پێشەوا هەورامانی: ئەمەریکا بە پەرۆشە بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان
K24 – واشنتن:
گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوە کرد: چەند پرسێکیان لەگەڵ وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا تاوتوێ کرد، هاوکات بەرپرسانی ئەمەریکا جەختیان کردەوە کە هەرێمی کوردستان هاوبەشێکی گرنگیانە.
پێشەوا هەورامانی، گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، تایبەت بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: لە باڵەخانەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا، لەگەڵ ئێرن نووتن، بەرپرسی دێسکی عێراق لە وەزارەتەکە کۆبوونەوە.
گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لەبارەی کۆبوونەکە دەڵێت: پرسی هەڵبژاردن، دەستپێکردنەوەی ناردنە دەرەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان، پەیوەندییەکانمان لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵ و بابەتی مووچە و بودجەی هەرێمی کوردستان بەدرێژی قسەیان لەسەرکرا.
ناوبراو ئاماژەی بەوەشکرد: بەرپرسی دێسکی عێراق لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا ڕایگەیاندووە، کە وڵاتەکەی بە پەرۆشە و جددییە لەوەی ناردنە دەرەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان دەستپێبکاتەوە و بۆ ئەم بابەتەش لە پەیوەندی بەردەوامدان.
گوتیشی: بەرپرسانی ئەمەریکا جەختیان کردەوە کە هەرێمی کوردستان هاوبەشێکی گرنگیانە، هەروەها پەیوەندییەکی باش و مێژووییمان لەگەڵ ئەمەریکا هەیە.