بەریتانیا بەردەوام دەبێت لە پشتیوانییەکانی بۆ هێزی پێشمەرگە
پاشکۆی سەربازیی باڵیۆزخانەی بەریتانیا لە عێراق لەگەڵ سەرۆکی ئەرکانی وەزارەتی پێشمەرگە دووپاتی دەکاتەوە کە، بەریتانیا بەردەوام دەبێت لە پشتیوانی کردنی هێزی پێشمەرگە.
یەکشەممە4ـی تەممووزی 2024، وەزارەتی پێشمەرگە بڵاوی کردەوە، فەریق ڕوکن عیسا عوزێر سەرۆکی ئەرکانی وەزارەتی پێشمەرگە، لەگەڵ جەنەڕاڵ گریم وێرماوس پاشکۆی سەربازیی باڵیۆزخانەی بەریتانیا لە عێراق و شاندی یاوەری کۆبووەوە.
بەپێی ڕاگەیەندراوەکەی وەزارەتی پێشمەرگە، لەو کۆبوونەوەیەدا، گفتوگۆ دەربارەی هاوکاریی و هەماهەنگییەکانی وڵاتی بەریتانیا بۆ هێزەکانی پێشمەرگە کرا، شاندی پاشکۆی سەربازیی باڵیۆزخانەی بەریتانیا لە عێراقیش، بەڵێنی بەردەوامیی هاوکارییەکانی بۆ پێشمەرگە دووپات کردەوە.
وەزارەتی پێشمەرگە ئاشکرای دەکات، لە کۆبوونەوەکەدا، گفتوگۆ لەبارەی بەرەوپێش بردنی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و بەریتانیا کرا و هەردوولا جەختیان لە بەهێزترکردنی پەیوەندییەکانیان کردەوە.
هەر لەو کۆبوونەوەیەدا، تاوتوێی دوایین بەرەوپێش چوونەکانی پڕۆسەی چاکسازیی وەزارەتی پێشمەرگە کرا، لەمبارەیەوەش شاندی پاشکۆی سەربازیی باڵیۆزخانەی بەریتانیا لە عێراق، پاڵپشتی و پشتیوانی خۆی بۆ پڕۆسەکە دووپات کردەوە.