سه‌رۆكی پێشووی هه‌رێمی كه‌ته‌لۆنیا دوای ده‌ركه‌وتنه‌وه‌ی له‌ به‌رشه‌لۆنه‌، خۆی گه‌یانده‌وه‌ به‌لجیكا

کارلێس پویگدێمۆنت
کارلێس پویگدێمۆنت

سه‌رۆكی پێشووی هه‌رێمی كه‌تالۆنیا كه‌ له‌وه‌ته‌ی پرۆسه‌ی ڕیفراندۆمی هه‌رێمه‌كه‌‌ له‌ تشرینی یه‌كه‌می ساڵی 2017ـدا ئیسپانیای بە جێ هێشتووە و لە به‌لجیكا نیشتەجێیە، دوای ئه‌وه‌ی ڕۆژی پێنجشه‌ممه‌ 8ـی ئابی 2024، له‌ پڕ گه‌ڕایه‌وه‌ ئیسپانیا و له‌ به‌رشه‌لۆنه و‌ له‌ ناو جه‌ماوه‌ردا به‌ ده‌ر كه‌وت و گوتارێكی پێشكه‌ش كرد، جارێكی دیكه‌ ون بووه‌وه‌ و ڕایده‌گه‌یه‌نێت، به‌هۆی ئه‌وه‌ی پۆلیس و هێزه‌ ئه‌منییه‌كانی حكوومه‌تی ئیسپانیا هه‌وڵی ده‌ستگیركردنیان داوه‌، وڵاته‌كه‌ی به‌ جێ هێشتووه‌وه‌.

کارلێس پویگدێمۆنت، سه‌رۆكی پێشووی هه‌رێمی كه‌ته‌لۆنیا و سه‌رۆكی جوداخوازانی ئه‌و هه‌رێمه‌ی ئیسپانیا كه‌ له‌وه‌ته‌ی پرۆسه‌ی ڕیفراندۆمی هه‌رێمه‌كه‌‌ له‌ 1ـی تشرینی یه‌كه‌می ساڵی 2017ـدا ئیسپانیای بەجێ هێشتووە و لە به‌لجیكا نیشتەجێیە، گه‌ڕایه‌وه‌ ئیسپانیا و له‌ ناو ئاپۆرای جه‌ماوه‌ره‌كه‌ی له‌ به‌رشه‌لۆنه‌دا به‌ ده‌ر كه‌وت، به‌ڵام ئێواره‌ی ڕۆژی هه‌ینی 9ـی ئابی 2024، له‌ به‌لجیكا به‌ ده‌ر كه‌وته‌وه‌ و ڕایگه‌یاند، ئیسپانیا به‌ جێ هێشتووه‌ و خۆی گه‌یاندووه‌ته‌وه‌ به‌لیجكا.

کارلێس پویگدێمۆنت گوتووشیه‌تی، پۆلیس و هێزه‌ ئه‌منییه‌كانی حكوومه‌تی ئیسپانیا هه‌وڵیان داوه‌ ده‌ستگیری بكه‌ن و بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌یش هه‌ڵمه‌تێكی به‌رفره‌وانیان ده‌ست پێ كرد، به‌ڵام توانیویه‌تی ده‌ربازی ببێت و بگه‌ڕێته‌وه‌ به‌لجیكا.

ڕۆژی پێنجشه‌ممه‌، 8ـی ئابی 2024، کارلێس پویگدێمۆنت، سه‌رۆكی پێشووی هه‌رێمی كه‌ته‌لۆنیا و سه‌رۆكی جوداخوازانی ئه‌و هه‌رێمه‌ی ئیسپانیا كه‌ له‌وه‌ته‌ی پرۆسه‌ی ڕیفراندۆمی هه‌رێمه‌كه‌‌ له‌ 1ـی تشرینی یه‌كه‌می ساڵی 2017ـدا ئیسپانیای بەجێ هێشتووە و لە به‌لجیكا نیشتەجێیە، گه‌ڕایه‌وه‌ ئیسپانیا و له‌ ناو ئاپۆرای جه‌ماوه‌ره‌كه‌ی له‌ به‌رشه‌لۆنه‌دا به‌ ده‌ر كه‌وت.

