دۆناڵد ترامپ هێرش دەکاتە سەر هاریس و کشانەوەی بایدنیشی بە کودەتا ناوبرد

دۆناڵد ترەمپ، کاندیدی کۆمارییەکان بۆ پۆستی سەرۆکایەتیی ئەمەریکا، کۆبوونەوەیەکی دوو کاتژمێری لەگەڵ ئیلۆن مەسک، ملیاردێر و خاوەنی پلاتفۆرمی ئێکس کرد.

مەسک، کە لایەنگری ترامپە، دەڵێت: بەهۆی کێشەکانەوە هێرش کراوتە سەر تۆڕەکە و فشاریان لەسەر سێرڤەرەکان دروست کردووە بە ئامانجی داخستنی پلاتفۆڕمەکە، بەڵام بەڵگەی لەسەر قسەکانی نەخستە ڕوو.

ترامپ هەوڵی دا کێشەکان وەک شتێکی ئەرێنی نیشان بدات و پیرۆزبایی لە ئیلۆن مەسک کرد بەهۆی زۆری ژمارەی ئەو کەسانەی کە هەوڵیان داوە گوێ لە چاوپێکەوتنە بگرن. کە بەگوێرەی ئامارێکی ئێکس،  یەک ملیۆن و 300 هەزار کەس گوێیان لە گفتوگۆ درێژخایەنەکەی نێوانیان بووە.

ئیلۆن مەسک، ستایشی ترامپ دەکات بۆ ئەو ئازایەتیەی کە لە کاتی هەوڵی تیرۆرکردنەکەیدا هەیبووە کە لە مانگی ڕابردوودا ڕوویدا، هاوکات ترامپیش پیرۆزبایی لە مەسک کرد، کە ئامادەیە کرێکارانی کۆمپانیاکانی دەر بکات، کە داوای باشترکردنی دۆخی کارکردنیان دەکرد.

ترامپ ئاماژەی بەوەش دا، تۆ باشترین کەسیت بۆ بڕیاردان لەسەر شتەکان، دێیتە ژوورەوە و دەڵێی: دەتەوێت دەست لەکار بکێشیتەوە؟ پاشان ناڕەزایەتی دەردەبڕن، دواتر تۆ دەڵێیت: باشە، هەمووتان لە کارەکانتان دەرکراون.

ماسک، کە دەوڵەمەندترین پیاوی جیهانە، دوای ماوەیەکی کەم لە هەوڵی تیرۆرکردنی ترامپ پشتگیریی خۆی بۆ کاندیدی کۆمارییەکان ڕاگەیاند. سەرەڕای ئەوەی ترامپ دژایەتیی کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنەری ئۆتۆمبێلی کارەبایی تێسلای دەکرد و مەسکیش لە ساڵی 2020دا پشتگیریی لە جۆو بایدن، سەرۆکی دیموکراتەکان دەکرد.

لەو گفتوگۆیە ترامپ، باسی ڕکابەرەکەی، کامالا هاریس، کرد و چەندین جار ڕەخنەی لە هاریس گرت و بە پلەی سێیەم و ناکارامە و شێتێکی چەپی توندڕەو وەسفی کرد.

ترامپ گوتیشی: لەو کاتەوەی ئەم هەموو فێڵە دەستی پێ کردووە، هیچ چاوپێکەوتنێکی نەکردووە. ئاماژەی بەوەش دا "کشانەوەی بایدن لە کێبڕکێکە 'کودەتا' بووە". ترامپ لە زۆرێک لە ڕاپرسییەکانی ویلایەتەکاندا لە پێش بایدنەوە بوو، بەڵام ئێستا لە هەندێک لەو ویلایەتانەدا لە دوای هاریسەوەیە.

هەرچەندە ترامپ لە زووەوە ڕەخنەی لە ئۆتۆمبێلی کارەبایی گرتووە، بەڵام لە دوای پشتگیریکردنی مەسک هەڵوێستی خۆی گۆڕیوە و ئەو ئۆتۆمبێلە کارەباییانەی کە لەلایەن کۆمپانیای تێسلا دروست دەکرێن بە "سەرسوڕهێنەر" وەسف کرد.

ڕۆژی 21ـی تەمموزی 2024، جۆو بایدن لە نامەیەکی کراوەدا، کشانەوەی خۆی لە کێبڕکێی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمەریکا ڕاگەیاند.

لە نامەکەیدا، بایدن ئاماژەی بە کارەکانی ماوەی سێ ساڵ و نیوی ڕابردوو کردووە کە وەک سەرۆکی ئەمەریکا کردووێتی و ڕایگەیاندووە: شانازییەکی گەورەی ژیانی بووە کە وەک سەرۆک توانیویەتی خزمەتی ئەمەریکییەکان بکات.

بایدنی سەرۆکی ئەمەریکا، دوای بڵاوکردنەوەی نامەی دەستبەرداربوونی لە دووبارە خۆکاندیدکردنەوە بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمەریکا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک پەیامێکی ئاراستەی دیموکراتەکان کردووە و پشتیوانی خۆی بۆ کامالا هاریس دووپات کردووەتەوە.