ئەمەریکا: هانی خێرا جێبەجێکردنی ڕێککەوتننامەی شنگال دەدەین
باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە عێراق لە بیرەوەری 10 ساڵەی جینۆسایدکردنی ئیزدییەکان ئاماژە بەوە دەکات، هانی خێرا جێبەجێکردنی یاسای ڕزگاربووانی ئێزیدی و ڕێککەوتنامەی 2020ی شنگال دەدەن بە ڕاوێژ لەگەڵ ئەو پێکهاتانەی شنگال بە ماڵ و زێدی خۆیان ناودەبەن.
شەممە 3ـی ئابی 2024، نووسینگەی گوتەبێژی باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە عێراق لە بیرەوەری 10 ساڵەی جینۆسایدکردنی ئێزدییەکان لە پەیامێکدا دەڵێت: ئەمڕۆ نێردەی دیپلۆماسیی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە عێراق ساڵیادی دەستپێکردنی ئەو کۆمەڵکوژییەدا دەکات کە داعش دژی ئێزیدی و کریستیان و موسڵمانانی شیعە ئەنجامیدا.
ئەو باڵیۆزخانەیە دەڵێت: داعش تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی و پاکتاوی ڕەگەزی لە دژی ئەم گرووپانە و لە هەندێک حاڵەتیشدا دژی موسڵمانانی سوننە و کورد و ئەو کۆمەڵگانەی کە بارودۆخیان هەستیاربوون ئەنجامدان، گوتیشی: قوربانییەکان لە بیرماندان و یادیان بەرزڕادەگرین، هەروەها بەڵێنمان بۆگشت قوربانییان و ڕزگاربووان نوێدەکەینەوە کە لەبری ئەوان بەردەوام دەبین لە هەوڵەکانمان بۆ بەرقەرارکردنی دادپەروەری و یارمەتیدانیان لە ساڕێژکردنی برینەکانیان، پشتیوانیی تەواوەتیمان بۆ کۆمەڵگەی ئێزیدی هەمیشەییە و سازشی لەسەر ناکەین.
باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە عێراق تیشکی خستووەتە سەر ئەوەی، لە مانگی ئابی ساڵی 2014 شانبەشانی ئەندامانی ئازای هێزە عێراقیەکان و هاوپەیمانان، سوپای ئەمەریکا ڕۆڵێکی سەرەکی بینی لە ڕێگریکردن لە هێرشەکانی داعش بۆ سەر ئێزدیانی ئاوارەبوو و گیرخواردووی سەر چیای شەنگال، هەروەها لە گەیاندنی فریاگوزاری مرۆیی بۆیان، لە 10 ساڵی دوای ئەوەدا، نێردەی سەربازیی هاوپەیمانیی جیهانی بۆ تێکشکاندنی داعش، هێزی هاوبەشیی هاوپەیمانیەتیەکە – ئۆپەراسیۆنی چارەسەری بنەڕەتی، لەگەڵ هاوبەشانمان لە عێراق و سوریا یەکمانگرت بۆ شکستپێهێنانی داعش و نەهێشتنی هیچ جوگرافیایەک لە دەستیاندا.
