نەمیر قەیسی: دۆخی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئاڵۆزە و بەشێک لە کۆمپانیا فڕۆکەوانییەکان گەشتەکانیان بۆ ناوچەکە ڕاگرتووە
K24 – هەولێر:
فڕۆکەوانێکی مەدەنی لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی بەغدا، دەڵێت: بەهۆی ئەم گرژی و ئاڵۆزییانەی دوایی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بەشێک لە کۆمپانیا فڕۆکەوانییەکان گەشتەکانیان بۆ ناوچەکە ڕاگرتووە، ئەمەش لە پێناو پاراستنی گیانی گەشتیار و فڕۆکەوانەکانە.
نەمیر قەیسی، فڕۆکەوانی مەدەنی لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی بەغدا، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: ئەو گرژییانەی ناوچەکە کاریگەریی زۆری لەسەر گەشتە ئاسمانییەکان هەبووە، هەروەها بووەتە هۆی ناسەقامگیریش لەسەر دەروونی هاووڵاتییان.
ئەو فڕۆکەوانە دەڵێت: دۆخی ئێستەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست زۆر هەستیارە، بۆیە بەشێک لە گەشتە ئاسمانییەکان بۆ ناوچەکە ڕاگیراون، بڕیاری ڕاگرتنەکەش بۆ پارێزگاریی سەلامەتی گەشتیار، فڕۆکەکان و کۆمپانیا فڕۆکەوانییەکانە لە مەترسی کردە سەربازییەکان. ڕاستە بووەتە مایەی زیان بۆ هەندێک لە کۆمپانیاکانی فڕۆکەوانی بەڵام ئەمە لە پێناو پاراستنیانە.
ناوبراو ئاماژەی بەوە کرد: گرژی و ئاڵۆزیی لە ناوچەکە زیاتر بوون، لەوانەیە کردەی سەربازی تێدا زیاتر بێت، بۆیە بەشێک لە کۆمپانیا فڕۆکەوانییەکان ئەم بڕیارانەیان دەرکردووە، بینیمان لە چەند ڕۆژی ڕابردوو لە لوبنان فڕۆکەخانەی حەریری بەهۆی گرژییەکانەوە داخرا، هەروەها هەندێک فڕۆکەخانەی سووریاش گەشتەکانیان ڕاگرت.
نەمیر قەیسی گوتی: ئێستە ڕەوتی فڕۆکەوانی لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی بەغدا ئاسایی بووەتەوە، هەندێک کێشەی تەکنیکی هەیە کە وای کردووە هەندێک لە گەشتەکان دوا بکەوێت، بەڵام تا ئێستە گەشتە ئاسمانییەکان ڕانەگیراون.
ژمارەی ئەو کۆمپانیایانەی گەشتە ئاسمانییەکانیان بۆ بەشێک لە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست راگرتووە، زیاتر لە 10 کۆمپانیا.
هەریەک لە هێڵی ئاسمانیی لوفتهانزەی ئەڵمانی، هێڵی ئاسمانیی نەمسا، هێڵی ئاسمانیی برۆکسل و سویس ئێرلاینزی سویسرا، دوای کوژرانی هەنییە تاوەکو 7ی ئاب گەشتەکانیان بۆ هەولێر و عەممان ڕاگرت.
هێڵی ئاسمانیی ئێر ئیندیاش تاوەکو 8ی ئاب ، گەشتەکانی بۆ ئیسرائیل ڕاگرتووە. هەریەک لە هێڵی ئاسمانیی لوفتهانزای ئەڵمانی، هێڵی ئاسمانیی نەمسا، هێڵی ئاسمانیی برۆکسل و سویس ئێرلاینزی سویسراش تاوەکو 12ی ئاب گەشتەکانیان بۆ ئیسرائیل و لوبنان و ئێران ڕاگرتووە.
هێڵی ئاسمانیی دەلتای ئەمەریکیش تاوەکو 31ی ئاب گەشتەکانی نێوان نیویۆرک و ئەل ئەڤیڤی ڕاگرتوون، هێڵی ئاسمانیی KLMـی هۆڵەندیش تاوەکو 26ی تشرینی یەکەم گەشتەکانی بۆ ئیسرائیل ڕاگرتوون.