ڕۆیتەرز: کۆماری ئیسلامیی ئێران توانیویەتی کڕیاری نوێ بۆ نەوتەکەی بدۆزێتەوە

نەوتی ئێران
نەوتی ئێران

ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز ڕایگەیاند، کۆماری ئیسلامیی ئێران توانیوویەتی کڕیاری نوێ بۆ نەوتەکەی بدۆزێتەوە و بەرهەمهێنان و هەناردەی نەوتی ئەم وڵاتەش لەم مانگەدا گەیشتووەتە بەرزترین ئاست لە ساڵی 2018وە. لە ماوەی شەش ساڵی ڕابردوودا و پاش دەرچوونی ئەمەریکا لە ڕێککەوتننامەی ئەتۆمی، هەموو کڕیارەکانی نەوتی ئێران کۆتاییان بە هاوردەکردنی نەوتی ئەم وڵاتە هێنا و چین بوو بە تاکە کڕیاری نەوتی کۆماری ئیسلامیی ئێران.

لە پاش شەش ساڵ، کۆماری ئیسلامیی ئێران توانیویەتی کڕیاری نوێ بۆ نەوتەکەی بدۆزێتەوە. ئەمە ناوەرۆکی ڕاپۆرتێکی ئاژانسی ڕۆیتەرزە کە بە پشتبەستن بە زانیارییەکانی کۆمپانیاکانی چاودێریی نەوتهەڵگرەکان بڵاو کراوەتەوە.

بە پێی ئەم ڕاپۆرتە، لە چەند مانگی ڕابردوودا، ئەو نەوتهەڵگرانەی نەوتی ئێرانیان پێ بووە، لە بەندەرگاکانی عومان و بەنگلادیش لەنگەریان گرتووە. لە پاش دەرچوونی ئەمەریکا لە ڕێککەوتننامەی ئەتۆمی لە ساڵی 2018دا، چین تاکە وڵاتێک بوو کە لە کڕین و هاوردەکردنی نەوتی ئێران بەردەوام بوو. ئەگەرچی نەوتی ئێران بە ناوی وڵاتانی دیکەوە هەناردەی چین دەکرا و گومرکی چین هیچ نەوتێکی بە ناوی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە تۆمار نەدەکرد.

ئێستە پاش شەش ساڵ و لە سایەی چاوپۆشییەکانی کابینەی جۆو بایدن، لە گەمارۆ نەوتییەکانی سەر ئێران، تاران توانیویەتی کڕیاری نوێ بۆ نەوتەکەی بدۆزێتەوە.

پیشتر جەواد ئەوجی، وەزیری نەوتی کابینەی 13یەمی ئیران ڕایگەیاندبوو، وڵاتەکەی نەوت بۆ 17 وڵات هەناردە دەکات. بەڵام داتاکانی کۆمپانیا جیهانییەکانی چاودێریی نەوتهەڵگرەکان، ناڕاستیی ئەم ئامارەیان دەسەلماند.

ڕۆیتەرز، لە ڕاپۆرتەکەیدا ئاشکراشی کردووە، بەرهەمهێنانی نەوتی ئێران لە مانگی ڕابردوودا گەیشتووەتە ڕۆژانە سێ ملیۆن و 220 هەزار بەرمیل کە ئەمەش باڵاترین ئاستی بەرهەمهێنانی نەوتی ئەم وڵاتە لە پاش ساڵی 2018یە و بە نیازە بەرهەمهێنانی نەوتەکەی بگەیەنێتە چوار ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا.

 لە ساڵی 2021 و لە دوایین مانگەکانی دەسەڵاتی حەسەن ڕۆحانی، بەرهەمهێنانی نەوتی ئیران گەیشبووە دوو ملیۆن و دوو سەد هەزار بەرمیل، لەم بڕەش 800 هەزار بەرمیلی هەناردە دەکرا. بە زۆربوونی بەرهەمهێنانی نەوت، هەناردەی نەوتی ئێرانیش زیادی کردووە و گەیشتووەتە زیاتر لە دوو ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا؛ کە ئەمەش زۆرترین بڕی هەناردەی نەوتی ئێران لە ماوەی شەش ساڵی ڕابردوودا.