بڕیاری داخستنی سێ حزبەکەی سەر بە پەکەکە لە سلێمانی جێ بەجێ نەکراوە

kurdistan24.net

هەر چەندە دەستەی دادوەریی هەڵبژاردنەكانی سەر بە ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق بڕیاری داخستنی سێ حزبی نزیک لە پەکەکە دەرکردووە، بەڵام بڕیارەکە لە سلێمانی جێبەجێ نەکراوە.

لەسەر داوای فەرمانگەی کاروباری حزب و ڕێکخراوە سیاسییەکان؛ دەستەی دادوەریی هەڵبژاردنەكانی سەر بە ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق، بڕیاری داوە بە هەڵوەشاندنەنەوە و داخستنی بارەگاکانی هەر یەکە لە حزبەکانی (ئازادی دیموکراتی ئێزدی، بەرەی تێکۆشانی دیموکراتی و تەڤگەری ئازادی) کە نزیکن لە پەکەکە و بەپێی بڕیارەکە، دەست بەسەر ماڵ و موڵکەکانیشیاندا دەگیرێت.

 داواکە، لەسەر بنەمای سکاڵایەکی ڕاوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی بووە بەهۆی چالاکیی ئەو حزبانە کە پەیوەندییان بە پەکەکەوە هەیە لە کاتێکدا ئەو پارتە لە عێراق قەدەغە کراوە.

ئەوەى کێشەیە ئێستا لە سلێمانییە، چونکە زۆرترین بارەگاى ئەو سێ حزبە لەو سنوورەن؛ زانا تۆفیق بەگ، چاودێریی سیاسى، بە دووری دەزانێت، بە ئاسانى بتوانرێت لە سلێمانى بڕیارەکە جێ بەجێ بکرێت.

ئەو چاودێرە سیاسىییە باسی لەوەش کرد: بەداخەوە ئەو سێ حزبەی سەر بە پەکەکە چالاکییان لەنێو شاری سلێمانیدا هەیە و دەسەڵاتی شارەکە تا ئێستا نەیتوانیوە بارەگاکانیان دابخات یان کۆنترۆڵیان بکات.

بەهۆی ئەوەی پەکەکە لە سنوورى پارێزگای سلێمانى زۆرترین باڵادەستى و چالاکى هەبووە؛ چاودێران بە پێویستی دەزانن، بڕیارەکە جێبەجێ بکرێت، ئەگەر نا دەسەڵاتدارانى سنوورەکە دەخرێنە ژێر پرسیارەوە.