دەڵێت: لەو کاتەوە، نێردەی دیپلۆماسیی ئەمەریکا لە عێراق پاڵپشتبووە لە بوژانەوەی ئەو کۆمەڵگەیانەی زەرەرمەندیی ژێردەستەیی و زیانبەرکەوتووی داعش بوون، لە نێوان ساڵانی 2014 بۆ 2017، داعش ملیۆنان عێراقی لە زێدی مێژوویی خۆیان ئاوارە کرد و لە نێویشیاندا زۆرینەی دانیشتوانی ئێزدیی عێراق، هەروەها هاوبەشیمان لەگەڵ کۆمەڵگای مەدەنی و سەرکردە خۆجێییە ئایینی و نەتەوەییەکان کردووە بۆ یارمەتیدانی ئەم کۆمەڵگەیانە بۆ گەڕانەوە بۆ ژیانیی ئاساییان و پێشخستنی سەقامگیری و سەروەریی عێراق.، دەشڵێت: لە ساڵی 2018ەوە، زیاتر لە 500 ملیۆن دۆلارمان بەخشیوە، بە ئامانجی گەڕانەوەی ژیانی ئاساییی ئەو کۆمەڵگانەی زۆرترین زەرەرمەندیی دەستی کاولکاریەکانی داعش بوون، ئەم هاوکارییانە بریتی بوون لە دابینکردنی خزمەتگوزاریی تەندروستی و دەروونی کۆمەڵایەتی، پاراستن، بەڵگەنامەی مەدەنی(نفوس)، نۆژەنکردنەوەی قوتابخانە و ماڵەکان، هەروەها دابینکردنی 2.3 ملیۆن دۆلار بۆ نۆژەنکردنەوەی پەرستگای لالش، ئەم هاوکارییانە دڵنیاییدەری ئەوەن ڕزگاربووان دەتوانن ژیانێکی پڕ بەرهەمدار لە ئارامییدا بژین و میراتی کەلتوریی و ئایینییان بەردەوامە، بەردەوامین لە پابەندیمان لە تواناپێدانی ڕزگاربووان و ئاوارەکان بۆگەڕانەوەی سەلامەت و شکۆمەندانە و ئارەزومەندانەیان بۆ زێدی خۆیان لە شنگال بە شێوەیەک بتوانن بەردەوامیی بە ژیانی ئاسایی خۆیان بدەن.
باڵیۆزخانەی ئەمەریکا ئاماژە بەوە دەکات، زیاتر لە یەک ملیۆن عێراقی هێشتا ئاوارەی ناوخۆی وڵاتن و لە ناویاندا نزیکەی 300 هەزار ئێزیدی هەن و دوو هەزار و 600 هاووڵاتیی ئێزیدی نادیار و بێسەروشوێنن، بە هەوڵەکانی ڕزگاربووان کار بۆ دادپەروەری و سەپاندنی بەرپرسیارێتی بەسەر ئەوانەی تاوانەکانیان ئەنجام داوە، دەڵێت: لە ساڵی 2016 حکوومەتی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا تاوانەکانی دژی کۆمەڵگەی ئێزیدی بە ”جینۆساید“ ناساند و وڵاتانی دیکەش لەم ڕووەوە وەکو ئێمەیان کردووە، هانی خێرا جێبەجێکردنی یاسای ڕزگاربووانی ئێزیدی و ڕێککەوتنامەی 2020ی شنگال دەدەین بە ڕاوێژ لەگەڵ پێکهاتەکانی شنگال.
دەڵێت: کاردەکەین بۆ دڵنیاییدان لەوەی داعش نەتوانێت سەرهەڵبداتەوە، هەروەک چۆن هاوپەیمانان لەگەڵ هێزە ئەمنیە عێراقیەکان کاریان کرد بۆ شکستپێهێنانیان لە ڕووی جوگرافیەوە، ئاواش بەدوای دادپەروەریەوەین بۆ بەسزاگەیاندنی بەربەرییەتی و تاوانەکانی دژی مرۆڤایەتی ئەم گرووپە تیرۆریستییە.
ئێستا و دوای 10 ساڵ لە دەستپێکی ئەو جینۆسایدەی داعش ئەنجامیدا، ئێزدیان و پێکهاتە ڕزگاربووەکانی تریش پێشەنگی ئەم ڕێگەیەن، هەروەها بەردەوامین لە هاوکاریکردنی هەوڵەکانی ئاوەدانکردنەوە و پێشکەشکردنی دادپەروەری و لێپرسینەوە و سەپاندنی بەرپرسیارێتی تاوانکاران بۆ ڕزگاربووان کە دەتوانێت ببێتە هۆی ئاشتی و سەقامگیری و خۆشگوزەرانی بۆ هەموو هاووڵاتیانی عێراقیی. لە هەمووی گرنگتر، دەبێت بە ئیرادەی هاوبەشەوە یەکبگرین بۆ دڵنیاییدان لەوەی ئەم جۆرە دڕندەییانە هەرگیز دووبارە نەبنەوە.