بەغدا هەنگاو بۆ سنووردارکردنی قاچاخچێتیی نەوت لە لایەن میلیشیاکانی سەر بە ئێرانەوە دەنێت

حکوومەتی عێراق لەم دواییانەدا ڕێوشوێنی دژ بە پلانێکی بەرفراوان گرتەبەر بۆ ڕێگرتن لە بردنی نەوتی حکوومەت بۆ میلیشیاکان لە ڕێگەی کارگە وەهمیەکانەوە.

هەروەک مایکل نایتس، هاوکارێکی باڵای پەیمانگای واشنتۆن بۆ سیاسەتی ڕۆژهەڵاتی نزیک، لە ڕاپۆرتێکی ئەم دواییەدا بە وردی باسی لەوە کردووە "ئەم هەنگاوە بریتییە لە داخستنی بەپەلەی کارگەکانی قیر کە پەیوەندییان بە گروپە تیرۆریستییەکانی سەر بە ئێرانەوە هەیە کە لە عێراقدا چالاکن".

نایتس ڕوونی کردەوە "لیژنەی وزەی وەزاری لە کابینەی عێراق بە سەرۆکایەتیی محەممەد شییاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، لە ڕۆژانی 15 و 22ی تەمموز دوو دانیشتنی سەرەکی کرد".

لەم کۆبوونەوانەدا، لیژنەکە، کۆمەلێک بڕیاری 'زۆر بەپەلە'ی پەسەند کرد بوون کە ئامانجیان سنووردارکردنی ڕاگوێزران و بردنی بەرفراوانی نەوتی سووتەمەنی حکوومەت بوو بۆن ئەو کارگە وەهمییانەی کە پەیوەندییان بەو گروپانەوە هەیە کە لە لایەن ئەمەریکا وەک گروپی تیرۆریستیی  دەستنیشان کراون، وەک کەتائیب حزبوڵا و عەسائیب ئەهلی حەق.

بەڵام ڕاپۆرتی نایتس نەیتوانی ڕوونی بکاتەوە کە ئەو پلانە کەی دەستی پێ کردووە، هەرچەندە ئاماژەی بەوە کردووە کە لە سەردەمی سەرۆکوەزیرانی پێشووی عێراق، مستەفا کازمی، ئەو کارە بە شێوەیەکی بەرچاو کەم کراوەتەوە.

تێگەیشتن لە شکستی ئەمریکا لە بەرەنگاربوونەوەی ئێران لە عێراق

بە ئەگەرێکی زۆرەوە، بردنی نەوتی عێراق لە سەردەمی سەرۆکی ئەمەریکا باراک ئۆباما (2009-17) دەستی پێ کردووە و لەو کاتەوە بەردەوام بووە.

هۆکاری زۆر باش هەبوو بۆ ڕووخاندنی سەدام حسێن و ڕژێمەکەی، کە ڕەگ و ڕیشەی لە هۆکارە تەقلیدییەکانی ئاسایشی نیشتمانیدا هەبوو. بەڵام سەرۆک جۆرج بوش کە ئۆپەراسیۆنی ئازادی عێراقی دەست پێ کرد، نەیتوانی هۆکارەکانی پشت ڕووخاندنی ڕژێمەکەی سەدام زۆر بە باشی بخاتە ڕوو.

ئەگەر ئەو کارەی بە باشیی بکردایە، بەو مانایە دەبوو کە باوکی، سەرۆکی پێشووتری ئەمەریکا جۆرج بوشی باوک، هەڵەیەکی گەورەی کردووە لە کۆتاییهێنان بە شەڕی ساڵی 1991 لەگەڵ سەدام و هێشتنەوەی لە دەسەڵاتدا و پشتیوانینەکردنی ئەو ڕاپەڕینە جەماوەرییانەی کە هەر زوو دوای ئەوە سەریان هەڵدا.

بیل کلینتۆن، لە ساڵی 1993 شوێنی بوشی باوک گرتەوە کە بە بوش 41 ناسراوە، هەرچەندە کلینتۆن لە کاتی بانگەشەی هەڵبژاردنەکانی ساڵی 1992دا گلەیی ئەوەی کردبوو کە دەبوو بوش 41 لە کاتی شەڕدا سەدامی لەناو بردبایە، بەڵام کاتێک بە سەرۆک هەڵبژێردرا، کلینتۆن هیچی نەکرد. ئەو نەیدەویست مامەڵە لەگەڵ سەدامدا بکات.

