عەزام حەمدانی: پێکهاتەی عەرەبی لەگەڵ دانانی پارێزگاری کەرکووک نییە بەشێوەی خوولی لەنێوان پێکهاتەکان

عەزام حەمدانی، سەرکردە لە بەرەی عەرەبی
عەزام حەمدانی، سەرکردە لە بەرەی عەرەبی

K24 - هەولێر:

سەرکردەیەکی بەرەی عەرەبی بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، پێکهاتەی عەرەبی لەگەڵ ئەوەدا نییە پۆستی پارێزگاری کەرکووک بە شێوەی خوولیی بێت.

عەزام حەمدانی لە بەرەی عەرەبی ئاماژەی بەوەشکرد: دابەشکاریی خوولیی پێشنیازیی کورد و تورکمانە، ئێمە پێداگرین لەسەر ئەوەی پۆستی پارێزگار بۆ عەرەب بێت.

ئەو سەرکردەیەی بەرەی عەرەبی گوتیشی: "دەستمان بە پۆستی پارێزگارەوە گرتووەوە و دەمانەوێت خولێکی تەواو پۆستەکە بۆ ئێمە بێت، نێوماڵی کورد و تورکمان پێشنیازیان کردووە پۆستەکە بە شێوەی خولیی بێت، بۆیە ئەم پرۆژەیە پرۆژەیەکی کوردی تورکمانییە. وەکوو پێکهاتەی عەرەبی پێمان وایە لە ئیدارەدانی شارەکە سەرکەوتوو بووین و کەرکوومان کردووتە جێگەی سەرنجی هەرێمی و نێودەوڵەتیی، شەقامی عەرەبیش داوا دەکات پۆستی پارێزگار بۆ عەرەب بێت چونکە دابەشکردنی پۆستەکە لە خولێكدا کاری پارێزگار ئەستەم دەکات".

ئەمەش لە کاتێکدایە، هەوڵەکان بۆ پێکهێنانی حکوومەتی خۆجێی کەرکووک بەردەوامە و سەرچاوەی ناکۆکییەکانیش پۆستی پارێزگارە کە هەمووان داوای دەکەن. لەو چوارچێوەشدا سەرۆکوەزیرانی عێراق لە هەوڵەکانی بەردەوامە بۆ هەڵگرنتی بەربەستەکان لە بەردەم پێکهێنانی حکوومەتی خۆجێی لە کەرکووک.

هەفتەی ڕابردوو، محەممەد شییاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بە جیا لەگەڵ نوێنەرانی عەرەب و تورکمانی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک کۆبووەوە، ئەم هەفتەیەش لەگەڵ نوێنەرانی پارتی ویەکێتی و کریستیان کۆبووەوە و جەختی لەسەر هەڵبژاردنی پارێزگار و پێکهێنانی حکوومەتی خۆجێیی لە کەرکووک بە کۆدەنگی هەموو پێکهاتەکان کردەوە و بەپێی زانیارییەکانیش سوودانی ئاماژەی بەوەکردووە "ئەگەر لە ماوەی یاسایی لایەنەکان نەگەنە ڕێککەوتن، ئەوا خۆی کەسێک بۆ پارێزگاری کەرکووک دیاری دەکات".

لە 11ـی تەمموزی 2024، یەکەم کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک بە ئامادەبوونی هەر 16 ئەندامە هەڵبژێردراوەکەی بەڕێوە چوو؛ ڕاکان جبووری کە پێشتر پارێزگاری سەپێندراوی ئەو شارە بوو، وەک ئەندامی ئەنجوومەنەکە کە بە تەمەنترینیانە سەرۆکایەتی دانیشتنەکەی کرد و تەنیا 30 ڕۆژی لە بەردەمە وەک پارێزگاری کاربەڕێکەر تاوەکوو هەڵبژاردنی پارێزگارێکی نوێ، لە دیوانی پارێزگای کەرکووک دابنیشێت.

کورد، سوورە لەسەر ئەوەی پارێزگاری کەرکووک کورد بێت، بۆ ئەو مەبەستەش هەریەکە لە شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، ڕێبوار تەها، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتیی لە ئەنجوومەنی پارێزگاری کەرکووک و حەسەن مەجید، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک لە وتەکانیاندا لە ڕۆژی یەکەم کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک جەختیان کردەوە کە دەبێت پارێزگاری نوێی کەرکووک، کورد دەبێت.