بە بڕیاری سەرۆکوەزیران، ڕێپێدانی دابەش دوو لەسەر زەوییەکانی هەشتی حەسارۆک جێبەجێ دەکرێت

مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان
مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان

بە بڕیاری سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕێپێدانی دابەش دوو لەسەر زەوییەکانی کەرتی هەشتی حەسارۆک جێبەجێ دەکرێت.

ئەمڕۆ چوارشەممە، 17-07-2024، سەرۆکایەتیی شارەوانیی هەولێر لە ڕاگەیەندراوێکدا ئەوەی خستە ڕوو، بە بڕیاری مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان؛ فەرمانی ڕێپێدانی دابەش دوو لەسەر زەوییەکانی کەرتی هەشتی حەسارۆک کەوتە بواری جێبەجێکردنەوە.

بڕیارەکە، وەکو ئەوەی لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، "لە پێناو خزمەتکردنی هاونیشتیمانیانی شارە خۆشەویستەکەمان و بنیاتنانی ئاوەدانی زیاتر و بۆ بەرژەوەندی گشتی و هاوڵاتییانی کەمدەرامەت بەتایبەتی" دەرکراوە.

دەقی ڕاگەیەندراوەکەی سەرۆکایەتیی شارەوانیی هەولێر:

دوای ڕەزامەندی و بڕیاری ڕێزدار (مەسرور بارزانی) سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و راسپاردنی بەڕێزان ( ساسان عەونی) وەزیری شارەوانی و گەشت و گوزار و (ئومێد خۆشناو) پارێزگاری هەولێر  و کۆبوونەوەی ئەنجومەنی شارەوانی هەولێر بە سەرپەرشتی ئەندازیار (کارزان عبدالهادی) سەرۆکی ئەنجومەنی شارەوانی هەولێرو جێگرەکەی وە بە ئامادەبوونی ئەندامانی ئەنجومەن لە دانیشتنی ژمارە (23)ـی ئەنجومەنی شارەوانی هەولێر بە بڕیاری ژمارە (182) لە ڕێکەوتی 15-07-2024، لە پێناو خزمەتکردنی هاونیشتیمانیانی شارە خۆشەویستەکەمان و بنیاتنانی ئاوەدانی زیاتر و بۆ بەرژەوەندی گشتی و هاوڵاتیانی کەمدەرامەت بەتایبەتی فەرمانی ڕێپێدانی دابەش دوو لەسەر زەوییەکانی کەرتی هەشتی حەسارۆک کەوتە بواری جێبەجێکردنەوە پاش  ئەوەی لە دانیشتنی  گفتوگۆ و ڕاوێژی لەسەرکرا لە بارەی چەندین خاڵ و ڕێنماییەکانی ڕێگەپێدان .