د. جەگەر هەرکی: زیانی ڕاگرتنی هەناردەی نەوتی کوردستان، گەیشتووەتە نزیکەی 15 ملیار دۆلار

د. جەگەر عەزیز هەرکی، پسپۆڕی بواری نەوت و گاز
د. جەگەر عەزیز هەرکی، پسپۆڕی بواری نەوت و گاز

پسپۆڕێکی بواری نەوت و گاز ڕایدەگەیەنێت، بەهۆی ڕاگیرانی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان، تاوەکوو ئێستا نزیکەی 15 ملیار دۆلار زیانی دارایی بە حکوومەتی عێراق گەیشتووە.

سێشەممە، 13-08-2024، د. جەگەر عەزیز هەرکی، پسپۆڕی بواری نەوت و گاز بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند "ڕاگرتنی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی بەندەری جەیهانی تورکیاوە؛ کاریگەریی نەرێنی کردووەتە سەر پیشەسازیی نەوت و گاز لە عێراق و هەرێمی کوردستان".

وەکو ئەوەی د. جەگەر عەزیز هەرکی باسی کرد "بەهۆی ڕاگیرانی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان بۆ بەندەری جەیهانی تورکیا، مانگانە زیاتر لە 900 ملیۆن دۆلار زیانی دارایی بەر حکوومەتی عێراق دەکەوێت و کۆی گشتیی زیانە داراییەکانیش گەیشتووەتە نزیکەی 15 ملیار دۆلار".

بە گوتەی د. جەگەر هەرکی، "بەهۆی چارەنەکردنی کێشەی نەوتی کوردستان، حکوومەتی عێراق متمانەی کۆمپانیایە زەبەلاحەکانی جیهان کە لە بواری نەوت و گازدا کار دەکەن، لە دەست داوە. چونکە زیاتر لە 100 ساڵە عێراق هەناردەکاری نەوتە، کەچی زیاتر لە ساڵێکە کێشەیەکی چارە نەکردووە و ڕێگری لە هەناردەکردنەوەی نەوتەکە دەکات".

ئەو پسپۆڕەی نەوت و گاز باسی لەوەش کرد "هەر بەو هۆیەوە عێراق لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی تووشی گرفتی سیاسی و ئابووری بووە؛ بە تایبەت تورکیا بەردەوام فشار لە حکوومەتی فیدراڵی دەکات دەست بە هەناردەکردنەوەی نەوتی کوردستان بکات، چونکە پێش ڕاگیرانی، بەشێکی سەرەکی بووە لە بەرهەمهێنان و هەناردەکردنی نەوتەکە".

"حکوومەتی عێراق لەژێر کاریگەریی وڵاتانی ناوچەکە، کار بۆ هەناردەکردنەوەی نەوتەکە ناکات و دەیەوێت کەرتی نەوت و گازی هەرێمی کوردستان لاواز بکات" ئەمە بە گوتەی د. جەگەر هەرکی. ڕوونیشی کردەوە، "کەرتی نەوت و گازی هەرێمی کوردستان لەسەر نەخشەی وزەی جیهان جێگەی خۆی کردووەتەوە و پێش ئەوەی بە بڕیارێکی دادگای نێودەوڵەتیی نێوبژیوانیی پاریس هەناردەکردنی ڕابگیرێت، 0.5%ـی هەناردەی نەوتی جیهانی پێک دەهێنا".

ئەو پسپۆڕەی نەوت و گاز دووپاتیشی کردەوە "حکوومەتی عێراق لە بەڕێوەبردنی کەرتی نەوت و گاز سەرکەوتوو نەبووە، چونکە سەرەڕای ئەوەی زیاتر لە سەدا 90ـی داهاتی وڵاتەکە لەسەر نەوتە، کەچی تا ئێستا نەتوانراوە یاسایەکی تایبەت بە نەوت و گاز لە پەرلەمان دەربکرێت، ئەمەش لاوازی حکوومەت لە بەڕێوەبردنی ئەو کەرتەدا پیشان دەدات".  

هەناردەی نەوتی کوردستان لە 25-03-2023وە ڕاگیراوە و هێشتا دەست بە هەناردەکردنەوەی نەکراوەتەوە. پێش ئەوەی هەناردەی نەوتی کوردستان بە بڕیاری دادگەی نێوبژیوانی نێودەوڵەتی لە پاریس ڕابگیرێت، ڕۆژانە 450 هەزار بەرمیل لە ڕێگەی بەندەری جەیهانی تورکیاوە هەناردەی بازاڕەکانی جیهان دەکرا.