وەزارەتی پێشمەرگە و هێزەکانی هاوپەیمانان پێداچوونەوە بە بەرنامەی چاکسازیی دەکەن
وەزارەتی پێشمەرگە و هێزەکانی هاوپەیمانان، تاوتوێی هەنگاوەکانی چاکسازیی دەکەن و بۆ لەمەودوا پێشمەرگە بەشداریی کۆبوونەوەکان هێزی هاوپەیمانان دەکات کە پەیوەستن بە چاکسازیی وەزارەتی پێشمەرگە.
یەکشەممە 14ـی تەممووزی 2024، وەزارەتی پێشمەرگە بڵاوی کردەوە، لەسەر داوای هێزەکانی هاوپەیمانان لە هەرێمی کوردستان، بەڕێوەبەری چاکسازیی و تیمێکی یاوەری، بەشدارییان لە کۆبونەوەیەکی فراوانی هێزەکانی هاوپەیمانان لە هەرێمی کوردستان CJTF-OIRو گرووپی سەربازیی ڕاوێژکاری فرەنەتەویی هاوپەیمانان ناسراو بە (MNAG) کرد.
بەپێی ڕاگەیەندراوەکەی وەزارەتی پێشمەرگە، ئامانجی کۆبونەوەکە پێداچوونەوە بوو بە بەرنامەی ریفۆرمی وەزارەتی پێشمەرگە کە بەڕێوەبەرایەتی چاکسازیی لە ڕێگەی تیمەکانیەوە بەڕێوەی دەبات بە پاڵپشتی و ڕاوێژی گرووپی سەربازیی ڕاوێژکاریی فرەنەتەوەیی و ڕاوێژکارانی هێزەکانی هاوپەیمانان.
ڕاشیگەیاندووە، لەم کۆبونەوەیەدا بریاردراوە بەڕێوەبەرایەتی چاکسازیی وەزارەتی پێشمەرگە لە کۆبوونەوەکانی هاوپەیمانان بەشداریی پێبکرێت کە پەیوەستن بە پرسەکانی چاکسازیی پێشمەرگە، هەروەها پێویستە دوایین بەرەوپێشچوونەکانی پرۆسەکە بخرێتە ڕوو بۆ ئەوەی هێزەکانی هاوپەیمانان ڕۆڵیان دیاربێت لەو پرۆژانەی پاڵپشت و ڕاوێژکارین.
ئاماژەی بەوەشکردووە، لە کۆبونەوەکەدا بەڕێوەبەری چاکسازیی وەزارەتی پێشمەرگە سوپاسی پاڵپشتی هێزەکانی هاوپەیمانانی کردووە بەرامبەر هاوکارییان بۆ وەزارەت و سەرخستنی هەنگاوەکانی چاکسازیی و تیمی پرۆژەکانی، هەروەها داوای یارمەتی و ڕاوێژی زیاتری هاوپەیمانانی کرد بۆ ئەوەی ئەو پلانانەی وەزارەت دایڕشتووە بۆ رێکخستنەوە و یەکخستنی هێزەکانی، سەرکەوتووبن.