دەنگی سێ تەقینەوەی بەهێز لە سپانشەهری پارێزگای ئیسفەهان بیسترا
سەرچاوەکانی هەواڵ ئاشکرای دەکەن، دەنگی سێ تەقینەوەی بەهێز لە سپانشەهری پارێزگای ئیسفەهان بیستراوە، جێگری پارێزگای ئیسفەهانیش دەڵێت: دەنگی تەقینەوەکان مەشق و ڕاهێنان بوون.
یەکشەممە 5ـی ئابی 2024، لەگەڵ گرژبوونی بارودۆخەکە و نزیکبوونەوەی زۆری ئەگەری هێرشی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل، چەند ڕووداوێکی نوێ هاتنە پێشەوە، لەوانەش، دەنگی سێ تەقینەوەی بەهێز لە سپانشەهری پارێزگای ئیسفەهان بیسترا و جێگری پارێزگای ئیسفەهانیش دەڵێت: دەنگی تەقینەوەکان مەشق و ڕاهێنان بووە.
لەلایەکی دیکەوە، وەزیری ئیتڵاعاتی ئیران لە لێدوانێکیدا دەڵێت: وەڵامی ئێران بەهێز دەبێت، هەنگاوە دیپلۆماسییەکانیش سنوورداری ناکەن، هاوکات واشنتن پۆست بڵاوی کردووەتەوە کە، ئیدارەی بایدن یاسادانەرانی ئەمەریکای ئاگەدارکردەوە کە هێرشەکانی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل ڕەنگە دووشەممە یا سێشەممە ڕووبدات.
لەگەڵ گرژبوونی زیاتری بارودۆخەکە، کۆمپانیای دەلتای ئەمەریکا گەشتە ئاسمانییەکانی لە نیویۆرک بۆ ئیسرائیل تا 31ـی مانگ ڕاگرت، لە لوبنانیش، حزبوڵڵا ی کوژرانی سەرکردەیەکی ڕاگەیاند، لە ئێستاشدا زەنگی ئاگەدارکردنەوە لە چەند شارێکی ئیسرائیل لێدەدرێت، دوو کەشتی سەربازیی ئەمەریکیش لە کەناراوەکانی ئیسرائیل نزیک دەبنەوە.
سەرباری هەموو ئەو گرژیانە، هێلی ئاسمانیی ئێران دەڵێت: هیچ بەربەستێک بۆ گەشتە ئاسمانییەکان نین و گەشتەکان ئاسایین، کەچی بایدن لەگەڵ تیمی ئاسایشی نیشتیمانی خۆی لە کۆشکی سپی لەبارەی گرژبوونی بارودۆخی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کۆدەبێتەوە.