لەگەڵ بڵاوبوونەوەی زانیارییەکاندا، کە سەدام ڕەنگە کێشەیەکی جیددی دروست بکات، هەرزوو ئەم دەنگۆیانە پشتگوێ خران. مارتن ئیندیک، کە بەم دواییە لە تەمەنی 73 ساڵیدا کۆچی دوایی کرد، وەک یەکەم ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی کلینتۆن بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کاری کردووە. ئیندیک بەوە ناسرابوو کە بە توندی هەڵوێستی ئیدارەی کلینتۆن سەبارەت بە سەدام جێبەجێ دەکرد، ئەمەش ڕاستییەک کە هەندێک تاک ڕاستەوخۆ ئەزموونی کرد.

یەکێک لەو کەسانە پۆڵ وۆڵفۆڤیتز، بوو کە لە سەردەمی بوشی 41دا ژمارە سێی ئیدارەی بوشی باوک بووە لە وەزارەتی بەرگری و لە سەردەمی کوڕەکەیدا، جۆرج بوش کە زۆرجار بە بوشی ٤٣ ناودەبرێت، بۆ پلەی دووەم بەرز دەبێتەوە.

ئیندیک، کە پێداگیریی لەو هەڵوێستە دەکرد کە سەدام هیچ هەڕەشەیەک نییە، دواتر دژی ئۆپەراسیۆنی ئازادکردنی عێراق (Operation Iraqi Freedom - OIF) بووەوە. هەروەها چەندین بەرپرسی باڵای کۆمارییەکان هەبوون، کە لە ئیدارەی بوش 41 خزمەتیان کردبوو و دواتر وەک ئیندیک هەمان هەڵوێستیان لە دژایەتیکردنی OIF نیشان دا.

بەم شێوەیە بۆ ئەوەی بوش 43 ڕوونی بکاتەوە کە بۆچی پێویستە سەدام بڕووخێ، ئەوە بوو کە بڕیاری دا هەم کۆمارییەکان و هەم دیموکراتەکان نامۆ بکات، چونکە هەردوو لایەن سەبارەت بە عێراق هەڵەی جددییان کردبوو.

جگە لەوەش، ئیدارەی بوش 43 گەیشتە ئەو باوەڕەی کە ڕووخاندنی سەدام ئاسان دەبێت.

باراک ئۆباما، کە لە ساڵی 2004 بۆ ئەنجوومەنی پیرانی ئەمەریکا هەڵبژێردرا، دژی ڕێکخراوی OIF بوو و پێدەچوو ڕەوتی شەڕەکە بڕیارەکەی پشتڕاست بکاتەوە. بە دڵنیاییەوە رووخاندنی رژێمی سەدام ئەوەندەش ئاسان نەبوو کە ئیدارەی بوش باسی دەکرد.

دوای ئەوەی ئۆباما لە ساڵی 2009 بوو بە سەرۆک، پێ وابوو کە گرنگە پەیوەندییەکی باش لەگەڵ ئێراندا دروست بکرێت بۆ ئەوەی ڕێگری لە هەر سەرۆکێکی کۆماریخوازی ئایندە و ئیمپاڵسیڤ - وەک  بوش - نەتوانێت شەڕێکی قورس و ناپێویست لەگەڵ ئەو وڵاتەدا دەست پێ بکات.

لە کاتێکدا ئیدارەی بوش 43 چالاکانە هەوڵی بەرپەرچدانەوەی هەوڵەکانی ئێرانی دا بۆ درێژکردنەوەی کاریگەرییەکانی لە عێراق، ئیدارەی ئۆباما بە پێچەوانەوە هیچ هەولێکی نەدا بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەم کاریگەرییانە. لە سەردەمی سەرۆکایەتی ئۆبامادا، بە ڕێبازی سازشکارییەکەی، ئێران توانی کاریگەریی خۆی لە عێراقدا بە شێوەیەکی بەرچاو بەهێز بکات.

پلانی دابینکردنی بودجە بۆ میلیشیاکانی لایەنگری ئێران بە کەڵک وەرگرتن لە نەوتی عێراق

پلانەکە ئۆرگانە سەرەکییە حکومەتییەکانی لەخۆگرتبوو، لەوانە وەزارەتی نەوت، وەزارەتی پیشەسازی و کانزاکان، و سەنتەری ئۆپەراسیۆنە نیشتمانییەکانی سەرۆکوەزیران (PM-NOC.) ئەم قەوارانە بڕێکی زۆر لە نەوتی سووتەمەنی حکومەتی پاڵپشتیکراویان بۆ کارگەکانی قیری عێراق تەرخانکرد، زۆرجار لەسەر بنەمای ئیدیعای زیادەڕەوی لە تواناکانی کارکردنیان. ئەمەش ڕێگەی دا زۆربەی سووتەمەنیەکە بگوازرێتەوە بۆ هەناردەکردنی نایاسایی، ئەمەش بەپێی حیساباتی نایتس ساڵانە زیاتر لە ٩٠٠ ملیۆن دۆلار داهاتی میلیشیاکان بووە.

