ڕووسیا میوانداری فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی "بەدەوری خێزان" دەکات

فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی  "بەدەوری خێزان" - لە یارەسڵاڤل - ڕووسیا
فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی "بەدەوری خێزان" - لە یارەسڵاڤل - ڕووسیا

نۆزدەیەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی سینەمایی خێزان و منداڵان لە پارێزگای یارەسڵاڤلی ڕووسیا بەرێوە دەچێت، لەم فێستیڤاڵەدا 75 فیلم لە 33 وڵات لەگەڵ دەرهێنەران و ئەکتەرانی بیانی بەشدارن و سەرجەم فیلمەکانیش هانی لاوان دەدەن بۆ ئەوەی خێزان پێکبهێنن و وەچە بخەنەوە.

تاتیانا ستالۆپەڤا بەڕێوەبەری فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی  "بەدەوری خێزان" دەڵێ " زۆری ژمارەی فیلمەکان ئاماژەیە بۆ ئەوەی کە بابەتی فێستیڤاڵەکە لە تەواوی دونیادا بایەخێکی زۆری پێدەدەرێت، ئامانجی فێستیڤاڵەکە سەرنج خستنە سەر بابەتە هەمیشەیی و نەریتییەکانە لە کولتووردا، لە بەها جیهانییەکاندا، لە خێزاندا، لە خۆشەویستی نێوان پیاو و ئافرەتدا، لە پەیوەندی و مامەڵە لەگەڵ منداڵاندا، ڕێزگرتنی منداڵ بۆ دایک و باوک، گیانی هاوکاری، پاکی، فیلم هەیە لەسەر هاوڕێیەتی بەشدارە، بەیانیان فیلمەکان زیاتر تایبەتن بە منداڵان و لاوان، بەجۆرێک هاوکار بێت بۆ گەشەدان بە دنیابینییان بەشێوەی دروستتر، دوانیوەڕۆیانیش فیلمەکان زیاتر خێزانی و بۆ پێگەیشتووانە، بەڵما بابەتی خێزانی کرۆکی فیلمەکانە.

ئەو فیلمانەی لە فێستیڤاڵەکەدا پیشاندەدرێن، جەخت لە بەها ڕۆحی و ئەخلاقییەکان دەكەنەوە، ئەمەش هەوڵێکە بۆ ڕێگری لە تێکچوونی شیرازەی خێزان.

لەمبارەوە فیۆدەر دەبڕەنرەڤە ئەکتەری ناوداری ڕووسیا دەڵێ " بە بڕوای من فێسیڤاڵێکی گرنگە و چەند لەم بۆنانە زۆر بێت، ئێمە زیاتر دەکەوینە یادی خێزان و باشترکردنی ڕەهەندەکانی ژیان، بەها خێزانییەکان بۆ تەواوی جیهان گرنگن و نابێت فەرامۆش بکرێن. دایک دەبێت یەک دایک بێت، نەک دوو دانە و سێ دانە. باوک دەبێت باوک بێت. هەروەها بەها خێزانییەکان دەبێت وەک پیرۆزییەک تەماشا بکرێن و گۆڕانکاری نەیژاکێنێت".

سەرەڕای تێکچوونی پەیوەندییەکانی ڕووسیا بە بەشێکی زۆر وڵاتان بەهۆی جەنگی ئۆکرانیاوە، بەڵام سینەماکار و دەرهێنەر و ئەکتەرانی فیلم پەرژینێکی پتەویان لەنێوان هونەر و سیاسەتی دروستکردووە و بێ گوێدانە شەڕ و ململانێ سیاسییەکان بەشێک لە ئەندامانی لیژنەی دادوەری و نوێنەری فیلمەکان، لە ئوسترالیا، نیوزلەندا، ئەوروپا و ئەمەریکاوە هاتوون و بەشداری فێستیڤاڵەکە بوون.

ئەلین بیجان ئەندامی لیژنەی داوەری دەڵێ " دووەمجارە لە ڕووسیا بەشداری چالاکییە هونەرییەکان دەبم، یەکەمجار ساڵی2019 بوو. زۆر حەزم لەم فێستیڤاڵە و بابەتی خێزانە لە فیلمسازیدا، پەیامی پشت فێستیڤاڵەکە زۆر گرنگ و جێی بایەخە، باس لە پێکەوەژیان دەکات، باس لە بەها باڵاکانی خێزان و گرنگی پێدانیان دەکات. ڕێکخەرانی فێستیڤاڵ کارێکی زۆر نایاب دەکەن، ئەم فێستیڤاڵە یەکێک لە هەرە باشترینەکانە".

تێکچوونی شیرازەی خێزان، یەکێکە لەو مەترسییانەی لە کۆمەڵگەی ڕووسیا کەویووەتە بەردەم مەترسی و هەڕەشەی لەبەریەکهەڵوەشانەوە، مەبەستێکی فێستیڤاڵەکەش پەرۆشبوون و خەمخۆری رووسیایە بۆ پاراستنی خێزان و گۆشکردنی نەوەی نوێ بە گیانی نەتەوەیی و خۆشەویستی بۆ نیشتمانی دایک.