حکومەتی هەرێم کارەبای وزەی نوێبووەوەی بۆ دانیشتووانی گوندێک دابین کرد

لە سنووری ئیدارەی سۆران بەگوژمەی 250 ملیار دینار پڕۆژه‌ لەبواری كاره‌بادا جێبه‌جێكراوە

له‌ ماوه‌ی چوار ساڵی رابردوودا حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، ته‌نها له‌ سنووری ئیداره‌ی سه‌ربه‌خۆی سۆران بەگوژمەی 250 ملیار دینار پڕۆژه‌ی گه‌یاندن و وه‌به‌رهێنانی له‌ بواری كاره‌بادا جێبه‌جێكردووە، ژماره‌یه‌ك پڕۆژه‌ش ڕه‌زامه‌ندیان بۆ دراوه‌.

لە هەندێک ناوچەش بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا سوود لە وزەی نوێ بووەوە وەرگیراوە، یەکێک لەو گوندانەش گوندی ئێنه‌مسیده‌ی سنووری ‌قه‌زای مێرگه‌سۆرە.

ماوه‌ی حه‌وت مانگه‌ حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ ڕێگه‌ی وزه‌ی نوێ بووەوە كاره‌بای بۆ دانیشتووانی گوندی ئێنه‌مسیده‌ی سنووری ‌قه‌زای مێرگه‌سۆر دابین كردووه‌، هەروەها 32 ماڵی گونده‌كه‌‌ له‌م ڕێگه‌یه‌وه‌ سوود له‌ كاره‌با وه‌رده‌گرن، سیسته‌مه‌كه‌ دۆستی ژینگه‌یه ‌و جێگه‌ی ره‌زامه‌ندی خه‌ڵكی گوندیشه‌.

كه‌ریم سۆفی، هاووڵاتیەکی گوندی ئێنه‌مسیدە و بە کوردستان24ـی گوت: ئەو سیستەمە شەو 8 ئەمپێر و رۆژیش 16 ئەمپێر کارەبامان پێدەدات، هەروەها تێچووەکەی 3100 دۆلارە و نیوە پارە حکوومەت بۆمانی دابین کردووە کە بە قیست دەیدەینەوە، واتە هەرکاتێک مووچەمان وەرگرت مانگانە 105 هەزار دینار دەدەینەوە، دەشڵێ: دوای تەواو بوونی دوو ملیۆن و 500 هەزار دینار دەبێتە موڵکی خۆمان، سیسته‌مێکی باشە و زۆر ئاسوودەین.

له ‌ ماوەی چوار ساڵی رابردوودا حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان گرنگی زۆری به ژێرخانی ‌كه‌رتی كاره‌با داوه‌ و بۆ داهاتووش پلانی دیکەی هه‌یه‌.

هه‌ڵگورد شێخ نه‌جیب، سه‌رپه‌رشتیاری ئیداره‌ی سه‌ربه‌خۆی سۆران دەڵێت: پێدانی کارەبا بەم هەموو ناوچە و گوندنشینانە ئەرکی وەزارەتی کارەبای قورس کردووە و ئێستا کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کار لەسەر بەرنامەیەک دەکات بۆ ئەوەی بتوانین بەشێوەیەکی دیکە کارەبا بۆ گوندەکان دابین بکەین، بە جێبەجێکردنی ئەم پلانە ئێمە دەتوانین فشار لەسەر کارەبای نیشتمانی کەم بکەینەوە و کارەبای زیاتر بۆ شارەکان دابین بکەین.

بەپێی داتاکانی بەڕێوەبەرایەتی دابەشکردنی کارەبای سۆران، له‌ چوارساڵی رابردوودا حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌بڕی زیاتر له‌(250)ملیار دینار پڕۆژه‌ی له‌ بواری گه‌یاندن و به‌رهه‌مهینانی كاره‌بای نیشتمانی له‌ سنووری ئیداره‌ی سه‌ربه‌خۆی سۆران جێبه‌جێ كردووە و ژماره‌یه‌ك پڕۆژه‌ش ڕه‌زامه‌ندیان بۆ دراوه‌.

گۆڕانکاریەکانی کەشوهەوا بەتایبەت لەوەرزەکانی هاوین و زستان خواستی زۆری خستۆتەسەر بەکارهێنانی کارەبای نیشتیمانی، کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستانیش لەگەڵ دەستبەکاربوونی هەوڵەکانی بۆ باشتركردنی ژێرخانی ئه‌م كه‌رته‌ خستۆته‌گه‌ڕ.