وەزیری دارایی عێراق: دوو ڕۆژی داهاتوو مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم دەنێرین

دیناری عێراقی
دیناری عێراقی

وەزیری دارایی عیراق بە ئەندامانی لیژنەی دارایی ڕاگەیاندووە لە ماوەی دوو ڕۆژی داهاتوودا مووچەی فەرمانبەرانی مەدەنی هەرێمی کوردستان خەرج دەکرێت.

ئیخڵاس دلێمی، جێگری سەرۆکی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆ سێشەممە، 13-08-2024ـی لیژنەی دارایی لەگەڵ تەیف سامی، وەزیری دارایی فیدراڵی، پرسیاری مووچەی فەرمانبەران لە وەزیری دارایی کراوە و ئەویش لە وەڵامدا گوتوویەتی "وردبینیی لە لیستی فەرمانبەرانی مەدەنی لەلایەن دیوانی چاودێریی داراییەوە تەواو کراوە و لیستەکە نێردراوە بۆ وەزارەتی دارایی".

بە گوێرەی هەمان سەرچاوەی کوردستان24؛ تەیف سامی ئاماژەی بەوەش کردووە "لە ماوەی دوو ڕۆژی داهاتوودا مووچەی فەرمانبەرانی مەدەنی ڕەوانەی هەرێمی کوردستان دەکرێت".

لەبارەی مووچەی هێزە ئەمنییەکانیش، وەزیری دارایی عێراق ڕایگەیاندووە، "وربینیی لە لیستی مووچەی هێزە ئەمنییەکان بەردەوامە و لە ماوەیەکی نزیکدا تەواو دەبێت".

جێگری سەرۆکی لیژنەی دارایی باسی لەوەش کرد، پرسیارێکی دیکە کە لە وەزیری دارایی عێراق کراوە، کێشەی نەبوونی سیولە (پارەی نەختینە) بووە و لە وەڵامدا گوتوویەتی "وەزارەتی دارایی کێشە نەبوونی نەختینەی نییە و مووچەی فەرمانبەرانی عیراق بە گشتی و فەرمانبەرانی هەرێمیش هیچ مەترسییەکی لەسەر نییە".

بە گوێرەی ئامارەکانی وەزارەتی دارایی و ئابووریی؛ هەرێمی کوردستان یەک ملیۆن و 114 هەزار و 194 مووچەخۆری هەیە و کۆی مووچەی مانگانەیان دەبێتە نزیکەی 913 ملیار دینار.

بە گوێرەی ڕێککەوتنێکی نێوان هەردوو حکوومەتی هەرێمی کوردستان و فیدراڵی، پێویستە هەرێمى کوردستان تەواوى داهاتى ناوخۆ و 50%ى داهاتە خاڵە سنوورییەکان رادەستى حکومەتى فیدراڵى بکات؛ لە بەرانبەردا بەغدا مانگانە مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم دابین دەکات.