پویگدێمۆنت له‌ به‌رده‌م په‌رله‌مانی كه‌ته‌لۆنیا گوتارێكی كورتی پێشكه‌ش كرد، به‌ڵام هه‌ر زوو له‌ لایه‌ن پۆلیس و هێزه‌ ئه‌منییه‌كانه‌وه‌ بڵاوه‌ به‌ جه‌ماوه‌ره‌كه‌ی كرا و دوای ماوه‌یه‌كی كورتیش پۆیگدۆمێنت ون بوو و به‌ پێی هه‌ندێك له‌ سه‌رچاوه‌كان دووباره‌ هه‌ڵاتووه‌ته‌وه‌.

ده‌زگه‌ مێدیاكان بڵاویان كرده‌وه‌‌، هێزه‌ ئه‌منییه‌كان له‌ شه‌قام و كۆڵانه‌كانی كه‌ته‌لۆنیا بڵاوه‌یان كردووه‌ و ئۆتۆمبیله‌كان ده‌پشكنن به‌ مه‌به‌ستی دۆزینه‌وه‌ی پۆیگدۆمێنت.

مێدیاكان هێمایان بۆ ئه‌وه‌ كردبوو، یه‌كێك له‌ ئه‌ندامانی هێزه‌ ئه‌منییه‌كان یارمه‌تی کارلێس پویگدێمۆنتی داوه‌ و گوتاره‌كه‌ی له‌ناو ئۆتۆمبێله‌كه‌ی ئه‌و ئه‌ندامه‌ی هێزه‌ ئه‌منییه‌كان خوێندووه‌ته‌وه‌ و دواتریش به‌ هه‌مان ئۆتۆمبێل هه‌ڵاتووه‌.

ڕۆژی سێشه‌ممه‌ 11ـی حوزه‌یرانی 2024، یاسای لێبووردن بۆ سه‌ربه‌خۆخوازانی كه‌ته‌لۆنیا كه له‌ ڕیفراندۆمه‌كه‌ی ساڵی 2017ـدا بۆ جیابوونه‌وه‌ی هه‌رێمه‌كه‌یان له‌ ئیسپانیا‌ به‌شدار بوون، چووه‌ واری جێبه‌جێكردنه‌وه‌.

به‌ پێی یاساكه‌ بڕیار وابوو‌ کارلێس پویگدێمۆنت، سه‌رۆكی پێشووی هه‌رێمی كه‌ته‌لۆنیا بگه‌ڕێته‌وه‌ ئیسپانیا. مێدیاكانی ئیسپانیا له‌م باره‌وه‌ ئاماژه‌یان به‌وه‌ كردبوو‌، یاساكه به‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ له‌ ڕۆژنامه‌ی (وه‌قایعی) فه‌رمی ئیسپانیا، ده‌چێته‌ واری جێبه‌جێكردن و ڕێگه‌ به‌ پویگدێمۆنت و هاوڕێیانی دیكه‌ی ده‌دات دوای زیاتر له‌ شه‌ش ساڵ له‌ په‌ناهه‌نده‌یی، بگه‌ڕێنه‌وه‌ هه‌رێمه‌كه‌یان له‌ ئیسپانیا.

ڕۆژی پێنجشه‌ممه‌ 14ـی ئاداری 2024، په‌رله‌مانتارانی په‌رله‌مانی ئیسپانیا پرۆژەیاسای لێبووردنی جوداخوازانی كه‌ته‌لۆنیایان پەسەند کرد.

له‌ دانیشتنی ڕۆژی پێنجشه‌ممه‌دا په‌رله‌مانی ئیسپانیا 178 په‌رله‌مانتار ده‌نگیان له‌ به‌رژه‌وه‌ندیی پڕۆژه‌یاساكه‌ دا و 172 په‌رله‌مانتاری دیكه‌یش دژایه‌تیان كرد و ده‌نگیان پێ نه‌دا.

