ئارام محەمەد قادر: کابینەی نۆیەم بایەخێکی باشتری بە خوێندنی باڵا و ناوەندە ئەکادیمییە پیشەییەکان داوە
ئارام محەمەد قادر، وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕێوڕەسمی بە گەڕخستنی تاقیگەکانی پرۆژەی تەکنۆلۆجیا، ڕایگەیاند: لە کابینەی نۆیەمدا سەرەڕای قەیرانە داراییەکان، بایەخێکی باشتر بە خوێندنی باڵا و بە ناوەندە ئەکادیمییە پیشەییەکان دراوە.
گوتیشی: نۆ تاقیگەی پێشکەوتووی بوارەکانی تۆڕەکانیی بەیەکەوە بەستنەوەی ئەلیکترۆنی (نیتوۆرکینگ)، تێلیکۆمەنیکەیشن و سایبەر سکۆرێتی لە زانکۆکانی پۆلیتەکنیکی هەولێر، سلێمانی و دهۆک دەکەوێتە کار، کە پرۆژەکە بە تێچووی ملیۆنێک و 400 هەزار دۆلار لەلایەن حکوومەتی ئەمەریکاوە جێبەجێ کراوە بە مەبەستی پەرەپێدانی توانای زانکۆکانی هەرێمی کوردستان.
وەزیرى خوێندنى باڵا، لە کۆنفرانسێکی هاوبەشی ڕۆژنامەوانیدا لەگەڵ باڵیۆزی گشتیی ئەمەریکا لە هەولێر ڕایگەیاند: ئەوەی کراوە پرۆژەکەیەکی هاوبەشی وەزارەتی خوێندنی باڵا، کونسولخانەی گشتیی ئەمەریکا و هەرسێ زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر، سلێمانی و دهۆکە کە پێویستییەکی هەنووکەییە و کاریگەری لەسەر بازاڕی کاری ناوخۆیی و نێودەوڵەتیش دەبێت بۆ هەرێمی کوردستان.
هەروا گوتی: گرنگی ئەم پرۆژەیە لە کاتێكدایە، وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوە زانستی ستراتیجییەتی خۆیی بۆ ئەم قۆناغە ڕاگەیاندووە بۆ ئەوەی پەرەی زیاتر بە پەیوەندییەکانی نێوان ناوەندە ئەکادیمییەکان و بازاڕی کار بدەین، هەربۆیە دڵنیاین بەم پرۆژەیە دەتوانین لە ڕێگەی دەرچووانی ئەم بوارانەی پرۆژەکە بایەخی پێ دەدات بۆشاییەکانی لەم بازاڕی هەرێمی کوردستان هەن، پڕ بکرێتەوە، گوتیشی: چونکە وەزارەتی خوێندنی باڵا ئەرکێکی سەرەکی هەیە لە دروستکردنی پسپۆر و پلان بۆ بازاڕی هەرێمی کوردستان، هەربۆیە نابێت لە هەنگاوەکان دوا بکەین.
ئارام محەمەد قادر، وەزیرى خوێندنى باڵا لە قسەکانیدا ئاماژەی بەوە دا کە لە کابینەی نۆیەمدا سەرەڕای قەیرانە داراییەکان، بایەخێکی باشتر بە خوێندنی باڵا و بە ناوەندە ئەکادیمییە پیشەییەکان دراوە، ئاماژەکانیش سەلمێنەری ئەوەن کە ڕەهەندی نێودەوڵەتی زانکۆکانی هەرێمی کوردستان زۆر چوونەتە پێشەوە و بەردەوام زانکۆکانمان لەگەڵ زانکۆ نێودەوڵەتییەکان لە پەیوەندی و دروستکردنی پرۆژەی پەرەپێدانن. پرۆژەی پەرەپێدانی تەکنۆلۆجیاش یەکێکە لە بەرهەمەکانی هەوڵەکان، هەربۆیە هیودارم لە کابینەی داهاتوودا ئەم قەیرانەی هەیە تێمان پەڕاندبێت و هەنگاوی زیاتر و پێشکەوتووتر بنرێت.