر ئەدای ئەنجوومەنەكه و ڕۆڵ و پێگەكه‌ی لە بەردەم هاووڵاتییاندا لاواز كردووه.
ئه‌و فراكسیۆنه جه‌ختی كردبووه‌وه، سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنه‌كه سەلماندی کە ناتوانێت بەرگەی فشارە سیاسییەکان بگرێت، ئەمەش بووە هۆی دووبارەبوونەوەی پێشێلکارییه ئیداری و یاسایییه‌كان لە ئەنجامی ئەم هەڵوێستە لاوازە. بێتوانایی دەستەی سەرۆکایەتیی لە بەڕێوەبردنی ئەنجوومەن بە شێوەیەکی کارا و کاریگەر، پێویستی بەوەیە کە هەموو ڕێککەوتنەكان لەبەرچاو بگیرێن.
هه‌روه‌ها گوتبووی، کاتی ئەوە هاتووە بڕیارێکی بوێرانە و یەکلاکەرەوە بدرێت بۆ ئەوەی دەستەی سەرۆکایەتیی ئەنجوومەن لە ئەرکەکانی لابدات، ئه‌مه‌ش بە لەبەرچاوگرتنی ناشایستەیی سەرکردایەتیی ئەنجوومەنه‌كه له لایه‌ن ده‌سته‌ی ناوبراوه‌وه كه بڕیاره‌كانی هه‌ڵه‌ی تێدایه و له‌گه‌ڵ یاسا و په‌یڕه‌ودا ناكۆكن و له ئه‌نجامیشدا پێگه‌ی ئه‌نجوومه‌نه‌كه‌ی لاواز كردووه.
ئه‌و فراكسیۆنه له كۆتایی ڕاگه‌یه‌ندراوه‌كه‌یدا داوای لە هەموو ئەندامان و هاوکارانی ئەنجوومەن كردبوو پێکەوە به‌رانبه‌ر به ئه‌نجوومه‌نه‌كه بوه‌ستنه‌وه به مه‌به‌ستی دووبارە داڕشتنەوەی په‌یكه‌ری دەستەی سەرۆکایەتی ئەنجوومەن بە شێوەیەک کە بەرژەوەندیی پارێزگاری نەینەوا و گەلەکەی بەدی بهێنێت.
چوارشه‌ممه، 3ـی ته‌ممووزی 2024، ده‌سته‌ی باڵای هه‌ماهه‌نگیی له نێوان پارێزگاكان له ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق نووسراوێكی ئاراسته‌ی ئه‌نجوومه‌نی پارێزگای نه‌ینه‌وا كرد و تێیدا داوای كرد بڕیاره‌كانی تایبه‌ت به گۆڕینی ژماره‌یه‌ك له سه‌رۆكی شاره‌وانی، به‌ڕێوه‌به‌ری یه‌كه ئیدارییه‌كانی شارۆچكه و شاره‌دێكان كه ڕۆژی سێشه‌ممه 2ـی ته‌ممووزی 2024 ده‌رچووه، ڕابگرێت.
ده‌سته‌ی باڵای هه‌ماهه‌نگیی له نێوان پارێزگاكان به پێویستی زانی بۆ یه‌كلاییكردنه‌وه‌ی ئه‌م پرسه چاوه‌ڕێی بۆچوونی ئه‌نجوومه‌نی ده‌وڵه‌ت بكرێت كه گرنگییه‌كی ڕاده‌به‌ده‌ری هه‌یه بۆ ڕێكخستنی پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكی یه‌كه كارگێڕییه‌كان.
