بلینکن بۆ گالانت: شەڕ لە بەرژەوەندیی کەسدا نییە
وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا ڕایگەیاند، ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا به یۆئاڤ گالانت، وەزیری بەرگریی ئیسرائیلی ڕاگەیاندووە، گرژییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە بەرژەوەندی هیچ کەسێکدا نییە.
وەزارەتەکە لە بەیاننامەیەکدا ئەوەشی خستووەتە ڕوو، بلینکن بۆ گالانت جەختی لەسەر "ئاگربەست لە غەززە" کردووەتەوە، کە دەبێتە هۆی ئازادکردنی بارمتەکانی کەرتی فەڵەستین و "کەشوهەوای گونجاو بۆ سەقامگیرییەکی فراوانتر لە ناوچەکەدا دابین دەکات".
لە بەیاننامەکەدا هاتووە، بلینکن پابەندبوونی پتەوی ئەمەریکای بە ئاسایشی ئیسرائیل دووپات کردەوە.
وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا ڕایگەیاند، واشنتۆن 3.5 ملیار دۆلار بۆ ئیسرائیل دابین دەکات، بۆ ئەوەی لە چەک و کەرەستەی سەربازی ئەمەریکا خەرج بکات، ئەوەش لە دوای چەند مانگێک لە گفتوگۆکردن لەگەڵ کۆنگرێس بۆ دابینکردنی ئەو پارانە لە کاتی شەڕی ئیسرائیل لە غەززە.
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا ڕایگەیاند، وەزارەتەکە ڕۆژی پێنجشەممە کۆنگرێسی ئاگادار کردووەتەوە کە حکوومەت بەنیازە ملیارەها دۆلار وەکو پارەی سەربازی بیانی بۆ ئیسرائیل دابین بکات.