جۆ بایدن: توندوتیژی لە ئەمەریکا جێگەی نابێتەوە
K24 – هەولێر:
سەرۆکی ئەمەریکا لەبارەی هەوڵی تیرۆرکردنی دۆناڵد ترەمپ دەڵێت، توندوتیژی لە ئەمەریکا جێگەی نابێتە و ئەمە پێچەوانەی هەموو شتێکە کە گەلەکەی نوێنەرایەتی دەکات.
جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمەریکا ئاماژەی بەوەشدا، لێکۆڵینەوەکان لەبارەی هێرشبەرەکە و هاندەرەکانی بۆ ئەنجامدانی ئەو تاوانە بەردەوامە، داواش لە خەڵک دەکات لێکدانەوە بۆ هاندەرەکانی نەکەن.
جۆ بایدن گوتیشی: "هیچ شوێنێک نییە لە ئەمەریکا بۆ ئەو جۆرە توندوتیژییە و هەر توندوتیژییەک لەوبارەیە، هەوڵی تیرۆرکردن پێچەوانەی هەموو شتێکە کە وەک گەلێک نوێنەرایەتی دەکەین، ئەمە گەلی ئێمە نییە و ئەمەریکا نییە، نابێت رێگە بدەین ئەمە رووبدات".
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا بایدن باسی لەوەشکرد: یەکگرتوویی سەختترین ئامانجە بەدەستی بهێنین بەڵام ئێستا هیچ شتێک لەو ئامانجە گرنگتر نییە، گفتوگۆمان دەبێت و ناکۆک دەبین ئەمە ناگۆڕێت، بەڵام ئەو ڕاستییە لەدەستن نادەین کە ئێمە وەک ئەمەریکییەکان کێین".
لەبارەی ئەنجامی لێکۆڵینەوەکانیشەوە بایدن ڕایگەیاند: "تا ئێستا زانیاریمان نییە هاندەری هێرشبەرەکە چی بووە بەڵام دەزانین کێیە، داوا لە هەمووان دەکەم لێکدانەوە بۆ هاندەرەکانی مەکەن یاخود سەر بە چ لایەنێکە".
ئەمەش لە کاتێکدایە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا و کاندیدی کۆمارییەکان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمەریکا داوای لە خەڵکی وڵاتەکەی کرد یەکگرتوو و خۆڕاگربن.
نووسینگەی لێکۆڵینەوەی فیدڕاڵی بڵاویکردەوە، ئەو کەسەی هەوڵیداوە دۆناڵد ترەمپ تیرۆر بکات ناوی تۆماس ماتیو کرووکسە و تەمەنی 20 ساڵە.
بەگوێرەی لێکۆڵینەوەکان، ئەو چەکەی گومانلێکراوەکە بەکاریهێناوە لە جۆری تفەنگی ئەی ئاڕ 15 بووە و مۆڵەتی هەبووە، هەروەها خاوەنی چەکەکەش باوکی گومانلێکراوەکەیە.