لە كابینەی نۆیەم، شەش بەنداوی نوێ دروست کراون و 11 بەنداوی دیکەش دروست دەکرێن
كابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، شەش بەنداوی نوێی دروست کردووە و 11 بەنداوی دیكەش دروست دەکرێن.
بەشێك لە دیدگای کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پاراستنی ئاسایشی ئاوە، بۆ ئەو مەبەستە لەگەڵ دەستبەکاربوونی کابینەی نۆیەم، سەرەڕای قەیرانەکانی کۆرۆنا، دابەزینی نرخی نەوت، نەناردنی بەشەبودجە، بەڵام لە جێبەجێکردنی پلانە ستراتیجییەکانی نەوەستا، تەنانەت بەشێك لە پرۆژە وەستاوەکانی ساڵانی ڕابردووشی بەگەڕ خستنەوە و بودجەی پێویستی بۆیان دابین کرد.
لە هەرێمی کوردستان 34 بەنداوی گەورە، مامناوەند و بچووك هەن، 23 لەو بەنداوانە تەواو کراون و 11 بەنداوی دیکەش تەواو دەکرێن. تەنیا لە کابینەی نۆیەم، شەش بەنداو: چەمرگە، خنس، دێوانە، تووڕەجار، ئاقووبان، شەوگێڕ تەواو کراون و کۆتایی ئەمساڵیش هەریەك لە بەنداوەکانی گۆمەسپان و بەستۆرە کارەکانیان کۆتایی دێت.
ئەم بەنداوانەی کە لە ماوەی کابینەی نۆیەم تەواو کراون، بە هەردوو بەنداوی گۆمەسپان و بەستۆرەشەوە، دەتوانن زیاتر لە 150 ملیۆن مەتر سێجا ئاو گل بدەنەوە. بەنداوەکان، ڕۆڵی گرنگیان لە پاراستنی ئاوی ژێرزەوی، بووژاندنەوەی کەرتی گەشتیاری، پشتیوانیی جووتیاران بۆ کاری کشتوکاڵی، هاوکاریکردنی ئاژەڵداران، ئاوەدانكردنەوەی گوندەکان و دابینکردنی ئاوی پاك هەیە.