وەزارەتی تەندروستی فرۆشتنی پاودەرێکی هیندی بۆ باڵابەرزی قەدەغە دەکات

وەزارەتی تەندروستی
وەزارەتی تەندروستی

K24 – هەولێر:

ماوەیەکە پاودەرێکی هیندی لە سۆشیاڵ میدیا ڕێکلامی زۆری بۆ دەکرێت و دەگوترێت دەبێتە هۆی باڵابەرزی، وەزارەتی تەندروستیش دەڵێت  فرۆشتنی دەرمان بە ئۆنڵاین قەدەغەیە و ئەو جۆرە دەرمانانەش لە هەر سەنتەر و دەرمانخانەیەک ببینین ڕاستەوخۆ شوێنەکەی دادەخەین.

ماوەیەکە کۆمەڵێک پەیج لە سۆشیال میدیا بانگەشە بۆ فرۆشتنی ئەو دەرمانانە دەکەن کە بە گوتەی خۆیان، بەخێرایی لاوازەکان قەڵە و دەکەن و قەڵەوەکان لاواز دەکەن، باڵاش بەرز دەکەن، هەموو ئەمانە بە ئۆنڵاین دەفرۆشرێت و سەرچاوەکانیان نادیارە.

ڕەشید محەممەد کە شارەزای دەرمانی گیایی و چارەسەری سرووشتییە لە ماوەی نۆ ساڵی کارکردنیدا ڕۆژانە هاووڵاتییان داوای ئەو بابەتانەی لێ دەکەن، ئەو بۆ کوردستان24 دەڵێت ئەگەر شتێک هەبووایە بۆ باڵا بەرز بوون خۆم بەکارم دەهێنا.

60% بۆ 80%ـی باڵا لە ڕێگەی DNA دیاری دەکرێت، لە کاتێکدا 20% بۆ %40 پەیوەندی بە ژینگەی چواردەورەوە هەیە. ئەگەرچی فرۆشیارەکان ئەمە دەزانن بەڵام خواستی هاووڵاتییان وای کردووە، هەزاران بەرهەمی جۆراوجۆر پەیدا ببێت بۆ پڕکردنەوەی داواکارییەکان.

کە دواهەمینیان پاودەرێکی هندییە، کە لە زۆربەی وێبسایت و پەیجەکان بەردەستە و بانگەشەی ئەوە دەکات، باڵا بەرز دەکات، وەزارەتی تەندروستی هۆشداری لەوبارەیەوە دەدات چونکە ماددەی شاراوەی تێدایە كە مەترسیی گەورە لەسەر تەندروستیی بەكارهێنەر دروست دەكات.

لەلایەن خۆیەوە، سەرکار سوورچی، گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ کوردستان24 گوتی: لە ماوەی ڕابردوودا لە ڕێگەی بەڕێوەبەرایەتی پشکنین و بەدواداچوونی وەزارەتەکەیان بە هەماهەنگی لەگەڵ لێژنەکانی چاودێری بازاڕ و دەرمان و لێژنەکانی قامقامییەت، چەندین شوێن و سەنتەری پزیشکییان داخستووە یان سزای داراییان داون.

لە ڕووی زانستییەوە بەرزبوونی باڵای مرۆڤ لە کوڕ ئەوپەڕی تا 18 ساڵی لە کچانیش تا 16 ساڵییە، وەرزش تا ڕادەیەک دەتوانێت لە پێش ئەو تەمەنە کاریگەری دروست بکات، بەڵام تاوەکوو ئێستا نەسەلمێنراوە هیچ بەرهەمێکی پزیشکی و سرووشتی توانای بەرزکردنی باڵای هەبێت، بەپێی قسەی پسپۆرانیش ئەوەی دەکرێت بانگەشەی بازرگانییە.