لە تکریت کوردێک کرایە ئەندامی لێژنەی باڵای ئەمنی

لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی لێژنەی باڵای ئەمنی لە پارێزگای تکریت، کوردێک بەشداری پێکرا و بۆ لەمەودوا لە کۆبوونەوە ئەمنیی و سەربازییەکان کورد بەشداریی دەکات و بۆچوونەکانی دەخاتەڕوو.

کاوە شێخانی کە هاوکات ڕاوێژکاری ئەمنی و سەربازی پاريزگاری تکریتیشە  لەسەر پشکی پارتی دیموکراتی کوردستان، بەکوردستان 24ـی ڕاگەیاند ،کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆ سێشەممە 9ـی تەممووزی 2024، کە تایبەت بوو بە تاوتوێکردنی دۆخی ئەمنی و ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر و هەماهەنگی لەگەڵ دەزگا ئەمنییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان و چەند بابەتێکی تایبەت بە ئاسایشی پارێزگاکە، بەبڕیاری پارێزگاری سەڵاحەدین، بەشدارییان لە کۆبوونەوەکە کردووە.

شێخانی ڕایگەیاند: یەکەمجارە لەکۆبوونەوەی لێژنەی باڵای ئەمنی کوردێک بەشداری پێدەکرێت و دەبێتە ئەندامی ليژنەی باڵای ئەمنی، سەبارەت بەگرنگی بەشداریکردنەکە کاوە شێخانی گوتی: لەمەودوا لەهەر بڕیارو بابەتێکی ئەمنی و سەربازیی، کورد بۆچوونی لەسەر پرسەکان دەبێت و ئاگەداری وردەکاری کۆبوونەوەکان دەبێت، گوتیشی: لەدوای سەردانەکەی سەرۆک بارزانی بۆ بەغدا بۆچوونی هێزو لایەنە سیاسییەکان لەبەرامبەر کورد گۆڕانکاریی بەسەردا هاتووە و بەچاوی ڕێزەوە لە کورد دەڕوانن.

چوارشەممە، 03-07-2024، سەرۆک مەسعود بارزانی بە یاوەری شاندێکی باڵای هەرێمی کوردستان گەیشتە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی بەغدا و لەلایەن محەممەد ئەلتەمیم و فواد حوسێن، جێگرانی سەرۆکوەزیران و ژمارەیەک لە بەرپرسە حکوومی و سیاسیەکانی عێراق پێشوازیی لێ کرا.

ئەو شاندەی یاوەریی سەرۆک بارزانی کرد بۆ بەغدا پێهاتبوون لە: ڕێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، د. ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران، د. عەرەفات کەرەم ستوونی، ڕاوێژکاری سەرۆک بارزانی، ئازاد بەرواری و هێمن هەورامی، ئەندامانی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان، خالیدە خەلیل، گوتەبێژی بارەگای بارزانی و ژمارەیەکی دیکە لە بەرپرسانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان.