لە هێرشێکی ئیسرائیل بۆ سەر قوتابخانەیەک لە گەڕەکێکی ناوەڕاستی غەززە، زیاتر لە 100 کەس کوژران

کۆمەڵکوژییەکەی ئیسرائیل لە غەززە
کۆمەڵکوژییەکەی ئیسرائیل لە غەززە

ئەمڕۆ شەممە، 10ـی ئابی 2024، مێدیا فەڵەستینییەکان ڕایانگەیاند، لە هێرشێکی ئیسرائیل لە کاتی نوێژی بەیانیدا بۆ سەر قوتابخانەیەک لە گەڕەکی دەراج، لە ناوەڕاستی شاری غەززە، زیاتر لە 100 فەڵەستینی کوژران و دەیان کەسیش بریندار بوون.

سوپای ئیسرائیل ڕایگەیاند "بۆمبارانی ژمارەیەک چەکداریان کردووە کە ئەو قوتابخانەیەیان لە  ناوەڕاستی گەڕەکەکە، وەک پەناگە بەکار دەهێنا".

لە بەیاننامەکەدا هاتووە: بە ڕێنمایی فڕۆکەی هەواڵگریی دەزگای هەواڵگریی سەربازی 'شباک' و فەرماندەیی باشوور، هێرشی کردە سەر ئەو تێکدەرانەی کە لە بارەگایەکی فەرماندەیی سەربازی کاریان دەکرد و لەناو قوتابخانەی تابعین دانرابوو، کە دەکەوێتە تەنیشت مزگەوتێکەوە لە ناوچەی دەراج و تفاح، کە وەک پەناگەیەک بۆ دانیشتوانی شارەکە بەکار دێت.

لە بەیاننامەکەدا ئەوەش هاتووە "تیرۆریستانی حەماس قوتابخانەکەیان بۆ شاردنەوە و پەرەپێدانی هێرشە تیرۆریستییە جۆراوجۆرەکان دژی هێزەکانی ئیسرائیل و دەوڵەتی ئیسرائیل بەکار هێناوە".

سوپای ئیسرائیل دووپاتی کردەوە کە "پێش ئەنجامدانی هەڵمەتەکە چەند هەنگاوێک نراوە کە ئەگەری زیانگەیاندن بە هاووڵاتیانی مەدەنی کەم دەکاتەوە، لەوانە بەکارهێنانی تەقەمەنی دیاریکراو بۆ جۆری هەڵمەتەکە و بەکارهێنانی وێنەی ئاسمانی و زانیاریی هەواڵگری دیکە".

سوپای ئیسرائیل لە کۆتایی بەیاننامەکەیدا جەختی لەوە کردەوە، حەماس بە شێوەیەکی سیستماتیک بڕگەکانی یاسا نێودەوڵەتییەکان پێشێل دەکات، بە شێوەیەکی بێمانا دامەزراوە مەدەنییەکان، پەناگە و خەڵکی مەدەنی وەک قەڵغانی مرۆیی بۆ چالاکیی و مەبەستی تیرۆریستی دەقۆزێتەوە.

لەلایەکی دیکەوە بەرگری شارستانی لە غەززە بڵاوی کردەوە، دوای هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر قوتابخانەی تابعین، تەرمی هاووڵاتیان ئاگری گرتووە، تیمەکانیش لە هەوڵی کۆنترۆڵکردنی ئاگرەکەدا بوون بۆ ڕزگارکردنی بریندارەکان.

گوتەبێژی بەرگری شارستانی کەرتی غەززە ڕایگەیاند، بۆردومانەکەی ئیسرائیل بۆ سەر قوتابخانەکە بووەتە هۆی مردنی 90%ی ئاوارەکانی ئەوێ، ئاماژەی بەوەش کرد، زیاتر لە 100 کەس لە بۆردومانەکەی ئیسرائیل بە سێ مووشەک لە هۆڵی نوێژکردنی ئاوارەکان بوو لە ناو قوتابخاکەی گەڕەکی دەراج کوژراون.

نووسینگەی ڕاگەیاندنی حکوومی لە غەززە لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاندووە، سوپای ئیسرائیل کۆمەڵکوژییەکی لەناو قوتابخانەی تابعین لە شاری غەززە کرد و زیاتر لە 100 کەس مردون و دەیان برینداری لێکەوتووەتەوە، ئەوەش تاوانی جینۆساید و پاکتاوی نەتەوەیی دژی گەلی فەڵەستینمان.

ئاماژەی بەوەش کرد "سوپای ئیسرائیل لە کاتی نوێژی بەیانیدا ڕاستەوخۆ بۆردومانی خەڵک و ئاوارەی کردووە. تیمە پزیشکییەکان و بەرگری شارستانی و تیمەکانی فریاگوزاریی تا ئێستە نەیانتوانیوە تەرمی هەموو مردووەکان وەربگرن".

نووسینگەی مێدیای حکوومی لە غەززە بە توندترین شێوە ئیدانەی ئەم کۆمەڵکوژییە ترسناکەی ئیسرائیلی کرد و داوا لە هەموو جیهان کرد ئیدانەی بکەن و داگیرکەری ئیسرائیل و ئیدارەی ئەمەریکا بە تەواوی بەرپرسیار بن لەم کۆمەڵکوژییە.

داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و ڕێکخراوە نێودەوڵەتی و نێودەوڵەتییەکان کرد، کە فشار بخەنە سەر ئیسرائیل بۆ ڕاگرتنی تاوانی جینۆساید و پاکتاوی نەتەوەیی بەرامبەر بە خەڵکی سڤیل و ئاوارە لە کەرتی غەززە، هەروەها غەززە بووە بە گۆمی خوێن و خوێنی لێ دەرژێت.