کەنەدا بڕیاریدا ماڵ و منداڵی دیپلۆماتکارانی لە ئیسرائیل بگەڕێنێتەوە
ئاژانسی کەنەدا پرێس، بڵاوی کردەوە، ڕۆژی چوارشەممە حکوومەتی کەنەدا بڕیاری هێنانەوەی خێزانی دیپلۆماتکارەکانی لە ئیسرائیل داوە، ئەمەش لەکاتێکدایە کە ترسی فراوانبوونی ململانێکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەیە.
گرژیی نێوان ئیسرائیل و ئێران و حزبوڵڵای لوبنانی ترسی سەرهەڵدانی ململانێیەکی فراوانتری لە ناوچەکەدا هێناوەتە ئاراوە و لە لێواری تەقینەوەدایە. ترسەکانیش دوای کوژرانی ئیسماعیل هەنییە، بەرپرسی مەکتەبی سیاسیی حەماس لە ئێران و کوژرانی فوئاد شکور، فەرماندەی سەربازیی حزبوڵلای لوبنانی لە بەیروت زیاتر بووە، بەتایبەت کە ئێران هەڕەشەکانی تۆڵەسەندنەوەی لە ئیسرائیل کردووە.
ئاژانسەکە بەیاننامەیەکی وەزارەتی کاروباری جیهانی کەنەدای بڵاو کردەوە، کە تێیدا هاتووە کە ڕەزامەندی دەربڕیوە لەسەر گواستنەوەی خێزانی دیپلۆماتکاران و ئەوانەی بەرپرسیارن، بە شێوەیەکی کاتی بۆ وڵاتێکی دیکەی سەلامەت.
ڕۆژی شەممەی ڕابردوو، کەنەدا هۆشداریی دایە هاووڵاتیانی خۆی لە گەشتکردن بۆ ئیسرائیل، هۆکاری ئەمەش بۆ بەردەوامی ململانێکانی ناوچەکە و دۆخی ئەمنیی گەڕاندەوە، کە پێشبینیکردنی پێشهاتەکانی ئەستەمە. هاوکات داوای لە هاووڵاتیانی خۆی کردووە نەچن بۆ غەززە و کەرتی ڕۆژئاوا.
وەزارەتەکە ئەوەشی خستووەتە ڕوو، هەردوو باڵیۆزخانەکەیان لە تەلئەڤیڤ و بەیروت و نوسینگەی نوێنەرایەتیی لە کەرتی ڕۆژئاوای فەڵەستین بەردەوامن لەکارکردن بۆ پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییە سەرەکییەکان بۆ کەنەدیەکان.