ئەحمەد عەبدڕەبە: فراکسیۆنی نەینەوای داهاتوو دەیانەوێت هەژموونی خۆیان بەسەر نەینەوادا بسەپێنن
K24 - هەولێر:
ئەندامێکی ئەنجوومەنی پارێزگەی نەینەوا لە فراکسیۆنی نەینەوای یەکگرتوو و سهرۆكی فراكسیۆنی پارتی له ئهنجوومهنی پارێزگەکە، لەمیانەی بەشدارییان لە بەرنامەی باسی ڕۆژی کوردستان24 باسیان لە دۆخی ئەنجوومەنی پارێزگەکە کرد و هەردوولا جەختیان لەوە کردەوە، بڕیارەکانی ئەم دواییە ئەنجوومەنەکە تاکڕەویی بوون، هاوکات دژی ڕێککەوتنەکان بوو. گوتیشیان: فراکسیۆنی نەینەوای داهاتوو نایانەوێت پارێزگەکە سەقامگیر بێت.
لە دەستپێکدا ئهحمهد عهبدڕهبه، ئهندامی ئهنجوومهنی پارێزگەی نهینهوا له فراكسیۆنی نهینهوای یهكگرتوو، ڕایگەیاند: دووچاری شۆک بوون کە بینیان فراکسیۆنی نەینەوای داهاتوو ئەو بڕیارانەی داوە، ئەمە بڕیارێکی تەواو هەڵەیە، ئەو هەڵسەکەوتنە گوزارشت لەوە ناکات کە نەینەوا سەقامگیر بێت، بەڵکو ئەو لایەنانە دەیانەوێت هەژموونی خۆیان بەسەر پارێزگەکە بسەپێنن و داگیری بکەن و ڕێگری بکەن لە ئاوەدانکردنەوەی.
ئەو ئەندامە ئەنجوومەنی پارێزگەی نەینەوا دەڵێت: ئەنجوومەنی پارێزگەی نەینەوا دابەش بووە بۆ دوو بەرە، بەرەیەک لەگەڵ فالح فەیازە، بەرەیەکی دیکەیان لەگەڵ ڕەیان کلدانییە.
ئاماژەی بەوەش کرد: ئەنجامی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگەی نەینەوا چاوەڕواننەکراو بووە، چاوەڕێی ئەوە نەبوون کە چوارچێوەی هەماهەنگی بتوانێت 12 کورسی بەدەست بهێنن، چوارچێوەکەش تووشی شۆک بوونە لەو بڕوایەدانەبوون ئەو دەنگە بەدەست بهینن.
جەختی لەوەش کردەوە، بڕیارەکانی ئەنجوومەنی پارێزگەی نەینەوا ئەگەر بەم شێوەیە بەردەوام بێت، کاریگەریی لەسەر پارێزگەی نەینەوا و دەوروبەری نەینەوا دەبێت، بڕیارەکان جۆرێک لە پیلانگێڕییان تێدایە بۆ خودی پارێزگەکە و دەوروبەری، بە تایبەتی بۆ هەرێمی کوردستان، زۆربەی ئەم بڕیارانەی کۆتایی دژی هەرێمی کوردستان بووە بە تایبەتی پارتی.
ناوبراوی لەبارەی پارتی دیموکراتی کوردستانەوە گوتی: "پارتی دیموکراتی کوردستان خاوەنی جەماوەری خۆیەتی، ئەندامی لە سەرجەم پێکهاتە جیاوازەکانی نەینەوا هەیە و خاوەن دەسەڵاتێکی جەماوەرییە، چوارچێوەی هەماهەنگی، ئەگەر دەسەڵاتیان هەبێت نایانەوێت هیچ کەسێکی سەر بە پارتی لە پارێزگەکە بمێنێت."
