حەیدەر حەنوون: پێویستە بە هەموولایەکمانەوە ڕووبەڕووی گەندەڵکاران و بازرگانانی ماددەی هۆشبەر ببینەوە

سەرۆی دەستەی دەستپاکیی عیراق، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند "پێویستە بە هەموولایەکمانەوە ڕووبەڕووی گەندەڵکاران و بازرگانانی ماددەی هۆشبەر ببینەوە و هەروەها پێویستە مێدیاکانیش ڕۆڵێکی سەرەکی ببینن بۆ ئەم هەڵمەتە".

سێشەممە، 13ـی ئابی 2024، حەیدەر حەنون، سەرۆی دەستەی دەستپاکیی عیراق لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، بەداخەوە بەشێکی زۆری گەندەڵەکان پارێزبەندیان هەیە، دەبینین گەندەڵی سەری کێشاوە بۆ بازرگانیی بە ماددەی هۆشبەر، کە یەکێکە لە دەرهاویشتەکانی گەندەڵێ، بۆ نموونە؛ ئەگەر گەندەڵی نەبێت لە سەرجەم بوار و کون و کەلەبەرەکاندا، ئەوا ژیان جۆرێکی دیکە دەبوو".

سەرۆکی دەستەی دەستپاکی دەڵێت: ئەگەر ئێمە بەیەکەوە ڕووبەڕوویان ببینەوە بەیەک دەست، گەنجان ئالوودەی ئەم ماددە هۆشبەرانە نابن. ئەگەر ڕێگری بکەین ئەوا ئەم ماددە هۆشبەرە تەشەنە ناکات و نامێنێت، با پرسیار لە خۆمان بکەین ئەو ماددە هۆشبەرانە لە کوێ هاتوون کە بە چەندەها تۆن ماددەی هۆشبەر دێتە ناو گەنجان و بڵاو دەبێتەوە. پێویستە ئێمە لێی بکۆڵینەوە و ڕاستییەکان بۆ خەڵکی دەربخەین.

سەرۆکی دەستەی دەستپاکی گوتیشی: بڕوام وایە ئەوەی عەلی سیستانی، مەرجەعی باڵای شیعە گوتی، ماددەی هۆشبەر بە بازرگانی کردن و هەڵگرتن و بەکارهێنانی حەرامە و هەمووی یەک شتە و هەمووشی نا یاساییە. ئەم گوتانە بەسە بۆ ئەوەی هەموومان دەست لەناو دەست ڕووبەڕووی ماددەی هۆشبەر ببینەوە.

حەیدەر حەنون ڕاشیگەیاند، ئێمە نامانەوێت مێدیا ڕۆڵێکی لاوز ببینێت، پیویستە مێدیا عێراقییەکان چاو بخاتە سەر گوتەکانی مەرجەعی بالای شیعە چی گوتووە، لەسەر پرۆژەی ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی و ماددەی هۆشبەر، بۆ نموونە لە ماددەی شەشدا، لە ڕێگەی نوێنەرەکانی خۆیەوە باسی ترسناکی ماددەی هۆشبەر و گەندەڵی کرد، تیشکی خستە سەر ئەو پرۆژەیەی کە ئێمە کاری لەسەر بکەین، وەکو دەستەی دەستپاکی فیدراڵی کە بریتییە لە پڕۆژەی نیشتمانی بە پاڵپشتی زانایانی ئایینی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ماددەی هۆشبەر.