كوردستان24 به‌دواداچوون بۆ بێده‌نگی یانه‌ی برایه‌تی ده‌كات
واده‌ی ده‌ستپێكی یارییه‌كانی خولی نایابی تۆپی پێی كوردستان ئاشكرا بووه و هێشتا یانه‌ی برایه‌تی هیچ یه‌كه‌یه‌كی مه‌شقی ئه‌نجام نه‌داوه، له به‌دواداچوونێكی كوردستان24ـیشدا سه‌رۆكی یانه‌ی برایه‌تی هۆكاری بێده‌نگبوونه‌كه‌یان ئاشكرا ده‌كات.
سامی عه‌زیز، سه‌رۆكی یانه‌ی برایه‌تی له لێدوانێكی تایبه‌تدا بۆ كوردستان24 ئاماژه بۆ ئه‌وه ده‌كات كه به‌هۆی چاوه‌ڕوانكردنی فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق سه‌باره‌ت به سه‌رخستیان بۆ ریزه‌كانی خولی نایابی عێراق هێشتا تیپه‌كه‌یان رێك نه‌خستۆته‌وه، ده‌شڵێت: به‌نیازین گۆڕانكاری گه‌وره بكه‌ین.
سه‌رۆكی یانه‌ی برایه‌تی ده‌شڵێت: هه‌وڵه‌كانمان بۆ گواستنه‌وه‌ی دوو یاریزانی پیشه‌گه‌ر ده‌ست پێكردووه و ره‌نگه له سه‌ره‌تای هه‌فته‌ی داهاتوو ده‌ست به مه‌شق و راهێنانه‌كان بكه‌ین.
یانه‌ی برایه‌تی له خولی نایابی تۆپی پێی كوردستانی ئه‌م وه‌رزه كه‌وتۆته كۆمه‌ڵه‌ی یه‌كه‌م و شانبه‌شانی هه‌ریه‌ك له یانه‌كانی (زێره‌ڤانی، دهۆك، هه‌ولێر، گازی باكوور، پێشمه‌رگه‌ی هه‌ولێر و نه‌ورۆز) یاریی ده‌كات، بڕیاریشه یه‌كه‌مین گه‌ڕی وه‌رزی نوێی خولی نایاب له 3 مانگی 11 به‌ڕێوه بچێت.