نرخی نەوت بۆ نزمترین ئاستی هەشت مانگی ڕابردوو دابەزی
لە مامەڵەکانی ئەمڕۆ دوو شەممە، نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیهاندا بەشێوەیەکی بەرچاو دابەزی و بۆ نزمترین ئاستی هەشت مانگی ڕابردوو پاشەکشەی کرد، وێڕای مانەوەی گرژی و ئاڵۆزییەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست کە دەتوانێت زیان بە خستنەڕووی نەوتی خاو بۆ بازاڕەکان جیهان بگەیەنێت، نیگەرانییەکان لە پاشەکشەی ئابووری ئەمەریکا و داڕمانی بازاڕی پشکەکانی جیهان ترسی کەمبوونەوەی خواستی لە بازاڕی وزە دروست کرد.
کاتژمێر 16:00 بە کاتی هەرێمی کوردستان، نرخی هەر بەرمیلێک لە نەوتی خاوی برێنت بە 76 دۆلار و چوار سەنت مامەڵەی پێوە کرا لە مامەڵەکانی ئەمڕۆ 1٪ دابەزیوە، یەک بەرمیل لە نەوتی خاوی ئەمەریکا بە 71 دۆلار و 77 سەنت مامەڵەی پێوە کرا و ئەمڕۆ 1.13٪ بەهاکەی لە دەست دا.
بازاڕی پشکەکان لە سەرانسەری جیهان دابەزینیان بەخۆیەوە بینی، هەر یەکە لە پێنوێنەکانی داکسی ئەڵمانی بە 500 خاڵ ، کاکی فەڕەنسی بە نزیکەی 200 خاڵ ، فوتسی بەریتانی بە 230 خاڵ و داوجۆنسی ئەمەریکی بە هەزار و 100 خاڵ دابەزینیان تۆمار کرد.
لە کاتێکدا خواستی چین بۆ بەکاربردنی نەوتی خاو کەبووەتەوە، شرۆڤەکارانی کۆمپانیای ئای ئێن جی بە سەرۆکایەتی وارن پترسۆن رایدەگەیەنن، نیگەرانییەکان لە پاشەکشەی ئابووری ئەمەریکا بەرزبووتەوە، بە دیاریکراوی لە دوای راگەیاندنی ئامارە نەرێنیەکانی بازاڕی کاری ئەمەریکا لە رۆژی هەینی، ئەمەش دەتوانێت نیگەرانی لە خواست لەسەر نەوتی خاو دروست بکات، لە کاتێکدا نیگەرانی بەهۆی لاوزبوونی خواست لەلایەن چین لە بازاڕی نەوتدا دروست بووە.
شرۆڤەکاران، بەشێکی دیکەی فشاری سەر نرخی نەوت بۆ بڕیاری زیادکردنی بەرهەمهێنانی نەوتی خاو لەلایەن وڵاتانی ئۆپێک پڵەس لە دوای ئۆکتۆبەری ئەمساڵ دەگەڕێنەوە، دوای ئەوەی بڕیاریاندا قۆناغ بە قۆناغ بەرهەمهێنانی نەوت لە چوارچێوەی کەمکردنەوەی خۆبەخشانە بگەڕێنەوە بازاڕەکان، لە کاتێکدا ئێستا بڕی کەمکردنەوەی خۆبەخشانە دەگاتە دوو ملیۆن 200 هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا، ترسی بەرزبوونەوەی خستنەڕووی نەوتی خاوی لە بازاڕەکانی جیهان بەرزکردووەتەوە.