پسپۆڕێکی ئەمەریکی: سەربازانی ئەمەریکا بوونەتە قوربانیی هێرشی چەکدارەکانی سەر بە ئێران
ماوەیەکە هێرشی سەر هێزەکانی ئەمەریکا لە عێراق لەلایەن گرووپە چەکدارەکان دەستی پێ کردووەتەوە و ئەمەریکاش داوا لە حکوومەتی عێراق دەکات، گرووپە چەکدارەکان جڵەو بکات. ئەمەش دوای ئەوە دێت کە ماوەی نزیکەی چوار مانگێک بوو کەمترین هێرش دەکرایە هێزەکانی ئەمەریکا، بەڵام دوای کوژرانی ئیسماعیل هەنییە، سەرکردەی حەماس، هێرشەکانیش لە عێراق بۆسەر هێزەکانی ئەمەریکا زیاتر بوونە.
واشنتۆن دەڵێت: بەدوای زیادبوونی گرژییەکانەوە نین، بەڵام بۆ هەر هێرشێک لە کات و شوێنێک کە خۆیان دیاری دەکەن وەڵامیان دەبێت.
دوای ماوەیەک لە بێدەنگی، گرووپە چەکدارەکانی عێراق جارێکی دیکە دەستیان بە جموجۆڵ کردەوە و هێرشەکانیان بۆسەر هێزەکانی ئەمەریکا دەست پێ کردووەتەوە.
دوایین هێرش بۆ سەر هێزەکانی ئەمەریکا و هاوپەیمانان لە بنکەی عەین ئەسەد لە پارێزگای ئەنبار کە بووە هۆی برینداربوونی پێنج سەرباز و دوو کۆنتراکتەر. وەک هەمیشە ئەمەریکا ڕایگەیاند لە کات و شوێنێک کە خۆیان دیاری دەکەن وەڵامیان دەبێت. هاوکات، داواش لە حکوومەتی عێراق دەکات جڵەوی گرووپە چەکدارەکان بکات.
ماتیو میلەر، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕاگەیاند، لەگەڵ حکوومەتی عێراق لە گفتوگۆدا بووین، حکوومەتی عێراق ڕایگەیاندووە کە لێکۆڵینەوەی دەست پێ کردووە و چەند گومانلێکراوێک کە پەیوەندییان بە هێرشەکەوە هەبووە، دەستگیر کراون و ئەمەش ئەو کارە گونجاوەیە کە دەبێت بیکەن. لە هێرشەکانی ڕابردوو بۆ سەر سەربازانی ئەمەریکا لە عێراق، گوتمان ئەو سەربازانە لەسەر داوای حکوومەتی عێراق لەو وڵاتەن و پێویستە حکوومەتی عێراق ڕێگریی لەو هێرشانە بکات.
لە 17 تشرینی دووەمی ساڵی ڕابردوو تا کۆتایی کانوونی دووەمی ئەمساڵ زیاتر لە 150 هێرش لە عێراق و سووریاوە کراونەتە سەر هێزەکانی ئەمەریکا، دواتر هێرشێکی سەر بنکەیەکی سەربازیی ئەمەریکا لە ئوردن کە بووە هۆی مردنی سێ سەرباز و برینداربوونی دەیانی دیکە، ئەمەش تووڕەیی ئەمەریکای گەیاندە لووتکە. لە تۆڵەی هێرشەکەدا بە فەرمانی جۆو بایدن، هێزەکانی ئەمەریکا 85 ئامانجی گرووپە چەکدارەکانی سەر بە ئێرانی لە عێراق و سووریا بۆردوومان کرد.
لای خۆیەوە دەیڤد تافووری، پسپۆڕی سیاسەتی دەرەوەی ئەمەریکا بۆ کوردستان24 گوتی، "ئێمە هێشتە ژمارەیەکی زۆر سەربازمان لە عێراق و سووریادا هەن".
هەروەها گوتیشی: "هێزەکانمان بەتایبەت لەدوای حەوتی تشرینی یەکەمەوە لەلایەن میلیشیاکان و گرووپە چەکدارەکان کە لەلایەن ئێرانەوە پشتگیری و پاڵپشتیی دارایی دەکرێن، هێرشیان دەکرێتە سەر و چەکی دروستکراوی ئێرانی بەکار دێنن. ئەمە کێشەیە گیانی سەربازانمان دەخەنە مەترسییەوە، کە ژمارەیەکیان بە سەختی زامدار بوونە. ئەو تۆڵەیەی کە ئەمەریکا بەم دواییانە کردییەوە دەری دەخات کە ئەمەریکا وەڵامی هێرشەکان دەداتەوە و ناردنی پەیامێکە بۆ ئەوانەی کە پلان داڕێژەر و جێبەجێکاری ئەو هێرشانەن".
واشنتن و بەغدا کۆمیسیۆنی باڵای سەربازیی و دیالۆگی هەماهەنگی ئەمنیی هاوبەشیان پێک هێناوە، لەو چواچێوەیەدا گفتوگۆ لەبارەی پەیوەندییە ئەمنیی و سەربازییەکانی نێوانیان دەکەن و داهاتووی هێزەکانی ئەمەریکاش لە عێراق دیاریدەکەن، کە ئێستە ژمارەیان نزیکەی سێ هەزار سەربازە.
ئەمەریکا دا وای پاراستنی ئەو هێزانەی لە حکومەتی عێراق دەکات کە لەسەر داوای وڵاتەکە بۆ پێدانی مەشق و ڕاهێنانی سەربازی و زانیاری هەواڵگری بە هێزە ئەمنییەکان لە عێراقن. بە مافی خۆشی دەزانێت رووبەڕووی هێرشی ئەو گرووپە چەکدارانە ببێتەوە کە دەکرێتە سەریان.