بەرپرسێکی ئیسرائیلی: ئێران هەموو ئامادەکارییەکی بۆ هێرشی مووشەکی و درۆنی کردووە
بەگوتەی بەرپرسێکی ئیسرائیلی، بە گوێرەی لێدوانە ئاشکراکانی بەرپرسانی ئێران، سوپای پاسداران هەموو ئامادەکارییەکی بۆ هێرشێکی فراوانی درۆن و مووشەکیی بۆ سەر ئیسرائیل، کردووە.
سکای نیووز، لە زاری ڕۆژنامەنووسی ئیسرائیلی، باراک ڕاڤید بڵاوی کردووەتەوە، کە بەرپرسێکی باڵای ئیسرائیل ئاشکرای کردووە "ئێران هاوشێوەی پێش هێرشەکانی نیسانی ڕابردوو، دەستی کردووە بە ئامادەکردنی درۆن و سیستەمە مووشەکییەکانی بۆ هێرشکردنە سەر ئیسرائیل. نە ئیسرائیل و نە ئەمەریکا بە دروستی ساتی هێرشەکەیان بۆ ئاشکرا نەبووە".
بەرپرسە ئیسرائیلییەکە هەروا ڕایگەیاندووە "ئێرانییەکان بە ئاشکرا ئامادەکاریی دەکات بۆ هێرشێکی فراوان و گەورە بۆ سەر ئیسرائیل و ئەمەش بە ڕوون و ئاشکرا بە لێدوانی بەرپرسانی ئێرانییەوە دیارە، کە مەبەستیانە هێرشی ئەم جارە لە هێرشەکەی نیسان ڕابردوو زۆر گەورەتر و کاریگەرتر بێت".
هەروەها ئاماەژی داوە، لێدوانە ئاشکراکانی بەرپرسانی ئێران هیچ پاشگەزبوونەوەیەکی تێدا نابێت.
لەلایەن خۆیەوە عەلی باقری کەنی، سەرپەرشتی وەزارەتی دەرەەوەی ئێران سەرەتای ئەم هەفتەیە ڕایگەیاندبوو "وەڵامدانەوەی ئیسرائیل مافێکی یاساییە و یەکلاکەرەوەش دەبێت، چونکە وەڵامەکەی ئێران لەبەرژەوەندیی ئاسایش و سەقامگیریی هەموو وڵاتانی ناوچەکەدا دەبێت".
دوای کوژرانی ئیسماعیل هەنییە، سەرۆکی مەکتەبی سیاسیی حەماس لە تاران و فوئاد شکور، سەرکردەی حزبوڵلا بەیرووت گرژییەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست زیاتر بوون.