عێراق پلەی 82ـەمینی وڵاتانی بەرهەمهێنانی پیشەسازی گرتووە

کارگەیەک لە عێراق
کارگەیەک لە عێراق

K24 – هەولێر:

سەرەڕای دواکەوتوویی پیشەسازی بەرهەمهێنان لە عێراق، بەهۆی نەبوونی پلان و خراپی بەڕێوەبردن لە پاشەکشەدایە،  شارەزایان هۆشداری دەدەن لە بەردەوامی پاشەکشەی کەرتی پیشەسازی وخەمساردی حکوومەت بۆ پشتگیریی لە کەرتە.

فازڵ غراوی، سەرۆکی ناوەندیی ستراتیجی بۆ مافەکانی مرۆڤ ڕایدەگەیەنێت، پیشەسازی و کەرتی بەرهەمهێنان لە عێراق بەدەست چەندین ئاستەنگ دەناڵێنێت. ئاماژەی بەوەش کردووە: لە کۆی 126 وڵات عێراق پلەی 82ـەمینی لە پێوەرەکانی بەرهەمهێنانی پیشەسازی گرتووە.

غراوی روونی کردووەتەوە، چین لە پێشەنگی وڵاتانی جیهاندایە و قەبارەی بەرهەمهێنانی ساڵانە دەگاتە چوار ترلیۆن و 970 ملیار دۆلار، دوای ئەویش ئەڵمانیا دێت بە 751 ملیار دۆلار، هیندستان بە 450 ملیار دۆلار ریزبەندی سێیەم و هەر یەک لە وڵاتانی کۆریای باشوور بە 426 ملیار و ڕووسیا بە 287 ملیار دۆلار ریزبەندی دواتریان گرتووە.

ئاماژەی بەوەش کردووە: قەبارەی پیشەسازی بەرهەمهێنان لە عێراق لە 2023 گەیشتووەتە چوار ملیار و 750 ملیار دۆلار ، لە کاتێکدا لە ساڵی 2022 بە بەهای چوار ملیار و 725 ملیۆن دۆلار بووە، بەڵام بەراورد بە ساڵی 2019 ئاستی بەرهەمهێنان پاشەکشەی کردووە، دوای ئەوەی ئاستی بەرهمهێنان گەیشتە چوار ملیار و 994 ملیۆن دۆلار.

لەبارەی ژمارەی کارگەکان لە عێراق، غراوی، گوتی:  عێراق خاوەنی چوار هەزار کارگەی هەمەچەشنە و بوار جیاوازی پیشەسازی پێکدەهێنن، بەڵام زۆرینەیان بەهۆی خراپی بەرێوەبردن و نەبوونی پلان و بەبازاڕکردن وەستاون ئەمە وێڕای نەبوونی پشتگیری حکوومەت بۆ ئەم کەرتە.

لە کۆتاییدا گوتیشی: پیشەسازی بەرهەمهێنان سەرچاوەیەکی گرنگە بۆ ئابووری وڵات بە تایبەت بۆ هەمەچەشنکردنی سەرچاوەکانی داهات بۆ ئابووری وڵات لە بڕی پشتبەستن بە نەوت.