پارتی: له پێكهێنانی لێژنه‌یه‌ك بۆ گفتوگۆ له‌گه‌ڵ به‌غدا لایه‌نه‌كان بێبه‌ڵێنبوون
K24 - هه‌ولێر:
چونی شانده كوردییه‌كان بۆ به‌غدا نیگه‌رانی خستووه‌ته نێو لایه‌نه سیاسییه‌كان و گۆڕانیش، چوونی شانده‌كان به شاندی حزبی و كه‌سی وه‌سفده‌كات، به‌رپرسێكی باڵای پارتیش ده‌ڵێت، بارزانی لایه‌نه‌كانی راسپارد بۆ پێكهێنانی لێژنه‌یه‌كی هاوبه‌ش تا سه‌ردانی به‌غدا بكه‌ن، به‌ڵام هه‌ندێك لایه‌ن بێ به‌ڵێن بوون.
شاند دوای شاند سه‌ردانی به‌غدا ده‌كه‌ن، هه‌مووشیان ده‌ڵێن، ته‌نیا مه‌له‌فی ریفراندۆم و ماڵكردنمان له به‌غدا خستووه‌ته سه‌ر مێزی گفتوگۆ، به‌ڵام تا ئێستا بۆ ئه‌و دۆسیه گرنگه، شاندێكی پێكهاتوو له نوێنه‌ری سه‌رجه‌م حزبه‌كان نه‌چوونه‌ته به‌غدا.
پارتی به ئاشكرا ده‌ڵێت، كاتێك ئه‌م كۆبوونه‌وه‌یه ئه‌نجامدرا، بارزانی به هه‌مووانی راگه‌یاند لیژنه‌یه‌ك بۆ چاره‌سه‌ری كێشه‌كانی نێوان به‌غدا و هه‌رێم دروست بكه‌ن، ئه‌و به‌رپرسه‌ی پارتیش ده‌ڵێت، هه‌موو لایه‌نه‌كان سه‌ره‌تا ڕازی بوون، به‌ڵام دواتر به‌ڵێنه‌كه‌یان شكاند.
بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان، چوونی شانده كوردییه‌كان بۆ به‌غدا، به شاندی كه‌سی و حزبی وه‌سفده‌كات، پێشیانوایه ئه‌وان ده‌مێكه پێشنیازی ئه‌وه‌یان كردووه، كۆمسیۆنێك، بۆ چاره‌سه‌ركردنی كیشه‌كانی نێوان هه‌رێم و به‌غدا دابمه‌زرێت، به‌ڵام لایه‌نه‌كان پشتگوێ‌یان خستووه.
به‌شێك له سیاسییه‌كان ده‌ڵێن، یه‌ك نه‌بوونی كورد به‌رامبه‌ر به‌غدا, ده‌ردێكی دێرینی كورده، خه‌ریكه ده‌بێته ده‌رده مۆدێرنه‌كه‌ی ئێستا.