عەلی باقریی کەنی: ڕۆژئاوا ناتوانێت ڕێوشوێن بۆ شێوازی وەڵامدانەوەی ئێران دیاری بکات

عەلی باقریی کەنی، سەرپەرشتياری وەزارەتی دەرەوەی ئێران
عەلی باقریی کەنی، سەرپەرشتياری وەزارەتی دەرەوەی ئێران

K24 – هەولێر:

سەرپەرشتياری وەزارەتی دەرەوەی ئێران ڕایگەیاند: بەشێک لە وڵاتان ماف بە ئێران دەدەن وەڵامی ئیسرائیل بداتەوە و جەختی کردەوە: وڵاتانی ڕۆژئاوا ناتوانن ڕێوشوێن بۆ شێوازی وەڵامدانەوەی ئێران دیاری بکەن.

عەلی باقریی کەنی، سەرپەرشتياری وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە چاوپێکەوتنێکدا بە ئاژانسی فرانس پرێسی ڕاگەیاند، لە کۆبوونەوە و پەیوەندییەکانی ڕۆژانی ڕابردوویدا بەرپرسانی هەموو ئەو وڵاتانەی قسەی لەگەڵ کردوون، جەختیان لەسەر مافی ئێران بۆ وەڵامدانەوەی ئیسرائیل کردووەتەوە.

سەرپەرشتياری وەزارەتی دەرەوەی ئێران ئاماژەی بەوەشکرد: وڵاتانی ڕۆژئاوایی لە پێگەیەکدا نین ڕێوشوێن بۆ شێوەی وەڵامدانەوەی ئێران دیاری بکەن و وەڵامی ئێران بۆ پاراستنی ئاشتیی نێودەوڵەتی و ئاسایشی ناوچەکە و پێشگرتن لە بەردەوامیی کردەوەکانی ئیسرائیل دەبێت.

عەلی باقریی کەنی ئاماژەی بەوەشکرد: "ئەو کەسانەی ڕۆژی ڕابردوو قسەمان لەگەڵ کردن، چ بە تەلەفۆن و چ لە کۆبوونەوەکانماندا، هەموویان جەختیان لە مافی کۆماری ئیسلامی بۆ وەڵامدانەوەی ئەو تاوانە تیرۆریستییە کردەوە. ئەو وڵاتە ڕۆژوائاواییانەی دەڵێن داوایان لە ئێران کردووە وەڵامەکەی سنووردار بێت، خۆیان دەبێ وەڵامدەر بن، ئەوان لەو پێگەیەدا نین ئامۆژگاریی کۆماری ئیسلامیی ئێران بکەن".

هەروەها سەرپەرشتياری وەزارەتی دەرەوەی ئێران گوتیشی: ئێوە دەزانن ئەرکی ئەنجوومەنی ئاسایش ئەوەیە پێش بە هەڕەشە دژی ئاشتی و ئاسایشی نێودەوڵەتی بگرێت، کەچی ڕووداوەکەی تاران و ئەو دەستدرێژیییە تیرۆریستییەی زایۆنیستەکان کردیان، هەر هەڕەشە نەبوو، بگرە پێشێلکردنی ئاشتی و ئاسایشی نێودەوڵەتی بوو.

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، ئەو بەرپرسە باڵایەی ئێران باسی لەوەکرد: ئێستا دەبێت وڵاتانی ڕۆژئاوایی وەڵام بدەنەوە بۆچی نەیانهێشت ئەنجوومەنی ئاسایش بڕیارێک بۆ ڕاگرتنی تاوانەکانی ڕژێمی زایۆنیستی دەر بکات. ئەو هەنگاوەی کۆماری ئیسلامی دەیەوێت دژی زایۆنیستەکان بیگرێتە بەر ڕێکە و ڕاست بۆ پاراستنی ئاشتیی نێودەوڵەتی و ئاسایشی ناوچەکەیە، بۆ ئەوەی تێچووی ناسەقامگیرکردن و تێکدانی ئاسایشی ناوچەکە بۆ زایۆنیستەکان گران بکات.