قایمقامی قەرەداغ بۆ کوردستان24: دوو کارمەندی ئاسایش لە قۆپى قەرەداغ کوژران
K24 – سلێمانی:
لە ڕووداوێکی تەقەکردن لە قۆپی قەرەداغ، دوو کارمەندی ئاسایش کوژران کە بەپێی زانیارییە سەرەتاییەکان چەکدارەکان قاچاخچی بوون.
9ـی ئابی 2024، ڕەئوف کەمال، قایمقامی قەرەداغ بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: کەمێک پێش ئێستا، دوو کارمەندى ئاسایش لە قۆپى قەرەداغ لەلایەن چەند گومانلێکراوێکەوە تەقەیان لێکراوە و کوژراون.
پەیامنێری کوردستان24 ڕایگەیاند: بەپێی زانیارییە سەرەتاییەکان چەکدارەکان قاچاخچی بوون و خەریکی پارچەی شوێنەواری بوون.
هاوکات ئاسایشی سلێمانی ڕایگەیاندووە: "پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ کاتژمێر 5:00 لە ناوچەی (قەرەداغ) دوای ئەوەی مەفرەزەیەکی ئاسایشی قەرەداغ بەمەبەستی پاراستنی ئاسایش و ئارامی ناوچەکە و چاودێریکردنی ناوچەیەکی شوێنەواری لە ئەرکدابوون، چەند کەسێکی چەکدار بە مەبەستی دەرهێنان و بردنی شوێنەواری (نەرامسین) لە ناوچە شوێنەوارییەکە بوون، ڕووبەڕووی مەفرەزەکەی ئاسایش بوونەتەوە و بەداخەوە بووە هۆی شەهیدبوونی دوو کارمەندی ئاسایش"
قۆپی قەرەداغ دۆڵێکە دەکەوێتە قەزای قەرەداغ لە پارێزگای سلێمانی کە بە چیای سەگرمە دەست پێدەکات و بە چیای زەردە کۆتایی پێدێت و ناوچەکانی قەرەداغ و گەرمیان لەیەک جیادەکاتەوە.