ئیسرائیل: ئێران کۆنترۆڵی کەمپەکانی غەززەی کردووە
ئیسرائیل داوای چۆڵکردنی کەمپی ئاوارەکانی غەززە دەکات و دەڵێت: ئێران کۆنترۆڵیانی کردووە.
یەکشەممە، 11-08-2024، مێدیاکانی ئیسرائیل لەسەر زاری ئیسرائیل کاتس، وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە بڵاویان کردووەتەوە، "پێویستە وەکو کەرتی غەززە مامەڵە لەگەڵ کەمپی جەنین بکرێت". داواشی کرد کەمپەکە لە هاووڵاتییانی سڤیل چۆڵ بکرێت.
بە گوتەی وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل، دەسەڵاتدارێتیی فەڵەستین سەرپەرشتیی کەمپی ئاوارەکانی غەززە ناکات، بەڵکوو کەمپەکان "لە ژێر کۆنترۆڵی ئێراندان".
پێشتر، چەندین جار ئیسرائیل بۆردوومانی کەمپی ئاوارەکانی غەززەی کردووە و لە ئەنجامیشدا سەدان کەس کوژراون و بریندار بوون. بەرپرسانی ئیسرائیل ڕایانگەیاندووە "بەرپرسانی حەماس کەمپی ئاوارەکان وەکو حەشارگە بەکاردەهێنن و لەنێویاندا تیماری برینداربووانیان دەکەن و خۆیان ڕێک دەخەنەوە".
شەڕی حەماس و ئیسرائیل لە نێو غەززە پێی ناوەتە مانگی هەشتەم و زیاتر لە 310 ڕۆژە بەردەوامە. بە گوێرەی ئامارەکانی وەزارەتی تەندروستی لە غەززە، بە هۆی شەڕەکەوە زیاتر لە 50 هەزار هاووڵاتیی سڤیل کوژراون و زیاتر لە 100 هەزار دیکەش برینداربوونە.