ئەم بڕیارە هەنگاوێکی چارەنووسساز بوو بۆ پێدرۆ سانچێز، سەرۆکوەزیرانی ئیسپانیا، بەو پێیەی لایەنە جوداخوازەکان پڕۆژەی لێبووردنیان پێشکەش کرد لە بەرامبەر پاڵپشتیكردنیان بۆ ئه‌وه‌ی بۆ جارێكی دیكه‌ له‌ پۆسته‌كه‌یدا بمێنێته‌وه‌.

سانچێز لە پۆستێکیدا لە تۆڕی ئێکس، پێشوازی لە دەنگدان لەسەر ئەو پڕۆژە یاسایە کرد و ڕایگەیاند، "هەنگاوێکی ئازا و پێویستە "کە "سەردەمێکی نوێی پێکەوەژیان و خۆشگوزەرانی لە کەتەلۆنیا" ده‌هێنێته‌ ئاراوه‌.

پڕۆژەیاساکە کە لەلایەن سۆسیالیستەکان و دوو پارتی جوداخوازی كه‌ته‌لۆنیاوه‌ داڕژراوە، پڕ مشتومڕترین دەقی یاسایییە کە پەرلەمان دەنگی لەسەر داوە لەدوای وه‌رگرتنی ده‌سه‌ڵات له‌ لایه‌ن سانچێز لە ساڵی 2018ـدا. فیلیکس بۆلانۆس، وەزیری دادی ئیسپانیا له‌و باره‌‌وه‌ ڕایگەیاند، یاسای لێبووردن "نزیکەی 400 کەس" ده‌گرێته‌وه‌.

له ‌لای خۆیه‌وه‌ كارلۆس پۆیگدۆمێنت هیوای خۆی دەربڕی کە یاساکە "تا کۆتایی مانگی ئایار" به‌ركار بێت، هه‌روه‌ها ڕایگەیاند،‌ هیوادارە بگەڕێتەوە بۆ ئیسپانیا دوای پەسەندکردنی ڕەشنووسی یاساکە.

ڕۆژی 13ـی ته‌ممووزی 2024، مێدیا ئیسپانیاییه‌كان بڵاویان كرده‌وه‌، هه‌ر یه‌ك له‌ مارتا ڕۆڤیرا، سکرتێری گشتیی چەپی کۆمارییەکانی کاتالۆنیا کە پارتێکی جوداخوازی میانڕەوی کەتەلۆنیایە له‌گه‌ڵ ژماره‌یه‌ك سه‌ركرده‌ی دیكه‌ی سیاسی گه‌ڕانه‌وه‌ هه‌رێمی كاتالۆنیا، كه‌ له‌ دوای سه‌رنه‌كه‌وتنی پرۆسه‌ی ڕیفراندۆمی سه‌ربه‌خۆیی هه‌رێمه‌كه‌یان له‌ تشرینی یه‌كه‌می 2017ـدا هه‌رێمه‌كه‌یان به‌ جێ هێشت.

ڕۆڤیرا كه‌ شه‌ش ساڵه‌ له‌ وڵاتی سویسرا نیشته‌جێیه‌، دوای گه‌ڕانه‌وه‌ی بۆ هه‌رێمه‌كه‌ له‌ كۆنفرانسێكی ڕۆژنامه‌وانیدا خۆشحاڵی خۆی به‌ گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ نیشتمان ده‌ربڕی و ڕایگه‌یاند، بەردەوام ده‌بێت لە خەبات بۆ سەربەخۆیی. گوتیشی، "ئێمە لێرەین بۆ تەواوکردنی ئەو ئەرکەی دەستمان پێ کردووە، ئازادیی هەمیشەیی خۆمان و ئازادیی گەلەکەمان بە دەست دەهێنین".