فەڵەستینییەکان بە ناوبژیی چین حکوومەتێکی کاتیی نیشتمانیی پێک دەهێنن

ڕێککەوتنی لایەنە فەڵەستینییەکان لە چین
ڕێککەوتنی لایەنە فەڵەستینییەکان لە چین

وانگ یی، وەزیری دەرەوەی چین ئاشکرای کرد، 14 هێز و لایەنی سیاسیی فەڵەستینی ڕێککەوتوون بۆ ئەوەی حکوومەتێکی کاتیی بەناوی بەرژەوەندیی نیشتمانی پێک بهێنن بۆ ئیدارەدانی غەززە لە دوای شەڕ.

ئاژانسی فرانس پرێس بڵاوی کردووەتەوە، موسا ئەبو مەرزووقی، سەرکردە لە بزووتنەوەی حەماس ڕایگەیاندووە، لەو میواندارییەی حکوومەتی چین بۆ لایەنە فەڵەستینییەکانی ڕێکخستبوو، لەگەڵ بزووتنەوەی فەتح و لایەنەکانی دیکەی فەڵەستینی ڕێککەوتوون لەسەر یەکگرتوویی نیشتمانی.

بە گوتەی مەرزووقی، ئەو ڕێککەوتنەی کردوویانە هەنگاوێکە بۆ دەستگرتن بە یەکگرتوویی نیشتمانیی فەڵەستین و ئەوانیش لەم پێناوەدا هەنگاو دەنێن.

شەڕی چەکدارانی حەماس و سوپای ئیسرائیل لە کەرتی غەززە زیاتر لە نۆ مانگە بەردەوامەوە و زیاتر لە 39 هەزار کەس کوژراون کە زۆرینەیان خەڵکی مەدەنین.

لە بارەی ڕێککەوتنی لایەنە فەڵەستییەکانەوە، وانگ یی، وەزیری دەرەوەی چین لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، گرنگترین خاڵی ڕێککەوتنی لایەنە فەڵەستینییەکان لە بێنجین، پێکهێنانی حکوومەتی کاتیی بەرژەوەندیی نیشتمانییە کە لەدوای کۆتایی هاتنی شەڕ ئیدارەدانی کەرتی غەززە بکەن.

گوتیشی: هەرچەندە ڕێککەوتنی لایەنە فەڵەستینییەکانی پەیوەستە بە پرسی ناوخۆیی، بەڵام بەبێ پشتیوانیی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش بەدی نایەت.

وانگ یی، وەزیری دەرەوەی چین جەختی لە سیاسەت و هەڵوێستی وڵاتەکەی کردووەتەوە کە سوورە لە ڕۆڵی بنیاتنەرانە بۆ پارێزگاری لە ئاسایش و ئاشتەوایی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

هەر لەم سۆنگەوە، حکوومەتی چین داوای ئاگربەستێکی بە پەلە و گشتگیری لە کەرتی غەززە کردووە، ڕاشیگەیاندووە، لە نەتەوە یەکگرتووەکان هەوڵەکانی بەردەوام دەبێت بۆ پشتگیریی لە دەسەڵاتی ئۆتۆنۆمی و داننان بە دامەزراندنی دەوڵەتی فەڵەستین.

بزووتنەوەی حەماس، لە دوای سەرکەوتنی لە هەڵبژاردنی 2006 لە کەرتی غەززە، لە 2007 بە شەڕ بزووتنەوەی فەتحی بە سەرۆکایەتیی مەحموود عەباس، سەرۆکی دەسەڵاتی فەڵەستین، لە غەززە دەرکرد و کۆنترۆڵی تەواوی کەرتی غەززەی کرد.