مێدیاکانی ئیسرائیل کاتی 'هێرشە فراوانەکەی' حزبوڵلا ئاشکرا دەکەن
مێدیاکانی ئیسرائیل ئاشکرای دەکەن، حزبوڵلای لوبنانی لە ماوەی 24 کاتژمێری داهاتوودا هێرشی فراوان بۆ سەر ئیسرائیل دەست پێ دەکات.
ڕۆژنامەی 'مەعاریف'ـی ئیسرائیلی لەم بارەیەوە ڕاپۆرتێکی بڵاو کردووەتەوە و تێیدا باسی لەوە کردووە "بە گوێرەی چەند سەرچاوەیەکی باڵای ئەمنی؛ حزبوڵلای لوبنانی پلانی هەیە لە ماوەی 24 کاتژمێری داهاتوودا هێرشێکی فراوان بکاتە سەر چەند ناوچەیەکی ئیسرائیل؛ وەکو تۆڵەکردنەوەیەک بەرامبەر کوژرانی 'فوئاد شکور' لە بەیروت".
لەلایەکی دیکەوە، ڕۆژنامەی 'یەدیعۆت ئەحرانۆت'ـی ئیسرائیلی ئاماژەی بەوە داوە "حزبوڵلا سوورە لەسەر ئەوەی لەگەڵ ئێران بێت یاخود بەبێ ئێران، لە چەند ڕۆژی داهاتوودا هێرش بکاتە سەر ئیسرائیل".
بە گوێرەی زانیارییەکانی ئەو ڕۆژنامەیە، حزبوڵلا بڕیاری هێرشی داوە و گفتوگۆکانی 15ی ئەم مانگەی تایبەت بە ئاگربەستی غەززە پەشیمانی ناکاتەوە.
ئەمە لە کاتێکدایە، ئێوارەی سێشەممە، 30-07-2024، ئیسرائیل هێرشی کردە سەر گەڕەکی باشووری بەیرووت و باڵەخانەیەکی نیشتەجێبوون و یەکێک لە سەرکردەکانی حزبوڵڵای لوبنانی بە ناوی 'فوئاد شکور' کوشت.