شوێنێکی گەشتیاری بەهۆی بوتڵێک سۆسی توون داخرا
کۆمەڵگەی وەرزشی ڕۆزماری، مەلەوانگەیەک خلیسکێنەی تاڤگەیی هەیە لە شاری نیدهام، دوای ئەوەی بوتڵێک سۆسی توون کەوتە ناو مەلەوانگەکەوە، داخرا.
حەوزەکە 220 هەزار گاڵۆن ئاوی تێدایە و هاوسەنگکردنەوەی ماددە کیمیاییەکان و تاقیکردنەوەی بەکتریاکان، بۆ ئەو حەوزە، تێچووەکەی دەگاتە نێوان 15 بۆ 20 هەزار دۆلار.
بەرپرسانی ناوچەکە نیگەرانی خۆیان لەو کێشەیە دەربڕی، بیکا ڕاوش، سیناتۆری ویلایەتی ماساشوستس لە پۆستێکی فەیسبووکدا ڕایگەیاندووە، "هەموو کۆمەڵگاکە گیرۆدەی داخرانی حەوزەکەیە، ئەمەش هەموو لەبەر ئەوەیە کە کەسێک بە ئەنقەست بوتڵێک سۆسی توون لەگەڵ خۆی بۆ ئەو شوێنە هێناوە".
ڕاشیگەیاند، داوا لە هاووڵاتییان دەکەم هیچ بوتڵێک نەهێننە ئەو شوێنە گشتییانەوە، کە بۆ چێژوەرگرتنی بە کۆمەڵە و هەروەها لە پێناو تەندروستی و سەلامەتیی ئەو هاووڵاتییانەی لەوێدان.
بەڕێوەبەرایەتی پارکە گەشتیارییەکەی نیدهیم لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک ڕایگەیاند "ئێستە خەریکی پاککردنەوەی حەوزەکەین".