بەڵام مانگی ڕابردوو حکومەتی سوودانی لەناکاو ڕێڕەوی خۆی گۆڕی. لیژنەی وەزاری بۆ وزە (MEC) فەرمانی دا لێکۆڵینەوەی دەستبەجێ لە توانا ڕاستەقینەکانی کارگەکانی قیر بکرێت؛ لە دەرەنجامدا بڕیار بە کەمکردنەوەی تەرخانکردنی سووتەمەنی درا بۆ 60%ی تواناکانیان تاوەکوو پێداچوونەوەکە تەواو بکرێ و نرخی سووتەمەنی پاڵپشتیکراو بۆ 369 دۆلار بۆ هەر تۆنێک بەرز کردەوە.

نایتس، بانگەشەی ئەوە دەکات کە حکومەتی عێراق هاندراوە بۆ ئەوەی هەنگاو بنێت، چونکە خەریک بوو ئەو پلانە ئاشکرا بێت و ئەوەش زۆر شەرمەزارکەر دەبوو.

بەڵام نایتس هیچ وردەکارییەک پێشکەش ناکات بۆ پشتگیریکردن لەم ئەنجامە و ڕوونکردنەوەی دیکەش ئەگەری هەیە، وەک ئەوەی حکومەتی ئەمریکا تەنها داوای لە سوودانی کردووە چارەسەری کێشەکە بکات.

سوودانی لە دۆخێکی سەختدایە، چونکە واشنتون ڕێگەی بە ئێران دا پێگەی خۆی لە عێراقدا بەهێزتر بکات پێش ئەوەی دەست بەکار بێت. هەرچەند کازمی پێش سوودانی هەنگاوی لە دژی ئەم کاریگەرییە گرتەبەر، بەڵام تەنیا توانی کەمی بکاتەوە نەک بنبڕی بکات، ئەمەش ڕەنگدانەوەی دەسەڵاتی بەرچاوی توخمە لایەنگرەکانی ئێرانە لە چوارچێوەی عێراقدا.

جگە لەوەش، کازمی لەڕاستیدا بۆ پۆستی سەرۆک وەزیران هەڵنەبژێردرا. بەڵکو عادل عەبدولمەهدی کە لە ساڵی 2018 بە سەرۆکوەزیرانی عێراق هەڵبژێردرا، ڕووبەڕووی ناڕەزایەتیی جەماوەری بووەوە لە دژی گەندڵی و ناکارایی حکوومەت و ئەویش لە ساڵی 2020 دەستی لە کار کێشایەوە، دواتر سەرۆک کۆماری عێراق کازمی هەڵبژارد بۆ پڕ کردنی پۆستی سەرۆک وەزیرانی عێراق.

سوودانی یەکەم سەردانی بۆ پایتەختێکی ڕۆژئاوایی کرد کاتێک لە مانگی نیساندا چووە واشنتۆن و پێدەچێت سەردانەکە تاڕادەیەک باش بەڕێوە چووبێت. بەم شێوەیە پێناچێت سوودانی کەسایەتییەکی لایەنگری ئێران و دژە ئەمریکایی دەربکەوێ.

جگە لەوەش، سوودانی بە پاڵپشتی سەرۆک بارزانی، گەورەترین پارتی سیاسی هەرێمی کوردستان، بوو بە سەرۆکوەزیران.

لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی کوردستان24، سوودانی ستایشی سەرۆک بارزانیی کرد بە "یەکێک لە پایەکانی سیاسەت لە عێراق" ناوی برد و گوتی کە "ڕۆڵێکی زۆر گرنگ دەگێڕێت لەو لێکتێگەیشتن و هاوپەیمانییانەی کە ڕێگا بۆ پڕۆسەی سیاسی عێراق خۆش دەکەن".

هەرکەسێک ئاشنای سیاسەتی عێراق بێت، دان بەوەدا دەنێت کە ستایشی وەها بەرز بۆ سەرۆک بارزانی ناتوانێ لە کەسێکەوە بێت کە بە توندی دژە ئەمریکی و هاوکات لایەنگری ئێران بێت.


پێداچوونەوە بە ناوەڕۆکی ڕاپۆرت: لۆری میلڕۆی