هه‌روه‌ها له به‌شێكی دیكه‌ی نووسراوه‌كه‌دا ئاماژه‌ی به‌وه كردبوو، لە هەموو حاڵەتەکاندا دروست نییە مامەڵە لەگەڵ کەسێکدا بکرێت کە لە بنەڕەتدا بۆ بەڕێوەبردنی یەکەی کارگێڕی دانراوه، یان بە پشتبەستن بە یاسا ئەرکی بەڕێوەبردنی کاروباری یەکەی کارگێڕی پێ سپێردراوە، به‌و پێیه‌ی دۆخی یاسایی هەریەکەیان جیاوازە لە ئەوی دیکە، بۆیه ئەو ڕێکار و کۆنتێکستانەی کە پەیڕەو دەکرێن لە له‌كارلادانی یاخود لێبووردنی له پله‌كه‌ی، یان له دانانی جێگره‌وه‌یه‌ك جیاوازن.
له بڕگه‌یه‌كی دیكه‌ی نووسراوه‌كه‌دا باس له‌وه كرابوو، گۆڕینی سەرۆکی یەکە کارگێڕییه‌كان بەبێ چاوەڕوانی بۆچوونی ئەنجوومەنی دەوڵەت، پێویستی بە پەیڕەوکردنی ئەو میکانیزمە هەیە کە لە بڕگەکانی ماددەی 17/ب8ـی یاسای هەموارکراوی ژمارە 21ـی ساڵی 2008ـی پارێزگا ناڕێکخراوەكانی هەرێمدا هاتووە. هه‌روه‌ها ده‌بێت چاوه‌ڕوان بكرێت تا بڕیاری له‌كارلادانیان بۆ ده‌رده‌چێت، ئه‌مه‌یش به ده‌ستپێكردنی لێپرسینه‌وه و پاشان له‌كارلادانیان، دواتریش كۆتاییهاتنی ماوه‌ی یاسایی بۆ تانه و به‌ده‌ستهێنانی پله‌ی كۆتایی و یه‌كلاكه‌ره‌وه پێش ده‌ستپێكردنی پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردنی جێگره‌وه‌كانیان.
هاوكات له به‌شێكی دیكه ئه‌وه خرابووه‌وه، سەرچاوەی پرۆسەی لێپرسینەوە و له‌كارلادان بۆ خاوەنی پۆستەکان بە تاک و لە دانیشتنی دیاریکراودا ده‌بێت و ئه‌و كۆنتێكستانه‌ی كه یاسا سه‌پاندوونی ڕێگە به دره‌كردنی بڕیاری به كۆمه‌ڵ ناده‌ن بۆ له‌كارلادان.
هاوكات له به‌شێكی دیكه ئه‌وه خرابووه ڕوو، سەرچاوەی پرۆسەی لێپرسینەوە و له‌كارلادانی به‌رپرسانی یه‌كه كارگێڕییه‌كان بە تاک و لە دانیشتنی دیاریکراودا ده‌بێت و ئه‌و كۆنتێكستانه‌ی كه یاسا سه‌پاندوونی ڕێگە به دره‌كردنی بڕیاری به كۆمه‌ڵ ناده‌ن بۆ له‌كارلادانیان.
بڕگه‌یه‌كی دیكه‌ی نووسراوه‌كه سه‌رنجی بۆ ئه‌وه ڕاكێشابوو، لە میانی کۆبوونەوەی دووەمی کۆمیسیۆنی باڵای هەماهەنگی نێوان پارێزگاکان لە ماوەی ئەم ساڵدا، سەرۆکی ده‌سته‌ی باڵای هەماهەنگی نێوان پارێزگاکان - سەرۆک وەزیرانی عێراق، ڕێنماییه‌كی سه‌باره‌ت به پرۆسه‌ی هه‌ڵسه‌نگاندنی بابه‌تییانه پێش ده‌ستپێكردنی هه‌ر گۆڕانێك له به‌رپرسانی یه‌كه كارگێڕییه‌كانی پاریزگاكان ده‌كردبوو، تا ئه‌و كاته‌ی لیژنه پیشه‌ییه تایبه‌تمه‌نده‌كان بۆ ئه‌م مه‌به‌سته كاره‌كانیان ده‌ست پێ ده‌كه‌ن.