لەبارەی بڕیارەکانی ئەنجوومەنی پارێزگەی نەینەواوە، ئەو ئهندامەی ئهنجوومهنی پارێزگەی نهینهوا له فراكسیۆنی نهینهوای یهكگرتوو، ئاماژەی بەوە کرد: لە ڕاستیدا دەبێت بڕیارەکانی ئەنجوومەنی پارێزگەکە لە ڕێگەی دادگەی کارگێڕییەوە بێت، سەرۆکی یەکە کارگێرییەکان کە ستەمیان لێ کراوە سکاڵایان بەرز کردووەتەوە بۆ دادگەی کارگێری تاوەکو مافی خۆیان بدەست بهێنن.
لای خۆیەوە ئهحمهد کەنعان كیكی، سهرۆكی فراكسیۆنی پارتی له ئهنجوومهنی پارێزگەی نهینهوا، گوتی: لەناو ئەنجوومەنی پارێزگەی نەینەوا ژمارەیەک بڕیاری تاکڕەوانە دەرکرا، بڕیارەکانی پێشوو هەموو بە ڕێککەوتن کرابوو، بەڵام بڕیاری ئەمجارە تاکڕەویی بوو.
ناوبراو هێمای بۆ ئەوە کرد: ئێستە نەینەوا دابەش بووە بۆ سەر دوو بەرە، بەرەی فالح فەیاز و ڕەیان کلدانی. هەر یەکەیان خۆی بە خاوەنی نەینەوا دادەنێت، سەنتەری مووسڵ و دەوروبەری مووسڵ لەژێر دەستی حەشدی شەعبین، حەشدی شەعبیش لەژێر دەستی هەردووکیانە.
سهرۆكی فراكسیۆنی پارتی له ئهنجوومهنی پارێزگەی نهینهوا، دەڵێت: نەینەوا بووە قوربانی کێشەکانی بەغدا، لە پارێزگەکە هێزی سەربازیی بووەتە خاوەنی بڕیاری شەرعی، ئەو دەسەڵاتەی لە نەینەوا هەیە دەسەڵاتێکی سەربازییە.
سەرنجی بۆ ئەوەش ڕاکێشا، ئەو 16 ئەندامەی کە لەنێو ئەنجوومەنی پارێزگەی نەینەوا یەکیان گرتووە لە بنەڕەتەوە هەموویان بە پاڵشتی حەشدی شەعبییەوە هاتوون، حەشدی شەعبی نەینەوای کۆنترۆڵ کردووە.
لەبارەی پارتی دیموکراتی کوردستانەوە کیکی، گوتی: پارتی حزبێکی خاوەن پێگەیەکی جەماوەریی و بناغەیەکی دروستە و سەرجەم پێکهاتەکانی لەخۆ گرتووە. گوتیشی: فراکسیۆنی نەینەوای داهاتوو باوەڕیان بە یەکسانی و دادپەروەریی نییە.
هاوکات لەبارەی یەکێتییەوە، دەڵێت: یەکێتی دوو کورسی هەیە لە ئەنجوومەنی پارێزگەی نەینەوا، ڕادەستی ڕەیان کلدانی کردووە، چەندین جار ڕەیان کلدانی خۆی ئاماژەی پێ داوە. گوتیشی: بڕیارەکانی ڕەیان کلدانی لە نەینەوا بڕیاری یەکێتیشە.
سەبارەت بە تۆمارکردنی سکاڵا لە دادگەی کارگێڕی، سهرۆكی فراكسیۆنی پارتی له ئهنجوومهنی پارێزگای نهینهوا، ڕوونی کردەوە، سکاڵا تۆمارکردن لە دادگەی کارێگێڕی، کارگێڕییەن چارەی کێشەکان دەکات، بەڵام سیاسییەن نابێتە چارە بۆ کێشەکان.
جەختی لەوەش کردەوە: ئەگەر دۆخەکە بەو شێوەیە بەردەوام بێت دەبێتە مەترسییەکی زۆر گەورە لەسەر نەینەوا، دوێنێ پەکەکە هەندێک داعشیان لە سووریا لەسەر سنووری نەینەوا ئازاد کردووە کە ئەمەش دەبێتە مەترسی بۆ سەر نەینەوا.