هەڵبژاردنی ئەزموونیی لە دهۆک دەکرێت

باڵەخانەی پەرلەمانی کوردستان (وێنە: ئیسلام هیرۆ - کوردستان24)
باڵەخانەی پەرلەمانی کوردستان (وێنە: ئیسلام هیرۆ - کوردستان24)

ھەفتەی داھاتوو ھەڵبژاردنی ئەزموونیی بۆ خولی شه‌شه‌می په‌رله‌مانی كوردستان له‌ پارێزگای دهۆك دەکرێت.

بڕیار وایە سەرەتای هەفتەی داهاتوو، ھەڵبژاردنی ئەزموونیی بۆ خولی شه‌شه‌می په‌رله‌مانی كوردستان له‌ پارێزگای دهۆك بکرێت. بە گوتەی جومانە غەلای، گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، پێداویستی ھەڵبژاردنەکان گەیشتوونەتە دهۆک و هه‌ر كه‌موكورتییه‌ك هه‌بێت چاره‌ ده‌كرێت.

كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هه‌ڵبژاردنه‌كانی عێراق سەرجەم کەلوپەلی پێویست بۆ بنکەکانی ھەڵبژاردن بۆ ھەموو پارێزگاکان ڕەوانە کردووە؛ غەلای گوتی: پێش ئەوەی هەڵبژاردنی ئەزموونی بکرێت، ئامێرەکان دەپشکێنرێن، بۆ ئەوەی دڵنیابین ھیچ گرفتێکیان نییە.

 هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان، ڕۆژی 20-10-2024، بە سەرپەرشتیی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بەڕێوە دەچێت.

دابەشکاریی ژمارەی کورسییە گشتییەکانی پەرلەمانی کوردستان بەسەر پارێزگاکاندا:

1.  هەولێر: 32 کورسی

2.  سلێمانی: 36 کورسی

3.  دهۆک: 24 کورسی

4.  هەڵەبجە: سێ کورسی

(کۆی گشتی: 95 کورسی)

دابەشکاریی ژمارەی کورسیی کۆتای پەرلەمانی کوردستان بەسەر پارێزگاکاندا:

1.  هەولێر: دوو کورسی

2.  سلێمانی: دوو کورسی

3.  دهۆک: یەک کورسی

4.  هەڵەبجە: سفر کورسی

(کۆی گشتی: 5 کورسی)