فواد حسێن: هیچ ڕێککەوتنێکی لەشکرکێشی لەگەڵ تورکیا نەکراوە
وەزیری دەرەوەی عێراق ڕایدەگەیەنێت "هیچ ڕێککەوتنێک لەگەڵ تورکیا نەکراوە بۆ ڕێگەدان بە لەشکرکێشی و ئۆپراسیۆنی سەربازیی لە قوڵایی خاکی عێراقدا". لە بارەی ئاڵۆزییەکانی ناوچەکەش دەڵێت: ئاسایش و سەقامگیریی ناوچەکە بە یەکەوە گرێ دراوە، هەربۆیە هەر گرژییەک کاریگەری لەسەر تەواوی وڵاتان دەبێت.
فواد حسێن وەزیری دەرەوەی عێراق لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵێکی تەلەفزیۆنی عێراقیدا ڕەتی کردەوە، بەغدا و ئەنقەرە هیچ ڕێککەوتنێکیان لەبارە هاتنەناوەوەی سوپای تورکیا بۆ ناو خاکی عێراق کردبێت.
گوتیشی: ئەوەی هەیە تەنیا یاداشتنامەیەکی لەیەکگەیشتنە، نەک ڕێککەوتن، ئەویش دەگەڕێتەوە بۆ سەرەتای هەشتاکانی سەدەی ڕابردوو، لە سەردەمی ڕژێمی بەعس کراوە، تاریق عەزیز وەزیری دەرەوەی ئەوسای عێراق و وەزیری دەرەوەی تورکیا ڕەشنووسێکی لەیەکگەیشتنیان ئیمزا کردووە و لەوێدا ئاماژە دراوە بەوەی "لایەنی تورکی بۆی هەیە بۆ ماوەی 72 کاتژمێر لە قوڵایی پێنج کیلۆمەتر ئۆپراسیۆن لە خاکی عێراقدا بکات، بەو مەرجەی پێشوەختە لایەنی عێراق لە مەبەستی ئۆپراسیۆنەکە ئاگادار بکاتەوە".
فواد حسێن ئاماژەشیدا "ئەوەی کراوە تەنیا بۆ یەک ساڵ بووە و درێژکردنەوەی نەبووە، هەربۆیە هیچ ڕێککەوتنێک لە نێوان عێراق و تورکیا نییە، بەڵام ئەوەی ئێستا هەیە تورکیا داوا دەکات ڕێگری لە چالاکییە چەکدارییەکانی پەکەکە بکرێت، کە ئەویش حزبێکی تورکیایە و لە ناوچە سنوورییەکان هەن".
سەبارەت بە ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە و هەڕەشەکانی ئێران لە ئیسرائیل، وەزیری دەرەوەی عێراق گوتی: ئێستا ناوچەکە لە شەڕدایە و بە بڕوای من دۆخەکە مەترسیدارە و ئەوەشی هەیە پەیوەندی بە شەڕی غەززەوە هەیە کە ئێستا کوشتنی ئافرەتان و منداڵان و دەربەدەرکردنی دانیشتووانی غەززە هەر بەردەوامە، ئەمەش بە گشتیی کاریگەری کردووەتە سەر ناوچەکە.
گوتیشی: بەر لە شەڕی غەززە، ململانێ و ئاڵۆزییەکانی ئێران لەگەڵ ئەمەریکا و ئیسرائیل هەر هەبوون یان ئاڵۆزییەکانی حزبوڵلا و ئیسرائیل لە باشووری لوبنان، هەربۆیە چەند گۆڕەپانێکی ململانێ لە ناوچەکەدا هەن، کە بەسەر گۆڕەپانی هەرێمی و جیهانی دابەش بوون، ئەمەش وایکردووە ناوچەکە بکەوێتە ژێر ئاگر.
فواد حسێن دەڵێ: بە دڵنیاییەوە پەرەسەندنی ئاڵۆزییەکانی ئێران و ئەمەریکا بەشێوەیەکی ڕاستەوخۆ کاریگەریی لەسەر دۆخی عێراق دەبێت، جا کاریگەرییەکان لە سەر دابەشبوونی جوگرافی یان کۆمەڵگەیی عێراقی دەبێت، جیا لەمەش هەروەها ئاسایش و سەقامگیریی ناوچەکە بە یەکەوە گرێدراوە، کاتێک ئاڵۆزیی لە وڵاتێکی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ڕوودەدات، کاریگەریی بەسەر دۆخی وڵاتێکی دیکەشەوە دەبێت، ڕەنگە کاریگەرییەکان جیاوایان لەسەر وڵاتێک زیاتر بێت بەراورد بە وڵاتێکی دیکە.
هەروەها ڕەتیکردەوە و گوتی: هیچ بڕیارێکی فەرمیی بۆ کردنەوەی بارەگای حەماس لە ناو عێراق یاخود میوانداریی سەرکردەکانی ئەو ڕێکخراوە نییە، چونکە عێراق قبووڵی نییە ببێتە مەیدانێک بۆ یەکلایکردنەوەی ململانێ ناوچەییەکان.