سەرۆک بارزانی بۆ بەرپرسی لقی 22ـی پارتی: ئەنجامدەرانی کردەوە تیرۆریستییەکە باجی ئەو کارەیان دەدەن
K24 – هەولێر:
سەرۆک بارزانی لەڕێی تەلەفۆنەوە پەیوەندی بە بەرپرسی لقی 22ـی گەرمیانی پارتی دیموکراتی کوردستان دەکات و ڕایگەیاند: ئەنجامدەران و ئەوانەی لە پشتەوەی ئەو کردەوە تیرۆریستییەدان بەدڵنیاییەوە باجی ئەو کارە تێکدەرەیان دەدەن.
بارەگای بارزانی بڵاوی کردەوە: ئێوارەی ڕۆژی سێشەممە (16ـی تەمموزی 2024) سەرۆک مەسعود بارزانی لەڕێی تەلەفۆنەوە پەیوەندی بە ئەکرەم ساڵح بەرپرسی لقی 22ی گەرمیانی پارتییەوە کرد.
لەو پەیوەندییەدا سەرۆک بارزانی وێڕای هەواڵپرسی، خۆشحاڵیی خۆی دەربڕی بۆ سەلامەتیی بەرپرسی لقی 22ـی گەرمیانی پارتی و ئیدانەی کردەوە تیرۆریستییەکەی بەردەم ماڵی بەرپرسی لقی 22ـی پارتی کرد و ڕاشیگەیاند ئەنجامدەران و ئەوانەی لە پشتەوەی ئەو کردەوە تیرۆریستییەدان بەدڵنیاییەوە باجی ئەو کارە تێکدەرەیان دەدەن.
ڕۆژی دووشەممە، 15-07-2024، ئۆتۆمبێلی ئەکرەم ساڵح، بەرپرسی لقی 22ـی گەرمیانی پارتی دیموکراتی کوردستان لە بەردەم ماڵەکەی، لە شاری کەلار تەقێندرایەوە.
ئەکرەم ساڵح لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا تەقاندنەوەی ئۆتۆمبێلەکەی بە "کارێکی تیرۆریستی" ناوبرد و گوتی: "ئۆتۆمبێلەکە بە بۆمبی لكێندراو، تەقێنراوەتەوە". ڕاشیگەیاند، خۆی، شۆفێرەکەی و پێشمەرگەیەک کە لەگەڵیان بووە، بەهۆی ئەو "کردە تیرۆریستییەوە" بە سووکیی بریندار بوون و "چەند چرکەیەک زیاتر لەنێو ئۆتۆمبێلەکە ماباینەوە، هەموومان لەنێوی دەسووتاین".
هەروەها ڕۆژی (16ـی تەمموزی 2024) ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە: ماوەیەکە گرووپی تێکدەری پەکەکە بە شێوەیەکی بەرنامە بۆ داڕێژراو هەوڵی تیرۆرکردنی هاووڵاتییانی هەرێم و کادیر و ئەندامانی پارتە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان دەدەن، بە کارە شەڕەنگێزییەکانیان زیان بە سەروماڵی هاووڵاتییانی هەرێم دەگەیەنن.
ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان ئاشکرای کردووە: لە دوایین کردەوەی شەڕەنگێزییان لە ڕۆژی 15ی تەمموزی 2024 بەهۆی بۆمبی لکێندراوەوە ئۆتۆمبێلی بەرپرسێکی باڵای حزبییان لە شاری کەلار کردە ئامانج.