بەڕێوەبەرایەتیی حەج و عومرە: هەوڵ دەدەین ناونووسین بۆ حەج بکەینە ئەلیکترۆنی

حاجییان لە کێوی عەرەفە
حاجییان لە کێوی عەرەفە

گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان دەڵێت، هەوڵدەدەن پرۆسەی ناونووسین بۆ حەج، بکەنە ئەلیکترۆنی.

پێنجشەممە، 25-07-2024، کاروان ستوونی، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند "هەوڵەکانمان لەگەڵ فەرمانگەی تەکنۆلۆجیا و زانیاریی بەردەوامن بۆ ئەوەی پرۆسەی ناونووسین حەج، بە شێوەیەکی ئەلیکترۆنی بکرێت؛ جارێ دیار نییە ناونووسینەکە بۆ چەند وەرزی حەج دەکرێت و چاوەڕێی ڕێنماییەکانی عێراقین".

ئەمساڵ زیاتر لە 41 هەزار حاجى بە شێوەیەکی فەرمی و لە ڕێگەی دەستەی باڵای حەج و عومرەی عێراق و بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان، بۆ بەجێ گەیاندنی فەریزەی حەج، چووبوونە سعوودییە.

ستوونی ڕوونیشی کردەوە، "ئەگەر ئامادەکارییەکان بۆ ئەلیکترۆنیکردنی ناونووسینەکە لە وادەی دیاریکراودا تەواو بوون، لەوانەیە لە یەک دوو مانگی داهاتوودا پرۆسەی ناونووسین بۆ وەرزێک یان چەند وەرزێکی حەج لەسەر یەک دەست پێ بکات، بەڵام ئەگەر تەواو نەبوون، هەر بە دەست ناونووسینەکە دەکرێت".

چەند ڕۆژێکە دەستەی باڵای حەج و عومرەی عێراق دەرگای خۆتۆمارکردنی بۆ تیروپشکی هەر سێ وەرزی حەجیی 2025، 2026 و 2027 لە ڕێگەی ماڵپەری ئەلیکترۆنی (www.hajj.gov.iq) کردووەتەوە و بێ بەرامبەرە.

پشکى جێگیرى ساڵانەى عێراق بۆ حەج 33 هەزار کەسە، بەڵام ساڵانە سعوودییە ژمارەکە زیاد دەکات. دەستەی باڵای حەج و عومرە دەڵێت، پشکی پارێزگاکان بە گوێرەی ژمارەی خەمڵێندراوی دانیشتووان دەبێت کە لە لەلایەن وەزارەتی پلاندانانی عێراقەوە پەسەند کراوە.

بە گوێرەی ئەو مەرجانەی دەستەکە بڵاوی کردوونەتەوە، پێویستە تەمەنی داواکار لە 18 ساڵ کەمتر نەبێت و  لەسەر بنەمای شوێنی نیشتەجێبوونی (پارێزگا) کە لە کارتی نیشتەجێبووندا هاتووە، داواکاریی پێشکەش بکات نەک لەسەر پشکی پارێزگایەکی دیکە.

دەستەی باڵای حەج و عومرەی عێراق دەڵێت، ئەو کەسەی پێشتر بەهەر ڕێگەیەک فەریزەی حەجی بەجێ گەیاندووە یان لە ساڵانی پێشوودا تیروپشکی بردبێتەوە و دەستبەرداری کورسیەکەی بوو بێت، ناتوانێت ئەمساڵ جارێکی دیکە داواکاریی پێشکەش بکات.

دواکار تەنها یەکجار دەتوانێت لە ماڵپەری (www.hajj.gov.iq) خۆی تۆمار بکات، دەستەی باڵای حەج و عومرە ڕوونی کردووەتەوە، ناوی هەر کەسێک لە تیروپشکەکە دەرچوو، پێویستە لە ماوەی 20 ڕۆژ دوای ڕاگەیاندنی ناوەکان، سەردانی نووسینگەکانی حەج بکات، ئەگەر نا، ناوەکەی دەسڕێتەوە.

بە گوێرەی ڕێنماییەکانی دەستەی باڵای حەج و عومرەی عێراق، بۆ تیروپشکەکە، خاڵێکی زیادە بەو هاووڵاتییانە دەدرێت کە پێشتر داواکارییان پێشکەش کردووە، بەڵام ناویان لە ساڵانی ڕابردوودا دەرنەچووە.