پێشبینی دەکرێت ژمارەی زیارەتکاران بۆ چلەی ئیمام حوسێن بگاتە 13 ملیۆن کەس

دەستەی گەشتوگوزاری سەر بەوەزارەتی ڕۆشنبیریی عێراق پیشبینی دەکات ژمارەی زیارەتکارانی ئێرانی بۆ عێراق بگاتە 13 ملیۆن کەس، ئەو ژمارەیەش دوو هێندەی پێشبینییەکانی ئێرانە.

ڕؤژنامەی "سەباح"ـی حکوومی بڵاوی کردووەتەوە، بەڕێوەبەری بەشی گرووپە گەشتیارییەکان لە دەستەی گەشتوگوزاری سەر بە وەزارەتی ڕۆشنبیری، مەهدی غەزبان ساعدی، ڕایگەیاندووە "پێنج دەروازەی وشکانی وەک "زەرباتیە و شەلەمچە" ئامادە کراون بۆ وەرگرتنی هاتنی زیارەتکاران لە ئێرانەوە، هیوادارە ژمارەی زیارەتکاران بگاتە 13 ملیۆن کەس".

ئاماژەی بەوەش کرد: جگە لە دەروازەی "شەیب" کە بۆ پێشوازیی لە زیارەتکارانی ئەفغانستان و پاکستان و نەتەوەکانی دیکە ئامادە کراوە، بە یەکێک لە قەرەباڵغترین دەروازەکان دادەنرێت. هاوکات دەروازەی "سەفوان"یش بۆ زیارەتکارانی وڵاتانی کەنداو ئامادە کراوە، هەروەها دەروازەی مونزرییە لە مەندەلی ئامادە کراوە بۆ هاتنی تورک و ئازەربایجانییەکان.

ساعدی گوتیشی: زیاتر لە 40 کابینە ئامادە کراون بۆ مۆرکردنی پاسپۆرتەکان، جگە لە دابینکردنی ئاوی خواردنەوە و کەپر. هەروا هەردوو فڕۆکەخانەی بەغدا و نەجەف بۆ گەشتە ئاسمانییەکان ئامادە کراون کە زیارەتکاران دەتوانن لەڕێگەی هێڵی ئاسمانییەوە گەشت بکەن بۆ عێراق.

ساڵی ڕابردوو ژمارەی زیارەتکارانی بیانی گەیشتە نزیکەی شەش ملیۆن کەس؛  چوار ملیۆنیان زیارەتکاری ئێرانی بوون. ئێران پێشبینی دەکات ژمارەی زیارەتکارانی ئەمساڵی وڵاتەکەی بگاتە 4.6 ملیۆن کەس، ئەوەش لە کاتێکدایە ئەو بەرپرسەی گەشتیاری کە باس لە 13 ملیۆن زیارەتکار دەکات، بە ڕێژەی 180% لە پێشبینییەکانی ئێران زیاترە.